لە پاریس ڕێوڕەسمێک بۆ نووسەری کتێبی “کوردستان، تۆز و با” بەڕێوە چوو

0
1021

لە پاریسی پایتەختی فەڕانسە ڕێوڕەسمێک بۆ خاتوو سۆفی مووسێ نووسەری کتێبی “کوردستان، تۆز و با” لە لایەن نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە فەڕانسە و لە بنکەی سەرەکیی ئەو نوێنەرایەتییە بەڕێوە چوو.

ڕۆژی کورد: ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١ی ژووئیەی 2017ی زایینی،بە بەشداریی بەشێک لە کوردانی هەر چوار پارچەی کوردستان لە بنکەی نوێنەرایەتیی ‌حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پاریس ڕێوڕەسمێک بە بۆنەی چاپ و بڵاو بوونەوەی کتێبی “کوردستان، تۆز و با” ((KURDISTAN , Poussière et vent )) لە نووسینی سۆفی مووسێ ((Sophie Mousset)) بە زمانی فەڕانسەوی ، بەڕێوە چوو.
ڕێوڕەسمەکە بە ئامادە بوونی نووسەری کتێبەکە ڕێکخرابوو.
لە سەرەتای ئەو ڕێوڕەسمە دا د. عەلی دۆڵەمەڕی نوێنەری ‌حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە فەڕانسە باسێکی لە پێوەندی بە نووسەری کتێبەکە پێشکەش کرد. هەروەها بەڕێوەبەری ڕێوڕەسمەکە شەیدا حیسامی بە ئاماژە دانێکی کورت بە ناوەرۆکی کتێبەکە بە کورتی باسێکی لە سەر ژیان و بەرهەمەکانی خاتوو سۆفی مووسێ پێشکەش کرد.
لە درێژە دا خاتوو سۆفی مووسێ لە پێوەندی بە کتێبە نوێیەکەی بۆ ئامادەبوان دوا و باسی لە ناوەرۆکی کتێبەکەی بە کورتی کرد و گوتی: لەو کتێبە دا وتووێژ لە گەڵ سێ کەسایەتی سیاسی و هونەری واتە د.فرێدریک تیسۆ،نزان بەیگی خانی و هونەر سەلیم ((Frédéric Tissot,Nazand Begikhani, Hiner Saeem)) کراوە .
خاتوو مووسێ گوتی: گەلی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان بەردەوام بۆ بە دەستهێنانی ئازادی و سەربەخۆیی تێکۆشاون و ئێستاش بە داخەوە تووشی قەیرانێک بە ناوی شەڕی داعش لە سووریە و عێڕاق هاتوون و ئێستاش ئەوەی وەک ڕێفراندۆم بۆ سەربەخۆیی داوای دەکەن ، مافی خۆیانە و شیاوی سەربەخۆ بوونن.
لە بەشێکی ڕێوڕەسمەکە دا هەریەک لە بەڕێزانفرێدریک تیسۆ سیاسەتمەدار و دۆستی دێرینی گەلی کورد، ژیرار شالیان نووسەری بە ناوبانگی فەڕانسەوی چەند کورتە باسێکیان لە پێوەندی بە کتێبەکە پێشکەش کرد
ڕێوڕەسمەکە بە پرسیاری بەشداران و وەڵامی نووسەر کۆتایی پێهات.
پێویستە بگوترێ کە کتێبی “کوردستان، تۆز و با” ساڵی ٢٠١٧ لە لایەن چاپخانەی دەروونی نەتەوەکان((Collection L’ame des peuples)) لە وڵاتی بلژیک چاپ کراوە ، کاری گرافیکی لە لایەن ئاکۆلاد_ ئەلین بۆدێ((Accolade, Aline Bauder)) بۆ کراوە و سەرجەم لە ٩١ لاپەڕە پێکهاتووە و هاوکات لە کۆتایی کتێبەکە دا کورتەیەک لە مێژووی سەدان ساڵەی کورد بە کورتی نوسراوەتەوە

ژیرار شالیان ، سۆفی مووسێ و فرێدریک تیسۆ ، ئەو سێ مرۆڤە فەڕانسەویەی بەشێک لە ژیانیان بۆ کوردستان تەرخان کرد

لە پشت بەرگی کتێبەکە نوسراوە:
“کوردەکان گورگ و شوانن ، کوردەکان زۆر میوانگر و میواندۆستن ، لە مێژوویاندا بەردەوام هەوڵیان بۆ ئازادی داوەم ئەو کتێبە بچووکە لو کاتێکدا بڵاو کراوەتەوە کە کوردستان بە تایبەتی لە سووریە و عێڕاق لە تارمایی خوێنی شەڕ دایە ، ئەو شەڕەش تەنیا بۆ داهاتووی گەلێکە کە لە نێوان چەند وڵاتدا دابەش بووە، کوردستان ژن و پیاوی وەهای تێدایە کە لە بەرد، لە تۆز و با سازکراون ، هەتاو و سەرماکەی کوردستان هەم لەسەر جەستە و هەم لە دەرووندا نەخش دەبەستێ بەڵام کوردستان هەر تراژێدی نییە ، هەڵپەڕکێ و سەما، تامی جێژن و چێژ و شادییەکی بێوەنەت لە شاخەکان دا پێدەبەخشن ، ئەو کتێبە بچووکە نەخشە ڕێگە نییە ، ناساندنێکە کە بۆمان دەگێڕێتەوە بە وشەی خۆشەویستی و ڕاستیی ئەو نەتەوەیە کە فێر دەبێ و ئەوڕۆ بە ڕووی جیهاندا دەکرێتەوە،بەڵام لە گەلی کورد تێناگەین تا ئەو کاتەی خۆشماننەوێن و بەرانبەر خۆمان لێیان نەڕوانین، ئەو کتێبە بە یارمەتیی د.فرێدریک تیسۆ،نزان بەیگی خانی و هونەر سەلیم ئامادە کراوە ”
شیاوی ئاماژەیە کە نووسەر خاتوو سۆفی مووسێ تا ئێستا ٧ کتێبی نووسیەوە کە دوو کتێبیان لە بارەی کوردستانەوەن
ناوەندی ڕۆژی کورد یەکێک لە بەشدارانی ئەو کۆبوونەوەیە بوو.

لە ئامازۆن کتێبەکە بۆ کڕین دەست دەکەوێ و ئەوانەی خوازیارن کتێبەکەیان دەست کەوێ دەتوانن لێرە کرتە بکەن

This slideshow requires JavaScript.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت