ڕاگەیاندنی 17ی ڕەزبەر وەک ڕۆژی مانگرتنی گشتی لە بانە بۆ پشتیوانی لە کۆڵبەران

0
1420

ڕۆژی کورد: کۆمەڵێک لە چالاکانی مەدەنی شاری بانە بە دروستکردنی کەمپەینێک لە ژێر ناوی “هەموومان دەنگی کۆڵبەرانی سەر سنوورین” ڕۆژی شەممە، ١٧ی ڕەزبەر وەک مانگرتنی گشتی ڕادەگەیەنن و داوا لە خەڵکی شاری بانە دەکەن بە داخستنی دوکان و بازاڕەکانیان بەرەوپیری بانگەوازەکەیانەوە بێن.

لە ماوەی مانگی ڕەزبەردا ٢ گەنجی کۆڵبەری تەمان ٢١ سالانی بانەیی بە ناوەکانی جەمیل عەبدووڵانەژاد و مەهدی ڕەحیم زادە، بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم، لە خاڵە سنوورییەکانی باژێڕی بانە، کوژران.

ئەمە دەقی بانگەوازی ئەو کەمپەینە بەو شێوەی خوارەوەیە:

 ڕۆژی شەممە، مانگرتنی گشتی “هەموومان دەنگی کۆڵبەرانی سەر سنوورین” خەڵکی تێکۆشەری شاری بانە بازاڕیان، کۆڵبەران و کاسبکاران کرێکاران و زەحمەتکێشان هەر وەک هەمووان ئاگادارن کوشتن و بریندارکردنی کۆڵبەرانی کورد بە تەقەی هێزە ئینتزامیەکان لە سنوورەکانی کوردستان بووەتە دیاردەیەکی ڕۆژانە و هەموو ڕۆژێك ئێمە شایەدی تراژیدیایەکی لەم چەشنەین. لە ساڵی ڕابردووەوە بە دەیان و بگرە سەدان کۆڵبەر و کاسبکاری کورد لە سنوورەکانی بانە لە لایەن هێزە ئینتزامیەکانەوە تەقەیان لێكرا و کوژران بەڵام هیچ کەس دەنگمانی نەبیست. بۆ ئەم مەبەستە ئێمە کۆمەڵێك لە چالاکانی مەدەنی شاری بانە بە دروستکردنی کەمپەینی “هەموومان دەنگی کۆڵبەرانی سەر سنوورین” ڕۆژی شەممە وەک مانگرتنی گشتی ڕادەگەیەنین و داوا لە ئێوە خەڵکی تێکۆشەری شاری بانە دەکەین بۆ ئەوەی چیتر ڕۆڵەکانی شارەکەمان نەبنە قوربانی با ڕۆژی شەممە ئیرادەی خەباتکارانەمان نیشان بدەین و دەنگی کپ کراوی کۆڵبەرانی سەر سنوور بگەیەنینە گوێی هەموو بەرپرسان و دەسەڵاتداران و نا بڵێین بە کوژران و بریندار کردنی کۆڵبەرانی سەر سنوور. بەشداریتان لەو مانگرتنە پشتیوانی لە دەنگی کپ کراوی کۆڵبەرانی سەر سنوور و مەحکوم کردنی کردەوەی نامرۆڤانەی هێزە ئینتزامیەکانە. ڕۆژی شەممە، ١٧ ڕەزبەر بە داخستنی دوکان و بازارەکانتان لە چوونە سەر کار خۆ ببوێرن با بە دەنگی یەکگرتووانەی خۆمان هەستی مرۆڤایەتی دونیا بجوڵێنین. کەمپەینی “هەموومان دەنگی کۆڵبەرانی سەر سنوورین”

١٤ ڕەزبەری ١٣٩٥ی هەتاوی

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت