چالاکێکی سیاسیی کورد بە هۆی ئەشکەنجەی ڕژیم، بۆ جاری دووهەم نەشتەرگەری بۆ کرا

0
1089

مرۆۆڤایەتی: بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە مرۆڤایەتی، چالاکێکی کوردی کوردستانی خۆرهەڵات کە زیندانی سیاسی بووە، دوای دەربازبوونی لە ئێران و گەیشتن بە وڵاتی دانمارک، بە هۆی ئاسەواری قورسی ئەشکەنجەی ڕژیم لە کاتی دەستبەسەرکراندا، بۆ جاری دووهەم نەشتەرگەری بۆ کراوە.

محەممەد مەسعوودی ناسراو بە ڕێبوار، زیندانیی سیاسیی کورد، دوای گەیشتنی بە وڵاتی دانمارک لە ماوەی چەند مانگ دا، بە هۆی ئەشکەنجەی بەردەوام و جیاواز و قورس لە سەردەمی زیندان و دەستبەسەرکرانی لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی رژیمی ئێران، بۆ جاری دووهەم نەشتەرگەریی بۆ کراوە .

ناوبراو ساڵی 1392ی هەتاوی بە تاوانی ئەندامەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا، لە لایەن هێزەجل شەخسییەکانی وەزارەتی ئیتلاعات لە باژێڕی ڕوانسەر دەستبەسەر کراوە و بۆ ماوەیەکی درێژخایەن لە زیندانی مەیدان نەفتی کرماشان لەژێر ئازار و ئەشکەنجەدا بوو.

بەهۆی ئەشکەنجەی لەڕادەبەدەری ناوبراو لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕژیمی ئێران، بەشێک لە جومگەکانی ئەو چالاکە سیاسیە کوردە شکاون و لە هەمان کاتدا بە هۆی پێڕانەگەیشتنی پزیشکی و نەبوونی چارەسەریی پێویست، دۆخی برینەکانی بەرەو ئاڵۆزتر بوون چووە.

دەگوترێ محەممەد مەسعوودی (ڕێبوار) لە دایک بووی ساڵی ١٣٦٤ی هەتاوی لە باژێڕی جوانڕۆ و ئەندامی نهێنیی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران بووە و لە ئێستادا لە وڵاتی دانمارک داوای پەنابەری کردووە.