خوێندنەوەی هەجوەشیعر لە كۆڕێكی ئەدەبیدا

0
797

تایبەت بە ڕۆژی کورد

سەنتەری خەون سەعات 5ی ئێوارەی رۆژی دووشەممە 4/4/2016 لە ماڵی وەفایی لە شاری هەولێر، كۆڕێكی بۆ شاعیر و وەرگێڕی رۆژهەڵاتی كوردستان، رەسووڵ سوڵتانی پێك هێنا. ئەو كۆڕە كە پێشتر لە ئەكاونتی رەسووڵ سوڵتانییەوە بە كۆڕێك بۆ “شیعری بێ دەرپێ” بانگەشەی بۆ كرابوو، تایبەت بوو خوێندنەوەی ئەو هەجوانەی رەسووڵ سوڵتانی وەك بەشێك لە داهێنان و چالاكیی ئەدەبیی خۆی هۆنیونێتەوە.

لە سەرەتای كۆڕەكەدا سوڵتانی پێناسەیەكی كورتی هەجوی كرد و گوتی: هەجو لە تەنز و هەزەل جیاوازە. هەجو بریتییە لەو جنێوانەی لە چوارچێوە و فۆرمی كێش و سەروادا دەهۆنرێنەوە. دەكرێ بڵێین جنێوێكی هونەرین. جیاوازییەكەشی لەگەڵ تەنزدا ئەوەیە، هەجو لە هیچ وشەیەك ناپرینگێتەوە و هیچ بەربەست و سنوورێك ناناسێ و تەنانەت پەنجە لەسەر هەموو لایەنەكانی بەرامبەرەكەی دادەنێ و ناوی هەموو ئەندامانی لەش دەهێنێ بەبێ ئەەی بپرینگێتەوە و سڵ لەوە بكاتەوە كە بەرامبەرەكەی چ هەڵوێستێكی دەبێ. هەجونووس بێبەزەییانە زمان دەكاتە ئامرازێك بۆ ئەزیەتكردنی بەرامبەرەكەی و دەكرێ نەرمونیانتریش بێ، بەڵام ئەغڵەب وایە كە تەنانەت جنێو بە ئەندامانی بنەماڵە و بگرە بە تایەفە و تۆرەمە و وردو درشتی بەرامبەرەكەی و باب و باپیران و ئەژدادیشی دەدا و سووكایەتییان پێ دەكا. وەك شێخ رەزا دەڵێ: یەك بە یەك هەمسایەگانی دەوری خانووتان بگێم…

پاش ئەو ناساندنە رەسووڵ سوڵتانی بەشێك لەو هەجوانەی ئامادەی كردبوون خوێندنەوە و كامیل نەجاڕیش بەشێكی دیكەی لە هەجوەكانی خوێندەوە و گوتیشی: ئێستا لە رۆژهەڵاتی كوردستان هەجونووسمان زۆرن، بەڵام رەسووڵ یەكێكە لەو دەگمەن هەجونووسانەی نەك بە ناوی خوازراو بگرە بەناوی خۆی هەجوەكانی بڵاو دەكرێتەوە.

وەك روونكردنەوەیەكیش رەسووڵ سوڵتانی لەو بارەیەوە گوتی: هەبووە بەناوی خوازراوەوە هەجو بڵاو كراوەتەوە و خەڵك وەیانزانیوە هیی منە بەڵام من هەرچیم هەیە بەناوی خۆمەوە بڵاوی دەكەمەوە و ئەوەی بەناوی “كەمپەینی كوزان” بەناوی منەوە بڵاو كرایەوە هیچ فڕی بەسەر منەوە نەبووە.

لەو كۆڕەدا بەشێك لە هەجوەكانی رەسووڵ سوڵتانی لە لایەن كامیل نەجاڕی یەوە خوێندرانەوە و سوڵتانی لەو بارەیەوە گوتی: لەبەر ئەوەی كامیل ئەو هەجوانەی لەبەرە و زۆریش جوان دەیانخوێنێتەوە حەز دەكەم هەر ئەو بیانخوێنێتەوە. نەك هەر لەو كۆڕە بگرە لە زۆر كۆبوونەوەی دۆستانەشدا كە داوام لێ دەكرێ هەجوێك بخوێنمەوە بێت و كامیل لەوێ بێ خۆم داوای لێ دەكەم ئەو بیانخوێنێتەوە. چونكە گفت و لفتی ئەو خۆشترە و من زۆر جاران لە خوێندنەوەدا زمانم تەتەڵە دەكا و كامیل رەوانترە. لە وەڵامی ئەو پرسیارەشدا كە ئاخۆ سوڵتانی زیاتر كێ هەجو دەكا گوتی: هەر كەس تووڕەم بكا و لە چوارچێوەی كێش و قافیەمدا جێی بێتەوە هەجوی دەكەم. بەڵام هەندێ كەس زۆریان ئازار داوم و بڕیارم داوە تا قافی قافییە بمێنێ هەر بۆیان دەنووسم و قەت لێیان خۆش نابم و تا ئێستا زیاتر لە سێسەد بەیت هەجوم بۆ نووسیون و بەم زووانە لە چوارچێوەی كتێبێكدا بە ناوی “بەشوێن شێخ رەزای تاڵەبانیدا” بڵاوی دەكەمەوە و پێویستە ئەوەش بڵێم كە ئەو كتێبە جگە لە هەجوەكانی خۆم، هەجوی كۆمەڵێك هەجونووسی رۆژهەڵاتی كوردستانیشی تێدایە بەڵام هیی ئەوان بەناوی خۆیانەوە نییە و ناوەكەیان خوازراوە…
وێنە؛ ئاڵا مەریوانی
12946890_788874411245558_835994913_o 12948522_788881097911556_730407522_o

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.