کورتە ئاوڕێک لە ژیان وخەباتی سمکۆی مەزن

0
1861
ئیمان مرادوەریسی
ئیمان مرادوەریسی

نووسەر: ئیمان مرادوەیسی

ئەم شۆڕشگێرەی مەزنەی کورد کە لە مێژوودا بە “سمکۆ”  و سەردار “نوسرەت” ناسراوە، ناوی ئیسماعیلی کوڕی محەمەد پاشای کوڕی عەلی خانی کوڕی ئیسماعیل ئاغای شکاکە، بنەماڵە سمکۆ لە دێرزەمانەوە دەسەڵاتداری خێڵی شکاک بوون .

ئەم گەورە پیاوە لە ساڵی1875 لەدایک بووە و پاش مردنی باوکی و کوژرانی جەعفەر ئاغای برای، سەرکردایەتیی خێڵەکەی خۆی لە ناوچە سنوورییەکانی ئێران ـ تورکیە (ئەم خێلە دابەش دەبنە سەر دوو تایفەی سەرەکی عەبدۆیی و کاردار کە لە ڕۆژئاوای زەریاچەی ورمێ لەنێوان ورمێ وسەڵماس نیشتەجێن) بە دەستەوە گرتوە و دوای شەڕی یەکەمی جیهانیەوه هاتۆتە کۆڕی خەبات وکوردایەتییەوە .

هێشتاکە سمکۆ بەشداری هیچ چالاکیەکی سیاسی نەکردبوو، هێزەکانی ڕووسیا گرتیان و دووریان خستەوە بۆ شاری (تفلیس) و پاش ماویەک ئازادیان کرد بەڵام بەو مەرجە کە لە باژێڕی (خۆی) بژیت وهیچ هەڵوێستێکی بەدژی ڕووسەکان نەبێت .

سمکۆی مەزن، پێوەندی و نزیکایەتیێکی باشی لەگەڵ وڵاتانی ڕووسیە و ئنگلستان وئاڵمان هەبوو وبەچەندین جار لە کۆتایەکانی سەردەمی قاجار و سەرتای دەورەی پەهلەوی، تێکهەڵچوونی لەگەڵ دەوڵەتی پەهلەوی هەبوو، ئەم تێکۆشەرە لە دژی حکوومەتی پەهلەوی هەستاو وهێندێک لە کەسایەتیە ناودارەکانی ئازەربایجان وهێزە دەوڵەتیەکان وهێندێک هێزی مەزهەبی و ئاشووری لە نێو ئەو زەنجیرە  ڕووداوە کە بە “بهجیلولوق “ناسێندراوەی لەناو برد.

محەممەد ساڵح قادری لەمەڕ شەڕی سمایل ئاغا سمکۆ لەگەڵ ئەرمەنی و ئاسووریەکان وەها دەنووسێ: ” لە ساڵی ١٩١٥دا پاش ئەوەی سپای ڕووسی بە ناو کوردستانی دیوی تورکیەدا پێشڕەویان کرد، ئاسوورییەکانی ناوچەی هەکاری لە تورکەکان ڕاپەڕین و پاش شکستیان بە دەستی تورکەکان بە شپرزەیی زۆرەوە پەنایان بۆ ناوچەی ژێر دەسەڵاتی ڕووسەکان لە دیوی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی بندەستی ئێران هێنا و لەشارەکانی: خۆی، سەڵماس و ورمێ نیشتەجێ بوون و سەرەڕای قات و قڕی و بێ دەرەتانی خەڵکی ناوچەکە کە بەهۆی شەڕی یەکەمی جیهانییەوە بەرۆکیانى گرتبوو‌، ئاسوورییەکانیش بە حەشیمەتێکی زیاتر لە سەد هەزار کەس و برسیەتیی خۆیانەوە بوونەتە سەرباری کوردی هەژاری ئەو ناوچەیە و دواتر بە هەزاران کەس لەو ئاسوورییە پەنابەرانە چوونەته ڕێزی لەشکەری ڕووسی و مەشقی سەربازییان بینیوه و چەکیان هەڵگرتووه و بە فەرماندەیی ئاغا پترۆس لە جەریانی شەڕی یەکەمی جیهانیدا وێڕای ڕووسەکان زەبر و زەنگ و کوشتارێکی بێ بەزەیی‌یانەیان لە خەڵکی ناوچەکانى: ئەر‌زڕووم، بتلیس، بایەزید، وان، ورمێ، سەڵماس و سابلاخیان کردووه و کوردستانیان تووشی وێرانکاری و مەینەتێکی گەورە کردووه و به سەندنەوەی تۆڵەی قەتڵی‌عامی ئەرمنییەکان بە دەست عوسمانییەکان، لە لایەن ئاسوورییەکان تۆلە لە کوردی ڕۆژهەڵات و ئازەرییەکانی شیعە مەزهەبی دانیشتووی ئەو دەڤەرە دەکرێتەوە و بە دەیان هەزار ئازەری و کوردیان کوشتووە.”[1]

کە شەڕی جیهانی کۆتایی پێ هات ئیسماعیل ئاغا وەک سەرکردێکی سیاسی کورد ناوی دەرکرد و لە پێناو درووست کردنی ئیدارەیەکی کوردیدا ساڵی 1919 شۆڕشی کرد و کۆمەڵێک ناوچەی گرینگی خستە ژێر دەسهەڵاتی خۆیەوە، پاش دوو ساڵ لە ئەنجامی هێرشێکی گەورەی هێزەکانی حکوومەتی ئێران سمایل ئاغا تەنیا ڕێگەی چارەی پاشەکشە کردن و پەنا بردن بۆ تورکیا بوو .

لەساڵی 1924بە بڕیارێکی لێبوردن گەڕایەوە ئێران ولەساڵی 1926 جارێکی تر شۆڕشێکی تری بەرپا کرد بەڵام دیسان تێکشکا و ئەمجارە ماوەیەک لە تورکیا بە دەستبەسەری مایەوە و پاش ئازاد کردنی گەڕایەوە ئێران وساڵی 1930لەشاری شنۆ بە پیلانێکی کاربەدەستانی ئەوکاتی ئێران شەهید کرا و بەم شێوەیە کۆتایی به شۆڕشەکەی سمکۆ هات کە یانزە ساڵی خایاند .

شایانی باسە سمایل ئاغای شکاک لە مێژووی ناسیۆنالیستی کورددا جێگە وپێگەی تایبەتەی خۆی هەیە وبەباوکی ناسیۆنالیسمی هاوچەرخی کوردی ناسێندراوە .

[1] . http://www.kurdistanmedia.com/sorani/dreje/24661

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت