لاریجانی: دەوری وەزارەتی ئیتلاعات لە بەشی ناوکی ـدا جێگای ڕێزە

0
636

ڕۆژی کورد: لاریجانی، سەرۆکی مەجلسی ئێران، ڕۆژی چوارشەممە 27ی گەلاوێژی 1395ی هەتاوی لە کۆبوونەوەی ڕێکخراوی ئیتلاعاتی دەرەکیی وەزارەتی ئیتلاعات، لێدوانی دا و لە لێدوانەکانی خۆیدا بە ئاشکرا باسی لە دەوری گرنگی وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕژیمی ئێران لە دەرەوەی سنوورەکان و هەروەها لە بڕیاردانە سەرەکییەکانی ئێران دا و گوتی: “وەزارەتی ئیتلاعات هەم لە بواری ئازادکردنی زیندانیانی ئێرانی لە دەرەوەی ئێران و هەم لە بەشی ناوکیدا بە باشی جووڵاوەتەوە و ئەوە نیشان دەدات وەزارەتی ئیتلاعات چۆتە ناو کاری سەرەکیی خۆیەوە”.

لاریجانی هەروەها ئاماژەی بە هەبوونی دەسەڵاتی زەبەلاحی وەزارەتی ئیتلاعات لە سەرووی هەرەمی دەسەڵاتی ئێران دا و گوتی:”کاریگەریی وەزارەتی ئیتلاعات لە بڕیاردانە سەرەکییەکانی ئێران و هەروەها دوورخستنەوەی هەڕەشەکان جێگای ڕێزە و کردەوەکانی شایانی پێداهەڵگوتنە”.

سەرۆکی پارلمانی ئێران دواتر ئاماژەی بە دژایەتیی ئیسراییل دا و گوتی: “سەرجەم ئەرتەشەکانی ناوچە وەک عێراق، سوریە، پاکستان، تورکیە و میسر و …تاد، لە ڕووداوەکانی ئەو ساڵانەی دوایی خۆرهەڵاتی ناڤین لە ناوچوون و ئەوەش بە قازانجی ڕژیمی سەهیونستییە، ئێستا تەنیا هێزە چەکدار و سرویسە ئیتلاعاتییەکانی ئێران ئەو هێزەیان هەیە کە لە هەمبەر ڕژیمی سەهیونستی بوەستنەوە کە ئەوە هەم جێگای شانازییە و هەمیش مەترسیدارە”.

هاوکات لەگەڵ لێدوانەکانی لاریجانی، ڕۆژنامەی ئامریکایی وال ستریت جۆرنال، لە زاری بەرپرسە حکومەتییەکان و هەندێک سەرچاوەی ئاگادارەوە بڵاوی کردەوە کە ئەمریکا تا ئەو کات کە سێ زیندانیی ئەمریکایی بە ڕەگەز ئێرانی لە تاران دەرنەکەوتوون، ئیزنیان نەداوە ئەو فڕۆکە ئێرانیە کە هەڵگری ٤٠٠ ملیۆن دۆلار بووە لە فڕۆکەخانەی ژنێڤەوە بەرەو ئێران بفڕێت.

چالاکانی سیاسی و دژبەرانی ڕژیمی ئێران، دەستبەسەرکردنی کەسانی ئێرانی تەباری ئەمریکایی لە ئێران و دەستبەسەرکردنی مەلەوانە ئەمریکاییەکان و هەروەها تیرۆری ڕێبەرانی کورد و دژبەرانی ڕژیم لە دەرەوە، بە بەشێک لە کردەوەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران کە لە جلی دیپلۆماتەکاندا ئەنجام دەدرێت لە قەڵەم دەدەن کە لاریجانی بە شیاوی پێداهەڵگوتنی دەزانێ و لە هەمان کاتیشدا بە گوێرەی قسەکانی سەرۆکی پارلمانی ئێران، لە پرسی ناوکیدا کاریگەرییان هەبووە.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.