لە وڵامی هەڕەشەکانی ئێراندا ٤٠ وڵات بەڕێبەریی ئەمریکا لە کەنداو،مانۆڕی زەریاییان وەرێدەخەن

0
852

ڕۆژی کورد: هێزی زەریایی ئەمریکا، ڕێبەری و پێشەنگری مانۆری  زەریایی ٤٠ وڵات لە ئاوەکانی خۆرهەڵاتی ناڤیندا دەکات کە بەشێک لە مانۆڕەکە لە کەنداوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆیتێرز،ئامانج لەو مانۆڕە “دابین کردنی ئاسایشی ڕێگاکانی هاتووچووی زەریایی ناونەتەوەییە”  و “بەربەرەکانی لەگەڵ داعش و ئەلقاعیدە”، بەڵام پێدەچێ ئەو مانۆرە وڵامێک بێ لە هەمبەر هەڕەشە بەرەو پەرەسەندنەکانی کۆماری ئیسلامی لە خۆرهەڵاتی ناڤین دا.

لە هەمان کاتدا، سبەی دووشەممە  “جەرباندنی سەربازیی بەربەرەکانی لەگەڵ مین” لە بەحرەین دەست پێدەکات کە ناوگانی پێنجەمی هێزی زەریایی ئەمریکا لەوێ جێگیرە.

زەریادار، کوین دوگان، لە سەرفەرماندەیی هێزی زەریایی ئەمریکا، دۆینێ شەممە ڕایگەیاند: “ئەو پرۆڤەیە بە مەبەستی بەربەرەکانی کردن لەگەڵ ئەو شێوەسەربازییانەیە کە کێشە بۆ پاپۆڕە بازرگانییەکان ساز دەکەن، ئەو شوێنە لە خۆرهەڵاتی ناڤین، شوێنێکی شیاوە بۆ ئەو چەشنە پرۆڤانە، چونکە ٣ تا شەش ڕێگە ئاوی ستراتژیکی جیهان واتا کاناڵی سوئێز، تەنگەی بابوولمەندەب و تەنگەی هورموز لەوێ هەڵکەوتوون” .

ئەو مانۆرە زەریاییە لە حاڵێکدا بەڕیوە دەچێ کە جان کێری، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ڕۆژی پێنجشەممەی حەوتووی ڕابردوو سەفەری کرد بۆ مەنامەی و بەحرەینی بە “شەریکێکی ئاسایشیی یەکجار گرنگ” ناو برد.

لە هەمان کاتدا بڕیارە ٢١ی ئاوریک واتا ١٠ ڕۆژی تر، باراک ئۆباما بچتە ڕیاز و لەوێ لەمەڕ دەوری کۆماری ئیسلامی لە ناوچە لەگەڵ “شۆرای هاوکاریی کەنداو”، قسە بکات.

کۆی ئەو سەردان و پشتگیری و مانۆڕانە وا دەردەخەن کە سیاسەتی دەرەکی ئەمریکا لە هەمبەر کۆماری ئیسلامی بەرەو گۆڕان دەڕوات.

جام نیوزی کۆماری ئیسلامی لە بابەتێکدا لەژێر ناونیشانی “مانۆڕی زەریایی ٤٠ وڵاتی غەوارە لە کەنداوی فارس” ئەو هەواڵەی بلاو کردەوە، عەلی مووسەوی، کارناسی سیاسیی ئێرانی لە لێدوان لەگەڵ جام نیوزدا دەڵێ: “ئەمریکا بەرژەوەندی ستراتژیکی زۆری لە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناڤین هەیە و هۆکاریش زۆرن کە بەر بە شەڕ لە نێوان ئێران و ئەمریکا بگرێت”.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.