خەڵکی کوردستان، هەڵوێستی پێش نوێژەکانی سەر بە ڕەژیم لەمەڕ خەباتی چەکدارییان مەحکووم کرد

0
644

ڕۆژی کورد: لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا و دوای بڵاو بوونەوەی هەواڵی هەڵوێستی ناکوردانە و دژ بە خەباتی چەکداری و پشتگیری کردن لە ڕژیم و سپای تیرۆریستیی پاسداران لە لایەن چوار پێش نوێژی ڕژیم، چالاکانی سیاسی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، هەڵوێست و لێدوانی ناکوردانە و نانیشتمانیی ئەو پێش نوێژانەیان مەحکووم کرد.
چالاکانی سیاسی ئەو مەلا و پێش نوێژانەیان بە داعش وەسف کردووە و دەڵین ئەوان لە ڕیزی ڕژیمی داعشیی کۆماری ئیسلامی دان و دژن بە مافەکانی نەتەوەیی کورد.
ئەو چوار پێش نوێژە کە لە وتاری هەینی ڕابردوو، ڕێکەوتی ٢٨ی جۆزەردانی ١٣٩٥ی هەتاویدا پشتیوانی خۆیان بۆ ڕژیم و سپای تیرۆریستیی پاسداران ڕاگەیاندووە و هەبوونی پێشمەرگە و خەباتی چەکداریان بە داردەستیی عەرەبستان و ئەمریکا و ئیسراییل ناوزەد کردووە بریتن لە:
مستەفا مەحموودی پێش نوێژی پیرانشار
یەحیا ئیسماعیلی پێش نوێژی کاتیی مهاباد
عەبدوڕحمان خەلیفەزادە پێش نوێژی بۆكان
مستەفا خاتەمی پێش نوێژی شنۆ
شایانی ئاماژەیە کە لە ئێران و بەتایبەتی کوردستانی ئێران، پێش نوێژی هەینی فەرمیی شارەکان لە لایەن ڕژیمەوە هەڵدەبژێردرێن و لە وتارەکانی ڕۆژی هەینیدا درووشم و ویستەکانی ڕژیم دەڵێنەوە هەر بۆیەش لە ناو خەڵکدا بە جاش دەناسرێن و خەڵکانێکی کەم لە پشتیانەوە نوێژ دەکەن.
شایانی ئاماژەیە کە مستەفا هیجری، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە پەیامی خۆی ڕوو لە خەڵکی کوردستانی ئێران و ڕوو لە کەسانی سەر بە ڕژیم، داوای لەو کەسانە کرد کە ڕیزەکانی خیانەت بە نەتەوەکەیان بە جێ بهێڵن و بگەڕێنەوە ناو ڕیزەکانی خەڵک و نیشتمان و گوتی: ” ێشمەرگە تەنیا یەک دوژمن دەناسێ ئەویش ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییە کە هەموو مافەکانی ئەو گەلە و لەپێشدا مافی ئەو کۆمەڵە کوردانەی پێشێل کردووە کە بە چەکدار کردنیان پیلانی کورد بە کورد بەکوشت دان بەڕێوە دەبا و، لە بەرچاو خەڵکی کوردستان سووک و بێ‌بایەخیان دەکا، ڕێژیمێک کە هەلوومەرجێکی وای بۆ کورد پێکهێناوە ژمارەیەک لەوان لە پێناو پەیدا کردنی نانێکی سەرشۆڕی بۆ خۆیان و منداڵەکانیان ئامادە دەبن دەستیان بە خوێنی پێشمەرگە، ڕۆڵە خەباتکارەکانی هاونەتەوەی خۆیان سوور بێ.
ئێمە داوا لەو کۆمەڵە چەکدارانە و هەموو ئەو کوردانە دەکەین، کە لە دژی جوڵانەوەی کورد خزمەت بە ڕێژیم دەکەن، تا درەنگ نەبووە، چەکی خەیانەت بە گەل و نیشتمان فڕێ دەن و دەست لە خەیانەت بە نەتەوەی خۆیان هەڵگرن و، نەفرەت بکەن لەو نانەی بە قیمەتی ڕشتنی خوێنی خەباتکارانی کورد پەیدای دەکەن.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت