لانیکەم 10 زیندانی ئەمڕۆ لە بەندیخانەی قزلحەسار لە دار دراون

0
1119

مرۆڤایەتی: بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە 28ی ڕەزبەری 1395ی هەتاوی، لانیکەم ١٠ زیندانی بە تاوانی مادە هۆشبەرەکان لە بەندیخانەی قزلحەساری کەرەج لە دار درون.

ئەو لەسێدارەدانە بە کۆمەڵە لە حاڵێکدا ئەنجام دەدرێ کە دەزگای دادوەریی ئێران و نوێنەرانی پارلمان لە چەند حەوتووی دواییدا باسیان لە هەبوونی گەڵاڵەیەک بۆ ڕاگرتنی لەسێدارەدانی زیندانیی مادە هۆشبەرەکان هێناوەتە ئاراوە.

بەیانیی ڕۆژی دووشەممە 26ی ڕەزبەر، بەشێک لە زیندانییەکانی قزلحەساری کەرەج کە لەنێوان ٨ تا ١٧ کەس بەراورد کراون، بە مەبەستی بەڕێوەبردنی سزای سێدارە لەسەریان، بۆ ژوورە تاکەکەسییەکانی ئەو بەندیخانەیە ڕاگواسترابوون.

بەپێی هەواڵەکان، لانیکەم ١٠ کەس لەو زیندانیانە کە بەشی هەرە زۆریان لە بەشی ٢ـی بەندیخانەی قزلحەسار و بەندیخانەی تێهرانێ بۆزۆرگ، بە تاوانی مادە هۆشبەرەکان، ڕاگیرابوون، بەیانیی ئەمڕۆ لە حەوشەی بەندیخانەی قزلحەساری کەرەج، لە دار دراون.

شوناسی ٩ کەس لەو کەسانە بریتییە لە: حەمید بابایی، پەیمان سەبەلان، غوڵام پیرزادە، حەمید نەزەری، عەباس کەرەمی، گەنجعەلی چکەزادە گراوەند و کەسێکی تر بە نازناوی زەنجانی.

سەرچاوەیەکی ئاگادار ڕایگەیاندووە کە حەمید نەزەری لە کاتی لە سێدارەدرانی داوای چۆڕێک ئاوی کردووە بەڵام بەرپرسانی زیندان و بەڕێوەبەرانی سزای سێدارەکەی، پێیان نەداوە.