لەیلا قاسم، باشتر بناسین

0
4775
شەهید لەیلا قاسم
شەهید لەیلا قاسم

مامۆستا هێمن لەسەر قارەمانی لەیلا قاسم دەڵێ:

کە تۆ تۆرای لە چاوم وەک خەوی من

لە بسکت رەشترە مانگەشەوی من

برۆ مەجنوون بە لەیلای خۆت مەنازە

کە ناوبانگی پتر دەرکرد ئەوی من

زەی ھاتێ، وتی جەلادی خوێری!

بە کەیفی خۆت پەتت باوێژە ئەستۆم

ئەوە پەت نیە میدالی ئیفتخارە

کە بوومە قارەمانی میڵەتی خۆم

كەم كەس هەیە ناوی (لەیلا قاسم)ـی نەبیستێت و یان لەگەڵ مێژووی خەباتی ئەو كچە شۆڕشگێرە ئاشنا نەبووبێت، بۆیە زۆر جار كە گوێمان لەو ناو مەزنە دەبێت بیر لە رۆژانی سەختی كاروانی كوردایەتی دەكەینەوە كە بە شەهیدبوونی خۆیان مێژووی پڕ لە سەروەریی ئەمڕۆیان تۆمار كرد و، ئافرەتیش وەك بەشێكی گرینگ لەو كاروانە كوردایەتییە مێژوویەكی پڕ لە شانازی بۆ گەلەكەی تۆمار كرد، كە شەهید (لەیلا قاسم) نموونەیەكی بەرزی ئەو سیمبوولە پیرۆزەیە.

لەیلا قاسم (١٩٥٢ لە خانەقین – ١٩٧٤ لە بەغدا) چالاکوانێکی سیاسیی کورد بوو، کە ڕژێمی بەعسی عێراق لە بەغدا لە سێدارەی دا. لەیلا قاسم وەک یەکەم کچی شەھیدی خەباتی کورد دەناسن.

لەیلا قاسم، کچە تێکۆشەری کورد، ساڵی ١٩٥٢ لە گوندی بامیلی سەر بە شاری خانەقین لە خێزانێکی ھەژار و نیشتمانپەروەری کورد لەدایکبووە. قاسم حەسەنی باوکی لەیلا، کرێکاری کۆمپانیای پاڵاوگەی نەوتی ئەلوەند بوو. دوای ئەوەی قاسم خانەنشین کراوە، ساڵی ١٩٧١ لە خانەقینەوە ماڵیان گواستۆتەوە بۆ بەغدا. ھەموو خوشک و براکانی لەیلا (سەبیحە، سەلام، سەفا، سەلاح) خەریکی خوێندن بوون. سەرباری خوێندن ھەریەکەیان لەپای خوێندنەکەیان بۆ بژێوی ژیانی خێزانەکەیان کاریان کردووە.

شەهید لەیلا قاسم و هاوڕێیانی لە زانکۆ
شەهید لەیلا قاسم و هاوڕێیانی لە زانکۆ

لەیلا قاسم بۆ یەکەم جار لە ساڵی ١٩٥٨ لە شاری خانەقین چووەتە بەر خوێندن و قۆناغەکانی سەرەتایی و دواناوەندی لەم شارە تەواو کردووە. لەیلا لە ساڵی ١٩٧١دا لە بەشی کۆمەڵناسی کۆلێژی ئادابی زانکۆی بەغدا وەرگیراوە. لەیلا کە ھەر لە تەمەنی منداڵییەوەی ھەژاری و نەداری چەشتبوو، لەلایەکیش و زوڵم و زۆرداری ڕێژیمی عێراق لەسەر گەلی کورد، بیری ئازادیخوازانە و خەبات و تێکۆشانی لەلای لەیلا قاسم دروستکردبوو.

لەیلا ھەر زوو ئاشنایەتی لەگەڵ بزووتنەوە و ڕێکخستنەکانی نەتەوەکەیدا پەیداکرد. ساڵی ١٩٧٠ لە ڕێگای سەلام قاسمی برا گەورەکەیەوە پێوەندی بە بزاڤی سیاسیی نەتەوەکەیەوە کردووە و لەنێو ڕیزەکانی ‘یەکێتیی قوتابیانی کوردستان’ خەبات و تێکۆشانی بەڕێوەبردووە. لەیلا قاسم لەنێو قوتابییە کوردەکانی زانکۆی بەغدا ڕۆڵێکی کاریگەری ھەبووە لە وشیارکردنەوە و ڕێکخستنیان. لە کاتێکدا کە دەگوترا ژن ناتوانێت شانبەشانی پیاوان لە شار و لە شاخ و لە دێھاتەکاندا خەبات بکات، لەیلا بە پێچەوانەوە شانبەشانی قوتابییە کوڕەکانی کورد خەباتێکی بەرفراوانتری بەڕێوەدەبرد و دژ بە نایەکسانی مافەکانی ژنان و پیاوان بوو، بەتایبەتیش کە بۆ خودی خۆی لە بواری کۆمەڵناسیدا دەیخوێند و لە ڕاستییەکانی کۆمەڵگەی کورددا تێگەیشتبوو.

لەیلا قاسم لەگەڵ یەکێک لە ھاوڕێکانی خۆی بە ناوی جەواد ھەمەوەندی کە بەیەکەوە خەبات و چالاکییان دەکرد، زۆر یەکتریان خۆشدەویست. ئەگەرچی لەیلا خوێندکاری زانکۆ و جەوادیش کرێکاری یەکێک لە کارگەکانی بەغدا بوو، وەلێ خۆشەویستییەکی بێسنووریان لەنێواندا ھەبوو. لەیلا ھەر بەڕێگەی جەوادیشەوە بۆ ماوەیەک لە ناوچەکانی باشووری کوردستان چووە نێو ڕیزەکانی پێشمەرگەوە. ئامانجی لەیلا قاسم لەمەدا زیاتر ناسینی ڕەوشی سیاسی کورد و بە شێوەیەکی باشتر بەڕێوەبردنی خەباتی ڕێکخستن بوو لەنێو شارەکاندا.

لەیلا قاسم و جەواد ھەمەوەندی ھەردووکیان ھاوبیر و کۆک بوون لە پرسەکاندا لەپێناو سەرکەوتنی دۆزی گەلەکەیاندا. لەیلا بە خەبات و تێکۆشانی خۆی سەلماندی کە ژنانیش شانبەشانی پیاوان دەتوانن خەبات و تێکۆشان بۆ ئازادی گەلەکەیان بەڕێوەببەن.

لە سەرەتای ساڵەکانی ١٩٧٠ کە گەلی کورد لە باشووری کوردستان بە قۆناخێکی ھەستیاردا تێپەڕ دەبوو، لەیلا قاسم و جەواد و ھاوڕێکانیان سەرباری نکۆڵیکردنی ڕژێمی بەعس لە ھەبوونی گەلی کورد، ئەوان سوور بوون لە خەبات و تێکۆشان بۆ بەدەستھێنانی مافەکانی گەلەکەیان. ھەروەھا لەیلا و جەواد لە سەرەتای ساڵی ١٩٧٤ بەیەکەوە لێکۆڵینەوەیەکی زانستییان لەسەر کۆمەڵگەی کورد ئەنجامدابوو و لە دەرفەتێک دەگەڕان کە بڵاوی بکەنەوە. بەڵام بەھۆی تێکچوونی گفتوگۆکانی نێوان سەرکردایەتی کورد و ڕێژیمی عێراق و دەستپێکردنەوەی شەڕ و پاشانیش بەھۆی گیرانی لەیلا قاسم و جەواد و ھاوڕێکانی تریان دەستنووسی لێکۆڵینەوەکەشیان لەلایەن سیخوڕەکانی حکومەتی عیراقەوە لەناوبردرابوو.

لەگەڵ بەرفراوانبوونی شەڕەکان لە ساڵی ١٩٧٤دا، دەزگا ھەواڵگرییەکانی ڕێژیمی بەعس بەردەوام و زۆر بەتوندی چاودێری یەک‌بەیەکی تاکەکانی کوردییان دەکرد. بۆیە ئەوەندەی نەبرد لە ڕۆژی ١٩٧٤/٠٤/٢٨دا لەیلا قاسم و چوار لە ھاوڕێکانی (جەواد ھەمەوەندی، نەریمان فوئاد مەستی، حەسەن حەمەڕەشید و ئازاد سلێمان میران) لە ئەنجامی ھەڵمەتێکی بەرفراوانی ھێزەکانی ئاسایش و سەربازی ڕێژیم لە بەغدا دەستگیرکران. ڕۆژنامەی الصورەی زمانحاڵی ڕێژیمی بەعسی دەسەڵاتدار و ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنی نێوخۆیی عێراق، لەیلا قاسم و ھاوڕێکانی وەک تێکدەر و گێڕەشێوێن و تیرۆریست بەناو کرد، بەڵام لەگەڵ ھەموو ئازار و ئەشکەنجەیەکیشیان بچووکترین کردەوەشیان لەسەر ئاشکرا نەبوو.

لەیلا قاسم کچێکی چاونەترس و زیرەک بوو؛ لەڕووی وەڵامی پرسیارەکانی بەڕێوەبەری دەزگای ھەواڵگری بەعسدا بێ باکانە ڕایگەیاندبوو: “بە کوشتنی من ھەزاران کورد لە خەوی نەزانی وشیار دەبنەوە، زۆر خۆشحاڵ و سەربەرزم کە گیانم فیدای ڕێی ڕزگاری کوردستاندا دەکەم.” ھەموو ئازار و ئەشکەنجەیەک نەیتوانی بڕیاری پەشیمانی بە لەیلا دەربڕێت.

ڕێژیمی بەعس بە مەبەستی چاوترساندنی لاوان و قوتابیان و چینی ڕۆشنبیری کورد یەکسەر دوای دەستگیرکردنیان دادگایەکی نادادوەرانەی دژ بە لەیلا قاسم و ھاوڕێکانی بەڕێوەبرد و بڕیاری لەسێدارەدانیانی بۆ دەرکرد. ھێشتا دوو ھەفتە بەسەر دەستگیرکردنیان تێنەپەڕیبوو، کە کاتژمێر ٧ی سەرلەبەیانی ڕۆژی ١٩٧٤/٠٥/١٢ لەیلا قاسم و ھەر چوار ھاوڕێکەی لەسێدارەدران.

لەیلا قاسم وەک خوشکەکەی دەگێڕێتەوە، بەر لە لەسێداردانی داوای جلی كوردی لە ماڵەوە دەكات بۆ ئەوەی بە جلی كوردییەوە لە سێدارە بدرێت و هەر بەو شانازییەیشەوە  لە شەوی 12-13/5/1974 لە سێدارە درا و شەهید بوو و وەك خۆی بە خوشكەكەی دەڵێ: “خوشكە گیان دوای رۆژێكی تر دەبمە بووكی كوردستان و دەچمەوە ناو باوەشی كوردستان و خۆشەویستیم بۆ كوردستان سنووری نییە، بە خۆشحاڵییشەوە جەستەی خۆم پێشكەش دەكەم و داوا دەكەم ئاڵای كوردستانم بۆ بكەن بە كفن و بە ئاڵای كوردستان بمنێژن و لە بری گریان و شین، دەنگی من بگەیەننە سەركردی لێهاتوو (مستەفا بارزانی).”

سەلام قاسمی، برای لەیلا قاسم، بە ماوەیەک دوای لەسێدارەدانی لەیلا ھەر لە بەغدا لەلایەن بەعسییەکانەوە کوژرا. تاوانی سەلام قاسم تەنیا ئەوە بووە کە وێنەی لەیلای خوشکی ناردبوو بۆ دەستی قوتابیانی کورد و ئەندامانی یەکێتیی قوتابیانی کوردستان لە دەرەوەی وڵات. دایک و باوکی لەیلا قاسمیش بەھۆی لەدەستدانی دوو ڕۆڵەیان، ھەر زوو بە کۆست و خەمێکی گەورەوە سەریان ناوەتەوە و کۆچی دواییان کردووە.

ھەواڵی لەسێدارەدانی لەیلا قاسم بە کوردستاندا بڵاو بۆوە. ھەروەھا ھەندێک لە چاپەمەنییەکانی ئەوساکەی جیھان ھەواڵی لە سێدارەدانی لەیلا قاسمیان وەک لەسێدارەدانی یەکەم ژن لە مێژووی سیاسی عێراقدا بڵاوکردۆتەوە. بێگومان لەسێدارەدانی کچە کوردێک بەدەستی ڕێژیمی عێراق کاریگەرییەکی گەورەی کردە سەر لاوانی ئەو سەردەمەی کورد، کە ئەمەیش بووە ھۆی ئەوەی بە ھەزاران لاوی کورد پەیوەست بن بە دۆزی گەلەکەیان و ڕوو لە چیاکان بکەن.

مەسعوود بارزانی، سەرۆکی ئێستای هەرێمی کوردستان لە بارەی شەهید بوونی لەیلا قاسمـ ەوە دەڵێت: “لە رۆژێكدا هەواڵی شەهیدبوونی خوشكە (لەیلا) و هاوڕێیانیمان لە كوردستان پێ گەییشت، كوردستان لە ژێر دڕندەترین هەڵمەتی رژێمی فاشیستدا بوو، رۆژ نەبوو دەیان شەهید نەدەین، بەڵام باوەڕ بكەن، هیچ رووداوێك بە قەد رووداوی لەسێدارەدانی (لەیلا) و هاوڕێكانی تەئسیری لە (بارزانی) و قیادەی شۆڕش نەكرد، راستە بە دیمەن لە بەرچاومان نەبوون، بەڵام بە ڕاستی (لەیلا) و هاوڕێكانی بوونە نەخش لە دڵی هەموو كوردێكدا، لە دڵی هەموو ئازادیخوازێكدا، وێنەیان بوو بە نەخش، ناویان بوو بە ئاڵای سەرفرازی و بەرخودان”.

دوای لەیلا قاسم لە سەرتاپای کوردستان ھەزاران منداڵی کورد بە ناوی لەیلاوە ناونران. لەیلا قاسم بوو بە چیرۆک و داستان و ھەڵبەستی شاعیرانی گەورەی کوردی وەک جگەرخوێن وهێمن و زۆری تر.

لەیلا كەچا میت‌و مەدامامۆستا جگەرخوین لە هەڵبەستی ( لەیلا شەهید) دا بە خەمباری لەسەر شەهادەتی لەیلا قاسم وەها دەنووسێت:

جانێ خوەدا دبەر مەدا

بژین هەچی كۆ جافیدا

خوەش بن ژ تە ژار‌و گەدا

لەیلا كیە؟

لەیلا ژنە.

لەیلا منە

لەیلا منە…

 * * *

لەیلا دەلال‌و پڕ چەلەنگ

لەیلا جوان‌و شۆخ‌و شەنگ

خوە دایە كوشتن وەك پلەنگ

شەرێ ل ناڤ كورد دایە دەنگ

 * * *

ئێرش بكەن رەنگێ زیا

زوو دەركەڤن ژۆرێ چیا

بگرن ل ئەو دوژمنێت ریا

كا: هۆر‌و میت‌و مەدیا

 * * *

لەیلا بژی سەد ئافەرین

ژ بۆ مە بوویە ئۆل‌و دین

دیسا ل من دەربوون برین

هەتا جگەر من بوویە خوین!

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت