دەستبەسەرکردنی لاوانی کورد لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕژیم، بەردەوامە

0
952

مرۆڤایەتی: بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هێزە ئەمنیەتییەکانی شاری ئیلام ئێوارەی ڕۆژی سێ شەممە حەتووی ڕابردوو لاوێکی تەمەن ٢١ ساڵەیان بە ناوی سەجاد تابانی دەستبەسەر کرد.

مەئموورانی ئیتلاعاتی سپای پاسداران پاش دەستبەسەر کردنی ئەو هاووڵاتییە ئیلامیەیان بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگواستووە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵنێری کوردپا، ئەو هەوڵەی هێزەکانی حکوومەت لە شەقامی “سەدووقی” و لەپەیوەندیی لەگەڵ”حیزبە کوردەییەکانی ئۆپوزسیونی” حکوومەتی بووە.

لە لایەکی دیکەوە هاووڵاتییەک لە شاری مەهاباد لە لایەن هێزەکانی حیفازەت ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراوە.

شوناسی هاووڵاتیی دەستبەسەر کراو داود چەمەنی کوڕی محەممەد ڕاگەیەنراوە و سەرەڕای ٢٤ کاتژمێر بەسەر دەستبەسەر کردنی ئەو هاووڵاتییە بنەماڵەکەی لە چارەنووسی کوڕەکەیان بێ خەبەرن.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەیی ئەم هەواڵە، هۆکاری سەرەکی دەستبەسەر کردنی ئەو هاووڵاتییە تەمەن ٣٢ساڵە بە ناو ڕوونی ماوەتەوە.

لەلایەکی ترەوە بەپێی هەواڵی “کانونی مودافعانی مافی مرۆڤی کوردستان”، ئەو دوو گەنجە، مامۆزای یەکترین و دوای ئەوەی کە لە هەرێمی کوردستان گەڕاونەتەوە، لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕژیم لە باژێڕی سەقز، دەستبەسەر کراون.

شوناسی ئەو دوو هاووڵاتی کوردە  کە ڕێکەوتی 1ی ڕەزبەری 1395ی هەتاوی لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەستبەسەر کراون، “ئەمین شاکری، کوڕی ڕەحمەت، تەمەن 27 ساڵان و سینا شاکری، کوڕی مەحموود، تەمەن 28 ساڵان و خەڵکی باژێڕی سەقز، ڕاگەیێندراوە.

شایەتحاڵان لەمبارەوە گوتوویانە: “مەئموورەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕژیم کە ٤ کەس بوون، سەرەڕای ئەوەی کە کون و کاژێڕی ماڵەکانیان بەتەواوی گەڕاون، لە کاتی دەستبەسەرکردندا، بێ ڕێزییان بەو دوو لاوە کوردە کردووە و لێیان داون”.

سەرچاوەیەک لەمبارەوە ڕایگەیاندووە کە ئەو 2 مامۆزایە تەنیا بەمەبەستی کارکردن لە کوردستانی باشوور بوون و ڕۆژی چوارشەممە 31ی خەرمانانی 1395ی هەتاوی گەڕاونەتەوە باژێڕی سەقز بەڵام ڕۆژی دواتر دەستبەسەر کراون.