حەبیبووڵا لەتیفی، ماوەی 9 ساڵە لە نێوان مەرگ و ژیاندا، چاوەڕوانە

0
859

مرۆڤایەتی: سزای سێدارەی حەبیبووڵا لەتیفی، زیندانیی سیاسیی کوردی مەحکووم بە سێدارە، سەرەڕای بەڵێنییەکانی بەرپرسانی ڕژیم، هەروا لەسەر جێگای خۆیەتی.

لەتیفی، لە نۆهەمین ساڵی دەستبەسەرکرانیدا هەروا لە نێوان سزای سێدارە و بەڵێنیی لێبووردنی بەرپرسانی ڕژیمدا، لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە ماوەتەوە و تەنانەت مافی چاوپێکەوتنی ڕوولەڕووی بنەماڵەکەشی پێ نادرێ.

حەبیبووڵا لەتیفی، خوێندکاری ساڵی کۆتایی بواری ئەندازیاریی پیشەسازی لە زانکۆی ئیلام، ڕۆژی یەکەمی خەزەڵوەری 1386ی هەتاوی دەستبەسەر کرا و دوای چەشتنی نزیک بە 4 مانگی ژووری تاکەکەسی و ئەشکەنجە، لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی سنە بە سەرۆکایەتیی دادوەر حەسەن بابایی، بە تاوانی موحارەبە و فەسادی فیلئەرز و ئەندامەتیی پژاک، سزای سێدارەی بەسەردا سەپا.

حەبیبووڵا لەتیفی، لە یەکەم ڕۆژەکانی دەستبەسەرکرانیدا بە هۆی ئەشکەنجەی لەڕادەبەدەر تووشی دۆخێکینالەباری جەستەیی هات و تەنانەت وای لێهات کە توانای بەڕێگاداچوونیشی نەما و هەر بۆیەش لە ناو ئابلۆقەی مەئموورانی ڕژیم، بۆ نەخۆشخانەی سنە بەڕێ کرا.

بەپێی لێدوانی یەکێک لە خزمەکانی کە ئەو کات لە نزیکەوە حەبیبووڵای بینیوە، تا ئاستی مەرگ، ئەشکەنجە کراوە.
مانگی بەفرانباری 1389ی هەتاوی، هەواڵی بەڕێوەچوونی سزای بەسەردا سەپاوی سێدارەی حەبیبووڵا بڵاو بۆوە بەڵآم بە هۆی گوشاری بنەماڵە و خزمەکانی و خەڵکی ناڕازی و کۆبوونەوە لەبەر دەم بەندیخانەی سنە، بەڕێوەبردنی سزای سێدارەکەی وەدوا خرا.

دوای ئەوەی کە پارێزەرەکەی حەبیبووڵا داوای چاوپێداخشاندنەوەی کرد و ناڕەزایەتیی خۆی لە هەمبەر ئەو سزایە تۆمار کرد، دۆسیەی حەبیب بۆ دادگای چاوپێداخشاندنەوە ڕەوانە کرا بەڵام هەر لە زستانی هەمان ساڵدا، دادگای پێداچوونەوەش ئەو سزایەی چەسپاند و سزاکە بە مەبەستی پێداچوونەوەی کۆتایی ڕەوانەی دیوانی بەرزی ئێران کرا و لەوێش هەمان سزا چەسپێندرا و پشتڕاست کرایەوە.