ئورمیە: بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم، دوو هاونیشتمانیی کورد، کوژراو بریندار بوون

0
1134

مرۆڤایەتی: بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە مرۆڤایەتی، بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم لە ترۆمبیلێکی هاووڵاتیانی کوردی ناوچەی سۆماوبرادۆستی باژێڕی ئورمیە، کەسێک کوژراوە و یەکی تریش بریندار بووە.

بەپێی زانیارییەکانی مرۆڤایەتی، کاتژمێر 2:30 دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە 28ی خەرمانانی 1395ی هەتاوی، ترۆمبیلێکی شەخسیی هاووڵاتیانی کوردی ناوچەی سۆماوبرادۆستی سەر بە باژێڕی ئورمیە کەوتە بەر دەستڕێژی هێزەکانی ڕژیم لەو ناوچەیە و لە ئەنجامدا کەسێک کوژراوە و یەکی تریش بریندار بووە.

هەواڵنێری مرۆڤایەتی شوناسی کەسی کوژراوی، ئەرکان سەعیدی کوڕی شەوقی خەڵکی گوندی “گێچێ”ـی سەر بە ناوچەی سۆماوبرادۆستی ئورمیە ڕاگەیاندووە کە برایەکی بەناوی ئەفشار لە ڕیزی یەکێک لە هێزە کوردییەکانی دژبەری ڕژیم دایە.

هەروەها کەسی برینداربوو، لە لایەن هێزەکانی ڕژیمەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگواستراوە.

زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە هێزەکانی ڕژیم بە بیانووی ئەوەی کە ئەو ترۆمبیلە، چەک و تەقەمەنی تێدایە، بێ ئەوەی هۆشدارێکیان پێبدەن یان داوای ڕاوەستانیان لێبکەن، داویاننە بەر دەستڕێژ.