لە پەراوێزی دیداری ئەنستیتۆی”مێری”دا

0
1234
عەلی بەهرامی
عەلی بەهرامی

عەلی بەهرامی

ڕۆژی سێ شەممە 4ی خەزەڵوەر، 25ی ئوكتۆبری 2016 ئەنستیتۆی مێری سێهەمین دیداری خۆی تایبەت كرد بوو بە هێز و لایەنە سیاسیەكانی كوردستانی ئێران و ئەو پرسیارانەی لە پێوەند بە ڕۆژهەڵات و پێوەندی نێوان ئەحزابی ئەو بەشەی كوردستان دێنەپێش، بۆ ئەو مەبەستە سەركردەی هەندێ لەو لایەنانەی بۆ دەربرینی بۆچوونی خۆیان و وەڵام بەو پرسیارانەی لەلایەن ڕای گشتیەوە دەكرێ بانگهێشت كرد بوو. گوومانی تێدا نیە ئەم هەنگاوەی ناوەندی مێری بەنرخ و جێی دەست خۆشیە بەڵام لە هەمان كاتدا چەند كەم و كوڕیم تێدا بەدیی كرد كە لە درێژەی ئەو چەند دێرە نووسینەدا پەنجەیان دەخەمە سەر.

ئەوەی دەكرێ وەك ڕەخنە ڕووبەرووی ئەو هەنگاوەی ناوەندی مێری و كاك دلاوەرعەلائەدین بكرێت ئەوەیە كە ئەو لایەنانەی ئەورۆكە بەشداریان پێكرابوو هەموو لایەنە سەرەكیەكانی بزوتنەوەی ڕۆژهەڵات نەبوون بەڵكوو باڵەكانی دوو لایەنی سەرەكی كوردستانی ئێران (كۆمەڵەو دیموكرات) بوون، و لایەنە سەرەكیەكانی ڕۆژهەڵات لەگەڵ ئەو دوو لایەنە بریتین لە ئەحزابی دیكە كە بەداخەوە بەهەر هۆیەك بێ پەراوێز خرابوون و لێرەدا بەشدار نەبوون.

ئەگەر سەرنجی قسەی سەركردەی ئەو لایەنانە بدرێ هەموو قسەكان لە بازنەی بۆچوون و درووشمەکانی كۆمەڵە و دیموكرات تێنەپەڕی، باشتر بڵێم ئەگەر سەرنجی قسەكانی بەرێزان كاك مستەفا و كاك خالید بدەین بە هەردووكیان توانیان بۆچوونی حیزبی دیموكرات دەربڕن و بەرێزانی كۆمەڵەش بەهەمان شێوە.

لای هەموو كەس ڕوون و ئاشكرایە لایەنە سەرەكیەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان هەر لە دوای هێرشی ڕژێم بۆ سەركوردستان تا ئێستاشی لەگەڵ بێ ئەو لایەنانە بوون كە لە ساڵی 1979وە لە سەنگەری پێشەوە بوون بۆ بەرگری لە ماف و ئازادیەكانی خەڵكی ڕۆژهەڵاتی كوردستان كە بریتین لە حیزبی دیموكرات و كۆمەڵە و سازمانی خەبات بەڵام ناكرێ نكۆڵی لەوە بكرێ كە ئێستا لایەنی دیكەش لە مەیداندان و خاوەن پێگەن و چالاكیان هەیە.

بەو پێكهاتەوە، دیبەیتەكە باشتر وابوو تیشك بخاتەسەر كێشەی باڵەكانی حیزبی دیموكرات و كۆمەڵە و بەربەستەكان بۆ یەكنەبوونیان. چوونكە لە ماوەی نزیك بە 10 ساڵی ڕابردوودا هۆی سەرەكی نەبوونی یەكگووتاری و پێكنەهاتنی بەرەو هاوپەیمانی لە نێوان ئەحزابی كورد لە كوردستانی ئێران بوونی جیایی و ئینشعاباتی جیاجیا لە حیزبی دیموكرات و كۆمەڵە و ململانێی ئەو باڵانە بووە.

ئەوەی دیارەو پێشتریش تاقی كراوەتەوە هیچ هەنگاوێكی لەو شێوە لەراستای بەرەو جەبهەیەكی تایبەت بە ڕۆژهەڵاتی كوردستان بەبێ حزور و بەشداری سازمانی خەبات وەك هێزێكی سەرەكی و ڕیشەیی و خاوەن پێگەی جەماوەری ناتوانێ‌ سەركەوتوو بێ.

ئەگەر ئەم هەنگاوانەی ئێستا ئیدامەی هەنگاوە نەزۆك و شكستخواردووەكانی ڕابردووە بۆ پەراوێزخستن و حاشا لێكردن ئەوە بەدڵنیاییەوە لە ئێستاوە مەحكوم بە شكستەو باشتر وایە لەوە زیاتر خۆ بە ئەزمونی شكستخواردوەوە خەریك نەكرێ.

پێم وایە سازمانی خەباتی كوردستانی ئێران وەك هێزێكی جێكەوتوو و ڕیشەیی لە ڕۆژهەڵات كوردستان ئەگەر لە سەرتای هەر هەنگاوێكەوە لەگەڵ نەبێ و بۆچوونەكانی لە بەرنامە گشتیەكاندا ڕەنگدانەوەی نەبێ، بێ شك بەشداری ناكا.

بەو هیوایەی بەدوور لە هەر جۆرە كایەیەكی سیاسی ناراست و ناپێویست، هەنگاوی جیددی و دڵسۆزانە لە پێناو ئامانجە نەتەوەیی و دیموكراتیەكانی گەلەكەمان لە ڕۆژهەڵات هەڵگرین بۆ ئەوەی نەتیجەی باش و دڵخوازی هەبێ.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت