مانگێکە کچە خوێندکارێکی کورد دەستبەسەر کراوە و تا ئێستاش بێ سەر و شوێنە

0
909

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە مرۆڤایەتی، پەرەستوو حاجیان، کچی نادر، تەمەن ٢٤ ساڵان و خەڵکی باژێڕی سەقز، ماوەی مانگێک بەر لە ئێستا لە لایەن مەئموورەکانی ئیتلاعاتی ئەو باژێڕەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگواستراوە.

مرۆڤایەتی: ئەو خوێندکارە کوردەی خەڵکی سەقز، ڕێکەوتی 24ی خەرمانانی 1395ی هەتاوی لە لایەن جلک شەخسییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراوە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە کەلە سەرچاوەیەکی جێگای بڕواوە بە مرۆڤایەتی گەیشتووە، مەئموورە ئەمنیەتییەکان لە حاڵێکدا ئەو کچە خوێندکارە کوردەیان دەستبەسەر کردووە کە ماوەی 6 ڕۆژ بووە بە هۆی ئازاری گورچیلە لە نەخۆشخانەی سەقز لە ژێر چاوەدێریی پزشکی دابووە.

لە کاتی دەستبەسەرکرانی پەرەستوو حاجیان، مەئموورەکان هیچ چەشنە مۆڵەتێکی دادوەرییان پێ نەبووە و سەرەڕای ئەوەش ماڵەکەیان بە تەواوی گەڕاون و هەندێک کەرستەی تاکەکەسیی ناوبراو وەک لەب تاب و فلاش مێمۆری و پەرتووکەکانیان لەگەڵ خۆیان بردووە و دەستیان بەسەردا گرتوون.

تا ئێستا و سەرەڕای سەردانی سەرجەم شوێنە پەریوەندیدارەکانی باژێڕی سەقز لە لایەن بنەماڵەی ئەو کچە کوردەوە، هیچ بنکەیەکی ڕژیم بەرپرسیارەتیی ناوبراوی وەئەستۆ نەگرتووە و ئەوەش بۆتە هۆکاری دڵەڕاوکێی زیاتری بنەماڵەکەی.

 پەرستوو حاجیان، خوێندکاری زانکۆی پەیامی نووری سنە بووە و بە هۆی چالاکیی سیاسی، مانگی جۆزەردانی ساڵی پار لە زانکۆ دەرکراوە و دوای ئەوەش بەردەوام لە ژێر چاوەدێریی بنکە تەناهییەکانی ڕژیمی ئێراندا بووە و دوای دەستبەسەرکرانی لە ڕێکەوتی 24ی خەرمانانی 1395ی هەتاوییەوە تا ئێستا هیچ هەواڵ و زانیارییەک لە دۆخی ناوبراو، شوێنی ڕاگیران و هۆکاری دەستبەسەرکرانی لەبەر دەست دا نیە.