هاونیشتمانییەکی بۆکانی، سزای سێدارەی بەسەردا سەپا

0
1482

“میلاد فیرووزپەنا”، کوڕی حەسەن، هاونیشتمانیی تەمەن ٢١ ساڵانی بۆکانی بە تاوانی ڕاگرتن و ڕاگواستنی مادەی هۆشبەر، لە لایەن دادگای باژێڕی بۆکان، سزای سێدارەی بەسەردا سەپا،

مرۆڤایەتی: یەکێک لە نزیکانی میلاد فیرووزپەنا، لەمبارەوە لە وتووێژێکی تایبەتدا بە هەواڵنێری “مرۆڤایەتی: ڕاگەیاند: “ئەم هاونیشتمانییە، ڕۆژی سێ شەممە 18ی ڕەشەممەی 1394ی هەتاوی لە ناوچەیەکی نزیک باژێڕی بۆکان، بە تاوانی هەڵگرتن و ڕاگواستنی 500 گرەم مادەی هۆشبەری شیشە لە لایەن هێزە ئینتزامییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەستبەسەر کراوە بەڵام میلاد هیچ کات ئەو تاوانەی قەبووڵ نەکردووە و سەرەڕای ئەوەش بەو تاوانە، سزای سێدارەی بەسەردا سەپا”.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها بە “مرۆڤایەتی” گوت: “میلاد هەر ئەو گەنجە کوردەیە کە ساڵی 1394ی هەتاوی بە تاوانی هاوکاری و پەیوەندی لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری ڕژیم دەستبەسەر و ماوەی مانگێک لە بازداشتگەی ئیتلاعاتی بۆکان لە ژێر ئەشکەنجە و لێکۆڵینەوە دابوو و دواتر لە لایەن دادگای بۆکان بە دانانی بارمتە ئازاد کرا”.

هەروەها بەپێی زانیارییەکانی “مرۆڤایەتی”، بنەماڵەی فیرووزپەنا لە دادگای بۆکان ڕایانگەیاندووە کە ئەو مادە هۆشبەرە هی کوڕەکەیان نیە و میلاد وەک کەسێکی بەشەڕەف و خاوەن ئابڕوو ژیاوە و گوتووشیانە: “ئێمە لەم دادگایە سوێند دەخۆین کە کوڕەکەمان هیچ کات لە ژیانیدا بۆ لای مادەی هۆشبەر نەچووە و ئەو سزایە نادادوەرانە و نایاساییە”.

سەرەڕای ئەوەی کە میلاد ئەو تاوانەی وەئەستۆ نەگرتووە و بەڵگە و لێدوانی زۆری بۆ دادگا داوە بەڵآم سەرۆکی دادگا ئامادە نەبووە بە هیچ شێوەیەک گوێ بۆ قسەکانی میلاد ڕابگرێ و سزای سێدارەی بەسەردا سەپاندووە.

لە ئەنجامدا ڕێکەوتی 28ی خەرمانانی 1395ی هەتاوی، دادگای بۆکان، سزای سێدارەی بۆ ئەو گەنجە کوردە دەرکردووە و بەسەریدا سەپاندووە.