کوشتنی بەئانقەست و سیستماتیکی کۆڵبەرانی کورد، بەردەوامە

0
1209

لە سەرەتای مانگی ڕەزبەری 1395ی هەتاوییەوە، دوو کۆڵبەری گەنجی کوردی تەمەن 21 ساڵان لە سنوورەکانی بانە، کوژراون.

مرۆڤایەتی: بەپێی هەواڵەکان، لاوێکی تەمەن ٢١ ساڵانی خەڵکی باژێڕی بانە بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە دژەکوردییەکانی کۆماری ئیسلامی لە سنوورەکانی ئەو باژێڕە، گیانی لە دەست داوە.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری بانە لەمبارەوە ڕایگەیاندووە: هێزەکانی سپا لەو گوندە بۆسەیان بۆ کۆڵبەران دانابوو.

شوناسی ئەو هاونیشتمانیە کوردە، مەهدی ڕەحیم زادە، کوڕی ئەحمەد، تەمەن 21 ساڵان و خەڵکی گوندی ئەبوولحەسەنی باژێڕی بانە، ڕاگەیێندراوە.

لەشی پێکراوی ئەو لاوە کوردە بەر لە گەیاندنی بۆ ناوەندی دەرمانیی شاری بانە، سارد بۆتەوە و کۆچت دوایی کردووە.

پێشتریش لاوێکی بانەیی بە ناوی “جەمیل عەبدووڵانەژاد”، کوڕی ساڵح و تەمەن 21 ساڵان ، ڕۆژی پێنج شەممە 1ی ڕەزبەری 1395ی هەتاوی، لە خاڵە سنوورییەکانی بانە، بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم، بێ هیچ هۆشداری و داوای ڕاوەستانێک،  تەقەی لێکرا و کوژرا.

بەپێی سەرچاوەی هەواڵی “مرۆڤایەتی”، هێزەکانی ڕژیم، دەستیان بەسەر سەرجەم کەلوپەلەکانی ئەو کۆڵبەرە لاوە کوردە کە بریتی بووە لە کەل و پەلی کارەبایی، داگرتووە و تا کاتی بڵاو کردنەوەی ئەو هەواڵە، تەرمی ناوبراویان ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکردووە.

.