ئەفسانە بایەزیدی، کچە خوێندکاری بەندکراوی کورد، ڕەنجنامەیەکی بڵاو کردەوە

0
1079
مرۆڤایەتی: بەپێی هەواڵی کەمپێنی بەرگری لە زندانیانی سیاسی و مەدەنی، ئەفسانە بایەزیدی بەندکراوی سیاسیی کورد لە زیندانی کرمان ڕەنجنامەیەکی بڵاو کردۆتەوە.
ئەفسانە بایەزیدی، ٣١ی گەلاوێژی 1395ی هەتاوی بە تۆمەتی پڕۆپاگەندا بە دژی نیزام و پەیوەندی لەگەڵ یەکێک لە حیزبە ئۆپۆزیسیۆنەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بە ٤ ساڵ بەندکران و دوورخرانەوە بۆ بەندیخانەی کرمان مەحکوم کرا.
کورتەیەک لە دەقی رەنجنامەکەی ئەفسانە بایەزیدی بەو شێوەی خوارەوەیە:
“من ئەفسانەی کوردستانم، کچە گەنجێک لە کوردستانی بێبەشی ئێران”
من ئەفسانەی ڕەنجەکانی کوردستانم، گوشارەکانی زیندان و بێ ڕێزییەکانی بەڕێوەبەرانی زیندان گەلێک ئازاری داوم، لە سەرەتای دەست بەسەرکردنمەوە لە بەر ئازاری جەستەم هەنگاوێکیشم پێ هەڵنەدەگیرا، هێزە سەرکووتگەرەکان هەڕەشەی دەستدرێژیم لێ دەکەن و ڕۆژانێکی زۆرم لە ژووری تاکەکەسی بەسەر بردووە و وەک ئاژەڵ مامەڵەم لە گەڵ دەکەن.
بەڵێ، من ئەفسانەی کوردستان کە ساڵیانی ساڵ لە ژێر زۆرداری و چەتری سەرەڕۆکان، وەک سەدان منداڵ و لاو، پیرێژن و پێرەپیاو لە کوردستانی بێنەش و زۆرلێکراو کە هەر جارەی نیسێی ڕەشی مەرگ لەسەر سەرمان بووە، ژیاوم.

بەڵێ من هەر ئەو ئەفسانەیەم، بۆ 90 ڕۆژ ئەشکەنجە و ئازار، لە سەرجەم ئەو ماوەیەی کە لە بازداشگەدا بووم بە هەموو چەشن و هەر کەرەستەیەک، ئەشکەنجە دراوم. یەکەم ڕۆژەکانی دەستبەسەربوونم، ئاستی ئەشکەنجەکان بەڕادەیەک بوو کە تەنانەت نەمدەتوانی بەڕێگاشدا بڕۆم. لاقەکانم و پشتم شین و ڕەش هەڵگەڕابوون. ئەوەندەیان لێدابووم کە لووت و زارم، خوێنێ لێدەچۆڕا، بەقەرا سەرە دەرزییەکیش بەزەییان پێمدا نەدەهات و ١٥ ڕۆژی ڕەبەق لە بێهداریی بازداشگەی ئیتلاعاتی ورمێدا لەژێر دەرمان دابووم، چیان بەسەر نەهێنام؟ من و مەرگ یەک هەنگاومان مەودا بوو، بۆ؟ تەنیا بە هۆی کوردبوونم. گەرەکە لە یادمان بێ کە کوردبوون تاوانێکی لێنەبووراوە و دوژمنی هەیە و دوژمنەکانی هیچ کات کوردەکان بە ئەندامێکی ئێران نازانن و بە فەرمی ناناسن. ئەگەر شتێک جیا لەوە با، ئەوتۆیان بەسەر من و سەدان کەسی جێگای ڕێز نەدەهێنا.

لە کاتی دەستبەسەربوونمدا هەر کات کە ناوی خوام دەهێنا، ئەشکەنجەکان زێدەتر دەبوون، بەردەوام دەیانگوت لە ئیتلاعات، خوایەک بوونی نیە، خوا کیلۆی چەند؟ بە چەند پێتی بفرۆشین کڕیاری؟

لانیکەم 2 جاران بە دەست و پێ هەڵیانواسیوم. لە تەواو ماوەی دەستبەسەربوونم لە ئیتلاعات و لە ماوەی ئەشکەنجەدانم، چاویان بە چاوبەستێک بەستبووم، ئێستاش بەو هۆیەوە چاوەکانم ئازاریان هەیە و وا هەست دەکەم بیناییم کز بووە. ٤ ساڵ دەبێ هەناسەم سوارە و لەگەڵ نەخۆشی هەناسەسواری دەستە لە ملانم، ئێستاش کە کەپسوولەکانم نادەنێ، لەو پەڕی ئازاردام.

 لە درێژەی ڕەنجنامەکەدا، ئەفسانە بایەزیدی لە کۆتایی رەنجنامەکەی دا باسی لە کۆڵنەدان و وەستانەوە دژ بە چەوسێنەران کردووە و یادی ڕابەران و گیانبەختکردووانی خەباتی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد، د. قاسملوو. د. شەڕەفکەندی و فواس مستەفا سوڵتانی و د. جەعفەر شەفیعی بەرز نرخاندووە.