هێرشی میدیایی رژیم بۆ سەر پێگەی حیزبەکان+شڕۆڤەی بێهزاد خۆشحاڵی

0
1227
دیمەنێک لە فیلمی جاش و کاک
دیمەنێک لە فیلمی جاش و کاک

ئا: هادی عارفی

هێرشی تەبلیغاتی و پڕوپاگەندەی مدیاکانی سەر بە وەزارەتی ئیتلاعاتی رژیم بە دژی حیزبە کوردییەکان زیاتر لە پێشوو، لە میدیاکاندا کاری لەسەر دەکرێ و لە ماوەی رابردوودا وێڕای وەرێخستنی شەڕێکی دەروونی بە دژی خەڵکی کوردستان، لە هەوڵی تۆمەتبار کردن و سڕینەوەی مێژووی ئەو حیزبانەدان.

میدیاکانی رژیم بە کەڵک وەرگرتن لە (جاش و بەکرێگیراو و توابەکان) چەندین فیلم و بەرنامەی تایبەتی و دانپێدانیانی زۆرەملی‌یان لە دژی حیزبەکانی کوردستان دروست کردووەو بڵاویان کردۆتەوە.

تەنیا لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا چەندین بەرنامەی چەواشەکارانەی وەکوو “کاک و جاش” و بڵاوکردنەوەی چەند بارەی فیلمی “چ” لە میدیاکانی رژیم و هەروەها دەیان لێدوان و دیمانەی جاش و بەکرێگیراوەکان وێڕای چەواشە کردنی راستییەکان، بڵاو کراونەتەوەو هەوڵی بەلاریدا بردنی رای گشتیی خەلکی کوردستان ئەدەن.

لە هەموو دیمانەکاندا حزیبە کوردییەکان وەکوو دەستپێشخەری شەڕ لە کوردستان تۆمەتبار کراون، ئەوە لە کاتێکدایە کە بەنی سەدر سەرکۆماری پێشووی ئێران، رژیمی ئیران بە هەڵگیرسێنەری شەڕ لە کوردستان لەقەڵەم ئەدات.

هەواڵدەریی فارس لە دیمانەیەکدا لەگەڵ پاسدارێک هاوکات لەگەڵ چەواشە کردنی راستییەکان، ئاماژە بە بوێڕیی پێشـەرگەکانی کورد و یەک لەوان شەهیدیک بەناوی مەحموود کتابی دەکات کە لە کاتیکدا فیشەکیان لێ بڕاو بە بەرد شەڕیان لەگەڵ پاسدارەکان کردووە.

هۆکاری پەلاماردان و تۆمەتبار کردنی حیزبی دیمۆکرات وەکوو هێزیکی ناسراوی ئۆپۆزیسیۆنی رژیمی ئیران لەلایەن میدیا و راگەیاندنەکانی رژیمەوە لەگەڵ بێهزاد خۆشحاڵی شڕۆڤەکاری سیاسیی کورد دەخەینە بەرباس.

behzad-khosh7aliبێهزاد خۆشحاڵی لەو پەیوەندییەدا: دوای مەرگی خومەینی هاتنەسەرکاری خامنەیی وەکو رێبەری رژیمی تاران، “شۆرای باڵای ئەمنەتی میللیی ئێران” دوکتور قاسملوو و شاپوری بەختیاری وەکوو گەورەترین هەرەشە بۆسەر رێبەریی تازە هەڵبژێردراو دەستنیشان کرد و هەر لەو دانیشتنەشدا بڕیاری تیرۆر کردنیان ئەدرێ و رژیمی ئێران تەنیا پاش چل رۆژ لە مەرگی خومەینی دوکتور قاسملوو تیرۆر دەکات، لە کاتێکدا رژیمی ئیران تێچووی ئەو کارەشی لەبەرچاو گرتبوو.

رەنگە هەر ئەم دەستپێکە بەس بێت بۆ ئەوەی کە پێگەی حیزبی دێمۆکرات لە روانگەی بەرپرسانی رژیمی ئێرانەوە هەڵبسەنگێنین کە هەتا ئێستاش وەکوو گەورەترین هەڕەشە بۆ سەر خۆیانی ئەژمار دەکرێ و سەرەڕای زۆرترین هەوڵ بۆ سڕینەوە لە ناوبردنی، هەنووکەش وەکوو بەهێزترین هێزی کوردی و بە دڵنیاییشەوە دەلیم بەهێزترین هێزی ئێرانی خۆی پاراستووەو رێکخستنی بەهێزی لە ناو شار و گوندەکاندا هەیە.

ئەو شرۆڤەکارە دەشڵێت: کۆماری ئیسلامی لە هەموان باشتر دەزانێ کە هێزی حیزبی دیمۆکرات _ لە کاتی سەرهەڵدان_ نەک لە ناو ئۆردووگاکاندا، بەڵکوو لە شار و گوندەکانی کوردستاندان وئەم سەرمایە بەهێزەش هەموو کاتێک دەتوانێ ببێتە رەوتێکی لە کۆنترۆڵ دەرچوو بۆ کۆماری ئیسلامی و هێزی داگیرکەر بەرەوڕووی هەڕەشە و رووخان بکاتەوە. کەوابوو پرۆژەی گرێدانی خەباتی شار و شاخ، راستەوخۆ دەستخستنە سەر ئەو خاڵە لاوازەی رژیمی ئێرانە کە هاوکات یەکێک لە خاڵە بەهێزەکانی کردەوەو چالاکیی پێشمەرگەکانیشە. چەسپاندنی چەمکی بەرگریی رەوا لە ناو خەڵکدا گەورەترین هەڕەشەیە بۆسەر کۆماری ئیسلامی.

ئەو چالاکە سیاسییە لەو باوەڕەدایە کە تۆمەتبار کردنی حیزبەکان بە بە دەستپێشخەریی شەڕ لە کوردستان، هەڵویست گرتنی رژیم لە هەمبەر گەڵالەی “بەرگریی رەوا” لەلایەن هێزەکانی کوردستاندایە.

ئێران لە ترسی بە فەرمی ناسینی مافی مافی بەرگریی رەوای کوردەکان لەلایەن ناوەند و وڵاتانی جیهانییەوە، هەوڵ ئەدات هێزە کوردیەیاکن بە دەستپێشخەری شەڕ لە کوردستان لەقەڵەم بدات و لەگەڵ ئەوەشدا کە کۆماری ئیسلامی هەموو هەوڵێکی داوە کە حیزبەکان وەکوو تیرۆریسم بناسرێن، بە پێچەوانە وەکوو قوربانیانی ترۆریزم لەقەلەم دراون و ئەمەش وا دەکات کە سیستەمی نێونەتەوەیی بۆ بە فەرمی ناسینی مافی بەرگریی رەواوی کوردەکان هەنگاوی خێراتر هەڵبگرێت.

خۆشحاڵی راشیگەیاند: کۆماری ئیسلامی هەمیشە هەوڵی ئەوە بووە کە هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن بە کردەوە بکاتە چەندین گروپی بچووک و هاوکات لە خەلکی ناوخۆی کوردستان و ئێرانیان داببڕێت. رژیم لەم هەوڵەدا توانیویەتی بەم پلانەی لە ئاستی ئێراندا بێ کاریگەر بکات، بەڵام هیچکات نەیتوانیوە پێکهاتەی حیزبە کوردییەکان تێک بشکینی و لە خەڵکی کوردستانیان داببڕێ و کۆماری ئیسلامیش ئەمە وەکوو شکستێک بۆخۆی دەبینی.

هەرچەندە ئۆردووگانشینی، ئینشعاب و فشاری جۆراوجۆر، هەرچەندە لەسەر حیزبەکان بێ کاریگەر نەبووە، بەڵام نەیتوانیوە چوارچێوە گشتییەکان بکاتە ئامانج، هەر بۆیە حیزبی دیمۆکرات و هێزەکانی دیکە هەنووکەش وەکوو هەڕەشەیەکی گەورە سەیر دەکرێن.

خالێکی دیکە کە پێویستە ئاماژەی پێ بکرێ، ئەویە کە رژیم بۆ ماوەی دوو دەیە حیزبی دیـمۆکراتی خستبوویە حالەتی بەرگرییەوە و وردە وردە بەرەو حاڵەتی دیفاعیی لەکارکەوتوو چووببو، بەڵام بۆ گەرانەوە بۆشاخ حاڵەتی دیفاعی بۆ حاڵەتی هێرش بردن گۆڕدرا و ئەمەش هێزی ناوخۆی بۆهەڕەشە بۆسەر رژیم گۆڕی.

ئەو لێکۆلەرە کوردە لەو باوەڕەدایە، ئەگەر حیزبی دیمۆکرات بتوانێ ئەو بەربەستانەی کە خۆی پێوە گرێداون، دەرباز بکات، ناسنامەیەکی زیندووی نوێ بداتەوە بە بەرگریی رەوا، دەتوانێ هێزە کوردستانییەکان بکات بە هەڕەشەیەکی عەمەلی و جیدی بۆ سەر رژیم.

نابێ لەبیر بکەین کە کەلێنی ناو رژیم چ سیاسی و چ ئابووری کە وەکوو رووخانی پێکهاتەی رژیم چاوی لێ دەکرێ، دەتوانێ وەکوو دەرفەتێکی زێڕین بۆ رزگاریی نەتوەیی کەڵکی لێ وەربگیرێ، کە بێگومان حیزبی دیمۆکرات وەکوو بەهێزترین حیزبی کوردستانی زیاتر لە رابردوو بۆ ئەو ئامانجە یارمەتیدەر بێت.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت