ڕۆژی کورد: بەپێی هەواڵی هەواڵنێری ڕۆژی کورد لە باژێری ئورمیە، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، لە گوندی باڵانش ـی ئورمیە شەڕ و پێکدادان لە نێوان کوردەکان و کەسێکی تورک هاتە ئاراوە.
هەواڵنێری ڕۆژی کورد ڕایگەیاند، سەرلە بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە ٣ی گەلاوێژی ١٣٩٥ی هەتاوی، کەسێکی ئازەری بە ترۆمبیل بە ناو کۆڵانەکانی گوندی باڵانش لە باژێری ئورمیەدا هاتووچوو دەکات و بە شێوەیەکی بەرچاو جوێن بە کوردەکان و باوەڕی ئایینی و نەتەوەییان دەدات.
بێ ڕێزی و سووکایەتی کردنی ئەو کەسە بە کوردەکانی ئەو شوێنە، ناڕەزایەتیی خەڵکی لێدەکەوێتەوە و لە ئەنجامدا کەسی بێ ڕێزیکەر دەکەوێتە بەر پەلاماری کوردەکان و زەبرێکی زۆری وێدەکەوێ.
لە ئەنجامی ئەو لێدان و بەگژداچوونە، پۆلیس و هێزە ئینتزامییەکانی باژێری ئورمیە دێنە شوێنەکە و کۆتایی بەو ئاڵۆزییە دێنن.
دەگوترێ خەڵکی ئاکنجیی گوندی کوردنشینی باڵانش، ترۆمبیلی ئەو کەسەیان شکاندووە و خەسارێکی زۆریان پێگەیاندووە.
پۆلیس کەسی تاوانباری دەستبەسەر کردووە و دەگوترێ لە پاسگای باڵانش ڕاگیراوە.