مامۆستا هێدی، شاعیری سەوداسەری ئازادی بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردرا

0
2591

ڕۆژی کورد: بەپێی هەواڵی هەواڵنێری ڕۆژی کورد لە گۆڕستانی پیرمام، ئەمڕۆ شەممە ٨ی خەزەڵوەری ١٣٩٥ی هەتاوی، ڕێورەسمی بە خاك سپاردنی شاعیری ناوداری كورد، خالید حیسامی ناسراوە بە ھێدی، بە ئامادە بوونی بەشێكی زۆر لە بەرپرسانی حیزبی و حكومی و شاعیران و بنەماڵەكەی، لە گۆڕستانی پیرمام بەڕێوەچوو و لە چەندین وتاردا باس لە تێكۆشانی ئەدەبی و سیاسیی ئەم شاعیرە بەرزەی كورد كرا..

ھەست و خەیاڵی شاعیرێكی ناسك خەیاڵ، ئەمڕۆ  لەسەر دەستی ئەم كەسانە یە كە ھاتوون بۆ دواجار دوایین یادگاری كۆماری كوردستان بە خاك بسپێرن.. ئەو كە تاوانی ھەموو دەربەدەرییەكانی ژیانی خستبوە ئەستۆی خۆی و بە كۆچەکی پێی گوتین: “مەل خۆی سەری خۆی ھەڵگرێ ھێلانە بڵێ چی؟”.

ھێدی شاعیری ھەموو كوردستان بوو..

فازڵ میرانی… سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی، لە ڕێوڕەسمەکەدا ئاماژەی بە دەوری بەرچاوی ھێدی لە خەبات و شۆڕشی كورد چ لە باشوور و ڕۆژھەلات كوردستان ھەر لە سەرەتای دامەزراندنی كۆماری كوردستان و پاشان بەشداریكردنی لە شۆڕشەكانی باشووردا کرد كە ئەو كات ببوە ھاوڕێ و نزیكی مەلا مستەفای بارزانی… ئەو ھێدی بە مڵكی ھیچ حیزب و لایەنێكی سیاسی نازانێ و لەو بڕوایەدا بوو مام ھێدی ھی ھەمو خەڵكی كوردستانە بە باشور و ڕۆژھەلاتیشەوە.

ھێدی خاوەن پێنووس و ھزری تایبەتیی خۆی و ناسك خەیاڵی لە شیعری كوردی و سەر بە ڕێبازی ئەدەبیی موكریان بوو  و ھاوڕێی ھێمن و ھەژار و خاڵەمین بوو و لە ھەموو بڕگەكانی ژیانیدا بە دوای ئازادی و سەربەستی تەواودا دەگەڕا و و لەم پێناوەشدا ھەڵوەدای شاخ ھەرد بوو..

خالید حیسامی ناسراو بە ھێدی ساڵی 1927 لە گوندی شێخاڵی ـی موكریان لە دایك بووە. جیا لەوەی شاعیرێكی نیشتمانپەروەر بووە تێكۆشەرێكی بواری خەباتی كوردایەتیش بووە و ساڵی 1946 لەسەر دەستی پێشەوا قازی محەمەد بۆتە پێشمەرگە و دوای شۆڕشی گەلانی ئێران و كەوتنی كۆماری كوردستان تێكەڵاوی شۆڕشی ئەیلول و گوڵان بووە و بۆتە یەك لە خۆشەویستانی مەلا مستەفای بارزانی ..

مامۆستا هێدی، بە ناو و شاكارەكانی میراتێكی مەزنی بۆ كورد و بۆ بنەمالەكەی جێھێشتوە..

ناسر حیسامی… شاعیر و كوڕی مام ھێدی كە ماوەی چەندین ساڵە لە دەروەی وڵات دەژی، دوای ھەواڵی كۆچی دوایی باوكی گەڕایەوە كوردستان و شانازی بە مام ھێدی كرد كە دوای خۆی میراتی جوانی بۆ بە جێھێشتون و درێژە پێدەری ڕێبازی باوكیان دەبن…

89 ساڵ تەمەنی پڕ لە نووسین و تێكۆشان…. بۆ یەك چركەش لە ڕێبازەكەی دوور نەكەوتەوە و پەشیمان نەبوە و ھەموو كات لە ھەڵبەستەكانیدا موژدەی سەركەوتنی كوردی دەدا… ڕۆژی 27 ـی مانگ بە ھۆی وەستانی دڵ لە شاری ھەولێر، مەلی ڕۆحی لە شەقەی باڵیدا و

وتی: تەمەن ڕۆیی و ئەمن ھەر مام بە ھیوات

نە ھیواكەم وەدی ھاتو و نە ئاوات

ھەموو ھەر دێن دەڵێن ھێدی سەبر كە

لە سەر ئەو سەبرە بوو ئاوام بە سەر ھات

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت