سزای لەسێدارەدانی ژنێکی کورد بە هۆی گوشاری ڕێکخراوە جیهانییەکانی مافی مرۆڤ، ڕاوەستا

0
1219

مرۆڤایەتی: ڕێکخراوی لێبووردەیی نێونەتەوەیی لە ڕاگەیێندراوێکدا هەواڵی ڕاوەستانی سزای سێدارەی زەینەب سەکاوەند، ژنە کوردی زیندانیی تەمەن ٢٢ ساڵانی ڕاگەیاند.

لە ڕاگەیێندراوەکەی لێبووردەیی نێونەتەوەییدا هاتووە: “بە هەوڵ و تێکۆشان و گوشاری نەبڕاوەی ڕێکخراوی لێبووردەیی نێونەتەوەیی لەسەر کۆماری ئیسلامی، مەترسی لەسێدارە دانی زەینەب سەکاوەند، جارێ ڕاوەستاوە”.

لەو ڕاگەیێندراوەدا هەروەها باس لە هەوڵی چالاکانی مافی مرۆڤ و هەروەها ئێرانیەکانی نیشتەجێی وڵاتی نۆروێژ دەکات و دەڵێ: “لە وڵاتی نۆروێژ، 40 هەزار واژۆ بۆ پشتگیری لە زەینەب سەکاوەند کۆکراوەتەوە و دراوە بە سفارەتی ئێران لەو وڵاتە”.

زەینەب سەکاوەند کە بە تاوانی کوشتنی مێردەکەی دەستبەسەر بووە و دەڵێ لە ژێر گوشاردا دانی بەو تاوانە داناوە، تا ئێستا مافی گرتنی پارێزەری نەبووە بەڵام بەپێی ڕاپۆرتی لێبووردەیی نێونەتەوەیی، ئێستا زەینەب مافی گرتنی پارێزەری هەیە و بە پێی مادەی 91 لە یاسای سزادانی ئیسلامی، دۆسیەکەی کەوتۆتەوە گەڕ”.

بەپێی مادەی 91ی سزادانی ئیسلامی :لەو تاوانانەدا کە سزاکەیان حەد یان تۆڵەبە تۆڵەیە، ئەگەر هات و کەسەکە تەمەنی لەژێر ١٨ ساڵان بوو و چیەتیی تاوانەکەیان نەزانیبوو یان حورمەتی تاوانەکەیان نەزانی ولێی تێنەگەیشتبن یان گومانێک لە ئاقڵ و تێگەیشتوویی کەسەکاندا هەبێ، بەپێی دۆسیەکە و بە سەرنج دان بە تەمەنی کەسەکان، هەندێ سزای تریان بۆ دەبڕدرێتەوە”.

بەپێی ڕاگەیێندراوی لێبووردنی ناونەتەوەیی، لە ئەمساڵی زایینیدا تا ئێستا ٧ دۆسیەی لەبەردەم سێدارە کە لە ژێر تەمەنی یاسایی دا بوون، بە هۆی گوشاری ئەو ڕێکخراوەیە، ڕاوەستاون و پێش بە لەسێدارەدرانەکە گیراوە.

زەینەب سەکانوەند لەکران، لە دایک بووی ساڵی 1373ی هەتاویە و لە تەمەنی 15 ساڵان بە زۆرەملی شووی بە کەسێکی بەتەمەنتر لە خۆی کردووە و دوای دوو ساڵ ژیانی هاوبەش، لە تەمەنی 17 ساڵان و لە ڕێکەوتی 11ی ڕەشەممە ساڵی 1390ی هەتاوی بە تاوانی کوشتنی مێردەکەی دەستبەسەر کراوە.

ڕێکەوتی ٩ی ڕەزبەری ١٣٩٥ی هەتاوی، کاتژمێر ١٢، زێنەب بە مەبەستی زاووزێ، لە بەندی ژنانی بەندیخانەی ئورمیەوە بردراوەتە یەکێک لە زیندانەکانی ئورمیە و دواتر گوترا کە منداڵەکە بە مردوویی لە دایک بووە و دوای ئەوە ڕۆژی دووشەممە 12ی ڕەزبەری 1395ی هەتاوی، پێیانڕاگەیاندووە کە بە زوویی سزای سێدارەکەی جێ بە جێ دەکرێت.