love after effect

0
1194

دابان عەتار

.

-سڵاو… – ئالان گیان خۆتی؟

ئێوە وینای دۆخی من لەو کاتەدا بکەن.

یەکەم: ئالان نەبووم. دووەم: بۆ چاوبەستی بە پێچەوانەی خولیای خۆمەوە کتێبێکم بە دەستمەوە گرتبوو، ملپێچێکی سوورم لە ملم پێچابوو، چاویلکەیەکی چوارچێوە خڕم لە چاوم کردبوو، هەرچەندەش شووشەکەی ڕوون بوو، بەڵام چاویلکەی پزیشکی نەبوو. سێیەم: لە فەیسبووک (ئالان دڵشووشە) بووم. چوارەم: چاوەڕوانی کچێک بووم بە ناوی نوونە وردیلە. چوارەم: وەسفی وێنەکانی کچەکە، کە لە مەسنجەر بۆی ناردبووم بە مشیوەیە بوو: باڵابەرزێکی لەش ڕێک نزیکەی سەت و هەشتا سانتیمی، پێستی بە شێوەیەک سپی بوو، دەتگوت بە ڕەچەڵەک دەچێتەوە سەر قەفقاسیەکان، ئەوەندە تەنک بوو، ترێی بخواردبا لە قوڕگی دیاربوو! پێنجەم: کاتێک گوێبیستی سڵاوەکەی بووم، سەرم بە سەر کتێبەکەدا شۆڕکردبووەوە:

ئەلیف: کاتێک دەنگەکەم بیست، لیدانی دڵم زیادی کرد؟

بێ: هەناسەم سواربوو!

تێ: مچوڕکێکی سارد بە موغەرەی پشتمدا تێپەڕی! کاتێک سەرم هەڵبڕی، ڕاچڵەکیم !

  • بەڵێ ڕاچڵەکیم!

ئەوەی بینیم: یەکەم: کورتەباڵای گونەگیسک! دووەم: دەتگوت خەپەگۆلکە! سێیەم: قەرەبروت کەفماڵێکی سپیکاری بۆ بکەی، بەڵام بە تۆخی! چوارەم: نوونەی چی، سوێند و قورئان دەخۆم، یان بەسێ یان خەجێ بوو! پێنجەم: چاوەکانی ملەوەن نەبوون و لەنێوان دوو برژانگی قەوس و درێژدا نەبوون، دەتگوت قوونە مریشکن! – گوتم: ببورە خاتوون من ئالان نیم و عەبەم، گیانی ئیوەش نیم و ژنەکەم چوار منداڵی هەیە.

گوتی: ئالە گیان! دیسان گاڵتەدەکەی؟!

گوتم: بە خوای بە ڕاستمە!

گوتی: بەڵگەم ئەو کتێبەتە، ئەی تۆ خوێنەرێکی سەرسەختی کافکا نەبووی؟ ئەی ئەو ملپێچە سوورە و چاویلکە خڕەت رێک دەڵێی شاعیری، هەمان گوڵیشت لە یەخەت داوە، کە گوتت.

لە گیرفانی چەپم ئاوێنەیەکی بچووکم دەرهێنا، تەماشای خۆم کرد، ڕاچڵەکیم! وەی ئەو پیاوە کێیە؟! ملپێچەکەم توڕ دا، چاویلکەکەم خستە ژێر پێیەکانم، گوڵەکەم بەجێ هێشت. پێش ئەوەی بڕۆم، بە خەندەیەکەوە ڕووم لە ”بەسێ” عەفو ”نوونە” کرد و ڕەگەزنامەکەم پیشان دا، نووسرابوو عەبداللە فەرەج وسو.

بزەیەکم کرد و گوتم: لە خۆشەویستیان پێم دەلێن ”عەبە”. ببورە ئەگەر بەرگی ناسیاوێکی تۆم لە بەر کردبێ!

پاشان کلک لەسەرشان هەڵاتم!

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.