لە تەورێز لە نێوان ناڕازیان و ڕژیم پێکدادان هاتە ئاراوە

0
816

ڕۆژی کورد: سەرچاوەکانی هەواڵی تایبەت بە ناوچە تورکنشینەکانی ئێران باس لە پێکدادان و گرژی لە نێوان هێزەکانی ڕژیم و کەسانی ناڕازی بە بێ ڕێزی کردنی ڕۆژنامەی “تەڕحێ نۆ” دەکەن.

ئوریان نیوز لەمبارەوە نووسی: “ئێوارەی ڕۆژی سێ شەممە 5ی گەلاوێژی ١٣٩٥ی هەتاوی سەدان کەس لە خەڵکی شاری تەورێز بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی بە بێ ڕێزییەکانی ڕۆژنامەی “تەرحێ نۆ” بە شێوەیەکی هێمنانە کۆببوونەوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێ: “خەڵکی ناڕازی لە گۆڕەپانی ڕاستە کوچەوە بەرەو لای دارایی ڕێپێوانیان دەکرد کە نزیک بە ١٠٠٠ تا ١٥٠٠کەس دەبوون”.

خەڵکی ناڕازی درووشمگەلێکیان دەکوتەوە وەک: “هارای هارای من تورکم”، “ئازەربایجان میللتی چکنمز بو زیللەتی” واتا خەڵکی ئازەربایجان ئەو زۆرداریە قەبووڵ ناکات.

ئەو کۆبوونەوە ناڕەزایەتییە پاش ماوەیەک بوو بە شەڕ و پێکدادان و هێزەکانی ئەمنیەتی و گاردی تایبەت، هێرشیان کردۆتە سەر خەڵکەکە”.

شایەتحاڵێکیش لەمبارەوە گوتوویەتی: “هێزەکانی پۆلیس و گاردی تایبەت زۆر بێ ڕەحمانە بە باتوم لە خەڵکیان دەدا، لە ناو خەڵکەکەدا ژنیش هەبوون”.

سەرچاوەیەک لەمبارەوە بە ڕۆژی کوردی گوت: “تا ئێستا زیاتر لە ٣٠ کەس لە ناڕازییەکان لە لایەن هێزەکانی ڕژیمەوە دەستبەسەر کراون”.

ڕۆژنامەی “تەرحێ نۆ” کە لە تەورێژ بڵاو دەبێتەوە لە ژمارە ٨٦٨ـی خۆی لە ڕێکەوتی 30ی پووشپەڕی ١٣٩٥ـی هەتاوی لە بابەتێکدا لە ژێر ناوونیشانی “هەفت خانێ ڕۆستەم”، چیرۆکێک لە شاهنامە دەگێڕێتەوە کە تێیدا ڕستە و وشەگەلێکی ڕەگەزپەرستانە بە دژی تورکەکانی بەکار هاتووە.

لەو بابەتەدا لە زمانی پاڵەوانی ئێرانی “گیو”، سەرداری توارنیەکان “ئەفراسیاو” بە “تورکی بەخت ڕەشی بێ ناوونێشان” بانگ دەکات و لە زمانی ڕۆستەمیشەوە دەڵێ “ئێمە تورانیەکانمان پێ پیاو نین هەر هەموویان ژنن و تۆ ئەی تورکی بەخت ڕەش بۆ شەڕ لەگەڵ پیاوان ساز نەکراوی، بچۆ وەک ژنان تەشی خۆت بڕێسە”.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت