سەقز: دوو هاونیشتمانیی کورد لە لایەن هێزەکانی ڕژیمەوە دەستبەسەر کران

0
920

مرۆڤایەتی: لەدرێژەی ڕەوتی بێ پسانەوەی دەستبەسەرکرانی هاونیشتمانیانی کورد لە لایەن هێزە ئەمنیەتی و ئیتلاعاتییەکانی ڕژیمەوە، دوو هاووڵاتیی کوردی باژێڕی سەقز، دەستبەسەر کراون و تا ئێستا چارەنووسیان نادیارە.

بەپێی هەواڵی “کانونی مودافعانی مافی مرۆڤی کوردستان”، ئەو دوو گەنجە، مامۆزای یەکترین و دوای ئەوەی کە لە هەرێمی کوردستان گەڕاونەتەوە، لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕژیم لە باژێڕی سەقز، دەستبەسەر کراون.

شوناسی ئەو دوو هاووڵاتی کوردە  کە ڕێکەوتی 1ی ڕەزبەری 1395ی هەتاوی لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەستبەسەر کراون، “ئەمین شاکری، کوڕی ڕەحمەت، تەمەن 27 ساڵان و سینا شاکری، کوڕی مەحموود، تەمەن 28 ساڵان و خەڵکی باژێڕی سەقز، ڕاگەیێندراوە.

شایەتحاڵان لەمبارەوە گوتوویانە: “مەئموورەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕژیم کە ٤ کەس بوون، سەرەڕای ئەوەی کە کون و کاژێڕی ماڵەکانیان بەتەواوی گەڕاون، لە کاتی دەستبەسەرکردندا، بێ ڕێزییان بەو دوو لاوە کوردە کردووە و لێیان داون”.

سەرچاوەیەک لەمبارەوە ڕایگەیاندووە کە ئەو 2 مامۆزایە تەنیا بەمەبەستی کارکردن لە کوردستانی باشوور بوون و ڕۆژی چوارشەممە 31ی خەرمانانی 1395ی هەتاوی گەڕاونەتەوە باژێڕی سەقز بەڵام ڕۆژی دواتر دەستبەسەر کراون.

تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە هیچ زانیارییەک لەمەڕ شوێنی ڕاگیران، دۆخی جەستەیی و دەروونی و هۆکاری دەستبەسەرکرانی ئەو دوو لاوە کوردەی باژیڕی سەقز لەبەردەستدا نیە.