کچە خوێندکارێکی کوردی مهاباد، ٥ مانگە دەستبەسەر و چارەنووس ناڕوونە

0
1504

مرۆڤایەتی: بەپێی هەواڵی هەواڵنێری “مرۆڤایەتی” لە باژێڕی مهاباد، کچە خوێندکاری کورد، “کەژاڵ حوسێنی”، کچی سالار، تەمەن 28 ساڵان و خوێندکاری بواری کامپیۆتێری زانکۆی تەورێز، لە ڕێکەوتی 6ی جۆزەردانی ئەمساڵەوە لە لایەن ئیتلاعاتی سپاوە دەستبەسەر کراوە و تا ئێستاش بێ سەروشوێنە.

یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەی حوسێنی لە مهاباد، لەمبارەوە بە هەواڵنێری “مرۆڤایەتی” ڕاگەیاندووە: “کاتژمێر 11ی شەوی سێ شەممە 6ی جۆزەردانی 1395ی هەتاوی، 3 کەس لە بەکرێگیراوانی ئیتلاعاتی سپای مهاباد، بێ ئەوەی کە هیچ مۆڵەتێکی دادوەریان پێ بێ، چوونە ناو ماڵەوە و لە کاتی دەستبەسەربوونیدا، “بێ ڕێزی و ئازاردان” نەما پێی نەکەن و بە زۆرەملی پەلکێشیان کردووە و بۆ شوێنێ نادیاریان ڕاگواستووە و ئێستا ماوەی ٥ مانگی ڕەبەقە لەلایەن بەکرێگیراوانی ئیتلاعاتی سپای مهابادەوە دەستبەسەرە و هیچ زانیاری لێ نیە تەنیا ئەوەندە نەبێ کاتی دەستبەسەرکرانی، یەکێک لە بەکرێگیراوەکانی ئیتلاعاتی سپا بە دایکی کەژاڵی گوتووە: “کچەکەت لەگەڵ حیزبە کوردییەکان هاوکاری و پەیوەندی هەیە”.

سەرچاوەکەی “مرۆڤایەتی” هەروەها گوتیشی: “لە ماوەی ئەو ٥ مانگەدا، بنەماڵە، شوێن نەماوە سەردانی نەکەن و هەواڵی کەژاڵ نەگرن بەڵام تا ئێستاش بچوکترین زانیاری لەمەڕ شوێنی ڕاگیران و دۆخی جەستەیی و دەروونیی کەژاڵ، لەبەردەستدا نیە”.

ئەو سەرچاوە نزیک و ئاگادارەی دەستبەسەرکرانی کەژاڵ حسێنی و دۆخی بنەماڵەکەی هەروەها بە “مرۆڤایەتی” گوت: “نزک مانگێک لەمەوە پێش، یەکێک لە نزیکەکانی بنەماڵە، پێیڕاگەیاندین کە ماوەی ٢ مانگە کچەکەتان ڕاگواستراوە بۆ بەندی سپا لە تاران، بەڵام باوکی بنەماڵە سەردانی بەندی ٢ی سپا لە تارانی کردووە و ئەوان ڕەتی دەکەنەوە کەژاڵ لەوێ بێ”.

تا ئێستا و سەرەڕای بەدواداچوونی زۆر، چارەنووسی کچە خوێنکاری کوردی مهابادی و مەنیژە فاتحی، کچە خوێندکاری کوردی سەقزی لەبەردەست دانیە.

مەنیژە فاتحی، کچی بەهمەن، تەمەن ٢٢ ساڵان،  ڕێکەوتی 15ی ڕەشەممەی 1394ی هەتاوی لەلایرن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی باژێڕی بۆکان دەستبەسەر کراوە و تا ئێستاش هیچ هەواڵێک لە دۆخی ناوبراو وتاوان و چارەنووسی لەبەردەستدا نیە.