مەجید حەقی : کۆنفرانسی رۆژهەڵاتی کوردستان پێشمەرجی خۆشکردنی زەمینەی بەرەی نەتەوایەتی لە رۆژهەڵات

0
1338

دۆسیەی تایبەتی رۆژی کورد سەبارەت بە بەرەی کوردستانی

بۆچی لە پاش 37 ساڵ دەسەڵاتداریی کۆماری ئیسلامی ئێران، پارت و لایەنە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، هەوڵ نادەن هێز و توانای سیاسی و نیزامی خۆیان لە چوارچێوەی بەرەیەکی سیاسی یەکگرتوودا بەکار بێنن؟ لەمپەرەکانی بەردەم پێکنەهاتنی ئەو بەرە یان هاودەنگییە سیاسییە چییە؟ چۆن دەکرێ لایەنە سیاسییەکان لە دەوری یەک پلاتفۆرمی هاوبەش کۆ ببنەوە و خەباتێکی هاوبەشی سیاسی و نیزامی لەدژی کۆماری ئیسلامی بکەن؟
ماڵپەڕی رۆژی کورد لە پێناو لێک نزیککردنەوەی هێز و لایەنەکان و لێک تێگەیشتنیان لەسەر پرس و بابەتی پەیوەندیدار بە پێکهێنانی بەرەیەکی کوردستان ئەم دۆسیەی کردۆتەوە و ڕای ئەندامانی رێبەریی حیزبەکان و هەروەها کەسایەتییە سیاسییەکانی رۆژهەڵات و شرۆڤەکارانی سیاسی وەرگرتووە.
بەرێز مەجید حەقی، شرۆڤەکاری سیاسی لە وتارێکدا کە بۆ رۆژی کورد نێردراوە، بۆچوونی خۆی سەبارەت بە پێکهێنانی بەرەی کوردستانی دەردەبڕێ.

ئەمساڵ رۆژهەڵاتی ناوین و ئێران ئاڵوگۆری زۆری بەخۆیەوە بینیوە. کوردستان رۆژ بەرۆژ وەک بەشێک لە ستراتێژی ناونەتەوەیی و وەک یەکێک لە ئەکتەرەکانی ئاڵوگۆڕ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا دەبیندرێت. رێکەوتننامەی ئەتۆمی 5+1 و ئێران، لە دوای خۆیدا دەبنە هۆی ئاڵوگۆری زۆر لە پێوەندیەکانی ئێران و رۆژئاوادا و هەرلەوکاتەدا بەدەسپێکی کولتوورێکی نوێ بۆ چارەسەری کێشەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا دەبیندرێت. لە گەڵ ئەمانە، لە ماوەی چەندین ساڵی رابردوودا هێزەکانی سیاسی رۆژهەڵاتی کوردستان نەمازە حیزبە سەرەکیەکانی ئەو بەشەی نشتیمان رۆژ لە گەڵ رۆژدا لە پاشەکەش و لاوازبوونی رێکخراوەیی و گەشەکردنی کۆمەڵایەتی و ئابووری دا بوون.

لە بەرخودانی خانی لەپزێرینەوە تا ئەمرۆ هەرکات بزاڤی رزگاری خوازانەی گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا یەکگرتوو بووبێت و رێبەریەکی یەکگرتووی هەبێت، توانیویەتی بەشێکی زۆر لە خاکی نیشتیمان ئازاد بکات و حکوومەتی جۆراوجۆر لە کۆماری سمایل خانی سمکۆی شکاکەوە بگرە تا کۆماری کوردستان دامەزرێنێت.

 کۆمەڵگای کوری بەهۆی پلۆرالیزمی چاندی، فەرهەنگی، ئایینی، تێکەڵاوی عەشیرە و خێلەکان و پێگەی ئابووری خۆی پێویستی بە سیستەمێکی “رێبەر ناوەندی”ە کە بتوانێت خەڵکی کورد لە دەوری بەها هاوبەشەکاندا کۆبکاتەوە و ئەو دەوڵەمەندی و رەنگینیەی کۆمەڵگا بکاتە بنەمایەکی بەهێز بۆ پێکەوە بوون و وزەدان بە بزاڤی رزگاری خوازانەی نەتەوایەتی.  پێکهێنانی رێبەریەک کە نوێنەرایەتی هەموو نرخ و بەهاکانی ناو کۆمەڵگا بکات و لە سەردەمی رێبەرایەتی کۆلێکتیڤ و بەکۆمەڵدا پێویستی پێکهێنانی رێبەریەکی یەکگرتوو لە هەموو هێزە سیاسیەکانی کاریگەر بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان وەک پێویستی مرۆڤ بۆ ئۆکسیژێنە بۆ ئەوەی هەناسە بکێشێت و زیندوو بمێنێتەوە.

لە ساڵانی رابردوودا  زۆر جار هەوڵێ پێکهێنانی بەرەی کوردستانی دراوە و هێزەکانی کوردستانی پرۆپاگەندەیەکی زۆریان لە لایەنگری و دەروەست بوونیان بۆ بەرە راگەیاندووە. لە نەبوونی تەبایی ناوخۆیی حیزبەکان و تەنگەژەی بڕوای داسەپاو بەسەر کەشی سیاسی – کۆمەڵایەتی کوردستاندا، هەوڵەکان تەنیا بە تاوانبار کردنی لایەنەکانی بەرامبەر کۆتایی هاتووە و بە هۆی بازنەی داخراوی فەرهەنگی حیزبایەتی لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا، هەوڵی کرانەوەی گرێکانی بەردەم پێکهێنانی بەرەی کوردستانی لە بازنەی حیزبەکانەوە  دەرنەکەوتووە و کەسان و لایەنەکانی – رۆژهەڵاتی کوردستان – لە دەرەوەی بازنەی حیزبە سیاسیەکان بەشداری رەوتی گفتگۆی بەرە نەکراون.

بە هۆی گۆڕانکاریەکانی باشوور و باکووری کوردستان و گۆرانکاریەکانی جوغرافی سیاسی سووریە و گۆرانکاریەکانی ناوخۆی ئێران رۆژهەڵاتی کوردستان لە بەردەروازەی زۆر ئاڵوگۆری چارەنووس سازی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیستەمی ئێکۆلۆژی و ژینگەیی دایە. هەموو ئەو ئاڵوگۆڕانە لە سەر رەوتی خەباتی نەتەوایەتی و پێگەی حیزبە سیاسیەکان شوێندانەرن. لەو هەلومەرجەدا رۆڵی رێبەری و رێبەری کردنی ئاڵۆگۆرەکانی بەردەم کۆمەڵگ لە هەمووکات زیاتر پێویستی بە ڤیزیۆن و ئاسۆبینی هاوبەش، رێبەریەکی هاوبەش بە داخواز و دروشمی دیاری کراوی هاوبەش هەیە.

بەرژەوەندی باڵای نەتەوایەتی لە حیزب و رێکخراوەکانی سیاسی کوردستان داوا دەکات کە بە خێرایی هەوڵ بدەن بۆ پێکهێنانی پلاتفۆرمێکی هاوبەش.

مەجید حەقی : کۆنفرانسی رۆژهەڵاتی کوردستان پێشمەرجی خۆشکردنی زەمینەی بەرەی نەتەوایەتی لە رۆژهەڵات

بەداخەوە ئەمڕۆ بەهۆی دووبەرەکی و تەنگەژەی بڕوای ناو حیزبەکانی سیاسی کوردستان بەرژەوەندی حیزبەکان و بەشە حیزبەکان لە گەڵ بەرژەوەندی باڵای نەتەوایەتی ناتەبان و ئەمەش بووتە هۆی ئەوەی حیزبە سیاسیەکانی کوردستان رۆژ بە رۆژ لە خەڵک دوور بکەونەوە و بازنەی چالاکی و تەشکیلات، پێوەندی و راگەیاندنیان  بەرتەسکتر ببێتەوە.

لە هاوینی ساڵی 2013دا کە گفتگۆکانی  پێکهێنانی کۆنگرەی نەتەوایەتی کوردستان دەست پیێ کرد، چەندین جار پێکهێنانی ئەو کۆنگرەیە لە پلەی یەکەمدا بە هۆی کێشەکانی بەرژەوەندی خوازانەی حیزب و پارتە سەرەکیەکانی پێکهێنەری کوردستان دواخراوە و سەر ئەنجام ئێستا پێکهێنانی کۆنگرەی نەتەوایەتی بووتە تراویلکەیەکی دوور دەست، کە تەنیا کاتێک دووبارە زیندوو دەکرێتەوە کە بەرژەوەندی حیزبەکانی بەشدار لە حکوومەتی هەرێم و پارتی کرێکارانی کوردستان وێک بگەن. بۆیە بەشی رۆژهەڵاتی کوردستان دەبێتە دروشمی دڵسۆزانە و ئامادەیی بۆ بەشداری لە کۆنگرەی نەتەوایەتیەک کە ئاسۆیەکی روونی بۆ پێکهێنانی نیە.

لە وەها هەلومەرجێکدا، کە هەوڵەکانی یەکگرتنەوەی باڵەکانی حیزبی دێموکرات و کۆمەڵە بەئاکام نەگەیشتوون، پێکهاتنی بەرەی کوردستانیش تراویلکەیەکی دوور دەستە کە تەنیا دەکرێ بۆ ئامانجی کاتی وەک دروشم بەرز بکرێتەوە. بۆیە لە پێناو پێشکەوتن و بە ئامانج گەیشتنی رەوتی یەکگرتنەوە و سەر ئەنجام دامەزراندنی بەرەی یەکگرتووی کوردی، پێشنیاری دامەزراندنی کۆنفرانسی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکرێت.

کۆنفرانسی رۆژهەڵاتی کوردستان بە چ مەبەستێک؟

کۆنفرانسی رۆژهەڵاتی کوردستان دەتوانێت ئامانجەکانی خوارەوە بۆ خۆی دیاری بکات:

  • دیاری کردنی ستراتێژیەکی هاوبەشی نەتەوایەتی بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان لە پێوەندی لە گەڵ حکوومەتی ناوەندی و ئوپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی ئێران
  • دیاری کردنی ستراتێژیەکی یەکگرتوو لە پێوەندیەکانی ناونەتەوەیی و ناوچەیی دا
  • پێکهێنانی سەنتەرێکی هاوبەشی وەشان و راگەیەندن و هاوکاری نێوان هێزەکانی کوردستان
  • دیاری کردنی پەیمانێکی هاوبەشی (قرارداد اجتماعی مشترک) لە پێناو دیاری کردنی رەمزە تەشکیلاتی و سیاسیەکان لە کاتی روودانی جیابوونەوە و لێکدابرانەکانی رێکخراوەکاندا
  • پێکهێنانی دیالۆگی نەتەوایەتی لە پێناو یەکریزی و بەرز کردنەوەی هێزی بڕوای کۆمەڵایەتی و سیاسی لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا
  • دیاری کردنی ستراتێژی و چۆنیەتی بەرەو پێش بردنی سیستەمێکی ئێکۆلۆژیک و ژینگەپارێزەرانە لە رۆژدهەڵاتی کوردستان
  • سەرمایەگوزاری لە سەر بەرزکردنەوەی ئاستی بەشداری ژنان و لاوان لە پرۆسەکانی بڕیاردان بەرەو پێشبردنی خەباتی نەتەوایەتی و یەکسانی خوازیدا
  • بڕیاردان لە مەڕ شێوەی بەشداری لە کۆنگرەی نەتەوایەتی یان هەر پلاتفۆرمێکی نەتەوایەتی و کوردستانی
  • دیاری کردنی ستراتێژی بۆ چۆنیەتی کار و چالاکی لە ناو کوردەکانی دیاسپۆرا و دەرەوەی وڵات و کەڵک وەرگرتن لە تواناکانی کوردەکانی دەرەوەی وڵات

کۆنفرانسی رۆژهەڵاتی کوردستان دەتوانێت پلاتفۆرمێکی هاوبەش بێت لە هێزەکانی سیاسی، مەدەنی، پێشەیی وکولتووری ناوخۆ و دەرەوەی وڵات وزەیەکی تازە ببەخشێت بە بزاڤی نەتەوایەتی رۆژهەڵاتی کوردستان و دەسپێکی لەناو بردنی ئاسەواری تەنگەژەی بڕوا، لێکدابراوەکان و یەکیەتی نەتەوایەتی بێت. ‌کۆنفرانسی رۆژهەڵات لە هەلومەرجی  جیابوونەوە دابڕاوەکاندا دەتوانێت گونجاوترین پلاتفۆرم بێت بۆ گفتگۆ و خێرایی بەخشین بە رەوتی یەکریزی نێوان لایەنەکاندا.

بەو هیوایە

berey-kurdistani-mecid-heqi-haghi

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت