بەندکراوێکی سیاسیی کورد زیاتر لە ٥ ساڵە بێ مۆڵەتی سەردان لە بەندیخانە دایە

0
1412

مرۆڤایەتی: بەندکراوی سیاسیی کورد، “خەلیل ڕەزایی” کە سزای ٩ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپاوە، ماوەی زیاتر لە ٥ ساڵە، بێ ئیزنی سەردان لە بەندیخانەی کاروونی ئەهواز لە بەندیخانە دایە.

بەپێی هەواڵی هەواڵنێری “مرۆڤایەتی:، خەلیل ڕەزایی، تەمەن ٤٤ ساڵان و خەڵکی باژێڕی سەقز کە لەمانگی گوڵانێ 1390ی هەتاوییەوە لە لایەن هێزە ئاسایشیەکانی باژێڕی سەقزەوە دەستبەسەر کراوە، ماوەی ٣ مانگ لە بازداشگەی ئیتلاعاتی سەقز لە ژێر لێکۆڵینەوە و ئەشکەنجەدا بووە.

دوای ٣ مانگ ئەشکەنجە و ئازار، لقی ١ـی دادگای شۆڕشی باژێڕی سەقز، بە تاوانی ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردیە دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و چالاکی بە دژی ئاسایشی ئێران، ٩ ساڵ سزای بەندیخانە و دوورخرانەوە بۆ بەندیخانەی کاروونی ئەهوازی بەسەردا سەپاند.

کەسێکی نزیک لە بنەماڵەی ڕەزایی لەمبارەوە بە هەواڵنێری مرۆڤایەتی گوت: “خەلیل ئێستا چوارەمین ساڵی بەندیخانەی خۆی تێدەپەڕێنێ و کاتی دەستبەسەربوونیش پارێزەرێکی داسەپێندراوی هەبووە و پارێزەرەکە لە دادگا هیچ هەوڵێکی بۆ بەرگری کردن لە خەلیل نەداوە”

سەرچاوەی هەواڵی مرۆڤایەتی لەمەڕ دۆخی خەلیل ڕەزایی لە بەندیخانە گوتی: “خەلیل لە بەندیخانە لە دۆخێکی زۆر نەگونجاو دایە و تا ئێستاش ژوورەکەی لە ژووری زیندانیە مەترسیدارەکان و مرۆڤکوژ و تووشبووانی مادە هۆشبەرەکان جیا نەکراوەتەوە و سەرڕەڕای ئەوەش نەخۆشیی میعدەی هەیە و دۆخی زۆر ئاڵۆزە”.

ئەو سەرچاوەیە لەمەڕ بەدواداچوونی پزشکی بۆ ئەو زیندانیە سیاسییە کوردە لە لایەن بەرپرسانی زیندان و هەروەها دۆخی بنەماڵەی خەلیل گوتی: “تا ئێستا بەرپرسانی بەندیخانە بە هەموو شێوەیەک پێشیان بە چارەسەریی پزشکی بۆ خەلیل لە دەرەوەی بەندیخانە گرتووە و هەر ئێستاش دۆخی خەلیل ناڕوونە. خەلیل دوو منداڵی وردی هەیە و دۆخی ئابووریی خێزانی و منداڵەکانی زۆر نالەبار و نەشیاوە”.