باوکی دوو منداڵی ئیفلیج، دوای دەرکران لە کار خۆی کوشت

0
862

مرۆڤایەتی: بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە مرۆڤایەتی، لە ماوەی حەوتووی ڕابردوودا، کرێکارێکی کارخانەی ڕێستن لە باژێڕی دیواندەرە لە پارێزگای سنە، دوای ئەوەی لە کار دەرکرا، لە ڕێگای خواردنی حەبی برینجەوە، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

بەپێی هەواڵی بڵاوڤۆکە خۆجێیەکان، بەستام قەزایی کوڕی مەلا ئەحمەد خەڵکی گوندی نسارەی سەر بە دیواندەرە، تەمەن ٤٥ ساڵان و خاوەن ٤ منداڵە و دوای دەرکران لە کارەکەی بە هۆی بێ دەرەتانییەوە خۆی کوشتووە.

بەستام باوکی ٢ منداڵی ئیفلیج بوو کە لە زگماکەوە ئیفلیجن و بەو هۆیەوە لە ژێر گوشارێکی زۆری ئابووری دابووە و دەرکرانی لە کار ئەو گوشارەی چەند قات کردووە و بۆیەش پەنای بۆ خۆکوژی بردووە.

ئەو کرێکارە کوردە، ماوەی ٤ مانگ بوو لە کارخانەی “نیک ئەلیاف|ـی دیواندەرە دەرکرابوو و لەو ماوەیەدا بە گوێرەی زانیارییەکان تووشی گەلێک تەنگ و چەڵەمە و گوشاری ئابووری ببۆوە.