گوشاری هێزە ئەمنییتیەکانی ڕژیم، هونەرمەندێکی کوردی ناچار بە بەجێهێشتنی وڵات کرد

0
1317

هونەرمەندێکی سترانبێژی مهابادی بەهۆی گوشاری هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕژیم، بەناچاری زێد و نیشتمانی خۆی بەرەو هەندەران بەجێهێشت

مرۆڤایەتی: بەپێی هەواڵی مرۆڤایەتی، “مەسعوود مەعرووفی” ناسراو بە “مەسیح،” لەدایکبووی ساڵی ١٣٤٧ی هەتاوی وخەڵکی شاری مەهابادە کە ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوی و دوای ٢٢ ساڵ قەدەغەبوونی دەنگی، دەستی بە ستران چڕین و گۆرانی کردەوە و یەکەم ئاڵبۆمی گۆرانی بەناوی “مەهاباد” بڵاو کردەوە. دوای بڵاوکردنەوەی ئاڵبۆمەکەش، سەبارەت بە ناوەرۆکی گۆرانییەکانی و بەتایبەت گۆرانیی مەهاباد، کەوتە بەر لێپرسینەوەی هێزە ئاسایشییەکانی ڕژیم لە مهاباد و تەنانەت هەڵبژاردنی ناوی “مەسیح‌”یش یەک لە هۆکارەکانی لێپرسینەوە و ئازاردانی ناوبرا بوو.

مەسیح مەعرووفی
مەسیح مەعرووفی

مەسیح مەعرووفی لەمەڕ هۆکاری ناچاربوونی بۆ بەجێهێشتنی وڵات لە وتووێژێکی تایبەت بە ناوەندی مرۆڤایەتی گوتی: “من بە پێی خوێندنەوە و ڕاڤەیەک کە لەسەر مێژووی کورد هەمبووە، چاوم بە خاڵی زۆر گرینگ کەوتووەو بەڕاستی حەیفم دەهات هەروا بە سانایی لیان تێپەر بم و بە ئەرکی خۆم زانی وەک هونەرمەندێکی کورد بەهەموو کوردان و جیهانی ڕابگەیێنم تا بزانن شوناسی ئێمە وەک نەتەوەی کورد  لە ڕابردووی دووردا چی بووە. بەو هۆیەوە بەرهەمی خوێندنەوەو و لێکۆڵینەوەی خۆمم کردم بەهۆنراوە و پاشان بە دووزمانی کوردی و ئینگلیزی وەک گۆرانی چڕیم و بڵاوم کردەوە؛ کە ڤیدیۆی ئەم سترانە لەبەر دەستدا هەیە و خوێنەردان دەتوانن خۆیان لەوێدا ڕاستییە مێژووەکان بدۆزنەوە کە بۆ نەیارانی کورد زۆر تاڵ و گرانە.

ئەو هونەرمەندە کوردەی باژێڕی مهاباد لە دیمانەکەیدا ئاماژەی بە گوشاری هێزە ئەمنییەتییەکان بۆسەر خۆی کرد و گوتی: “چەند ڕۆژی دوای بڵاو بوونەوەی ئەم بەرهەمە، پێم ڕاگەیێندرا کە لە لایەن پۆلیسی ئەمنییەت ڕا بەدوامەوەن، منیش بەناچاری دەستی کچەکەم گرت و لە ئێران وەدەرکەوتین”.

مەعرووفی هەروەها باسی لە بێ دەرەتانیی هونەرمەندانی کورد لە ئێران و گوشاری ڕژیم کرد و گوتی: “بەداخەوە لە کۆماری ئیسلامیدا هونەرمەند ئیزنی نییە ئەوەی لە مێشک و هزری دایە دەریببڕێ و دەبێ زۆربەی هەستەکانی لە خۆی دا بخنکێنێ؛ چونکە بە بەردەوامی لە لایەن حکومەتەوە چاوەدێریی تووندی هونەر و هونەرمەندان دەکرێ”.

مەسیح مەعرووفی کە ساڵی 1393ی هەتاوی بە ڕەسمی دەستی کردوە بە کاری تۆمار کردنی ستران و ئاوازی کوردی، پێشتریش لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕژیمەوە مۆڵەتی سترانبێژی و تۆمارکردنی گۆرانی لێ ئەستێندراوەتەوە و لە ژێر هەڕەشەدا بووە، ناوبراو لەمبارەوە بە ڕٶژی وکردی گوت: ” من لە سەرەتاکانی  پشکوتنم لە هونەردابوو کە هەوەڵی بەهاری ساڵی  2692 کوردی لەسەر خوێندنی گۆرانی (چی بوو تاوانی ئەوانەی وا لەسێدارە دران) قۆڵبەست کرام و دوای لێدان و کوتانێکی زۆر کە 13ددانم شکێندرا،هەڕەشەم لێکرا کە ئەگەر گۆرانی بڵێمەوە زمانیشم دبڕن، پاشی 22ساڵ حەرمین بوون؛ ساڵی 2714 ی کوردی دەستم پێکردەوە و یەکەم ئاڵبۆمم (کە هەڵگری ٦ بەرهەمە) بە ناوی “مەهاباد” کە زێدی منە و گۆرانی مەهاباد یەکێ لە هۆنراوەکانمە لە 2715دا بڵاو بۆوە.

دووهەم ئاڵبۆمم (کە هەڵگری 8 بەرهەمە) بەناوی “کوردم ئەمن” لە ساڵی 2716ی کوردیدا بڵاو کراوە وهاوکات خەریکی بەرهەم هێنانی ئاڵبۆمی سێهەم بووم کە 5 کاری ئامادە کراوە و سێیانی ناتەواو و نیوەچڵ ماوەتەوە، بە هۆی گوشار و هەڕەشەی ڕژیم و ئیتلاعاتی ڕژیم لە مهاباد بە ناچاری و بەپێچەوانەی ویست و حەزی خۆم لە ئێران دەر کەوتم.