له كاتێكه‌وه هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی یان ناسیۆنالیزمی كوردی له‌دایك بووه، نه‌ته‌وه‌ی كورد بۆ گه‌یشتن به مافه‌كانی خه‌باتی بێ پسانه‌وه‌ی درێژه داوه و به‌رده‌وام له‌و پێناوه‌دا قوربانیی پێشكه‌ش كردووه. جگه له هه‌زارن پیشمه‌رگه و خه‌ڵكی سیڤیل و تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگا كه شه‌هید بوون، نزیك به هه‌موو رێبه‌رانی بزووتنه‌وه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی كورد شه‌هید كراون و گیان و ماڵ و ژیانی خۆیان له پێناو مافه نه‌ته‌وه‌ییه‌كاندا پێشكه‌شی خاك و خه‌ڵكی نێشتمانه‌كه‌یان كردووه. به‌ڵام سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌م ماڵوێرانی و ئاواره‌یی و قووربانیدانه، شۆڕشگێڕانی نه‌ته‌وه‌كه‌مان هه‌رگیز هه‌دایان نه‌داوه و هیوا بۆ ده‌سته‌به‌ر كردنی ئامانجه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان كاڵ نه‌بووه‌ته‌وه و به سه‌ربه‌رزییه‌وه خه‌باتی كردووه و به‌رده‌وام هیوا و متمانه به خۆبوونی به‌رهه‌م هێناوه‌ته‌وه. به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌مانه، گه‌لێك هه‌ڵه و كه‌مكاری و فریوخواردنیش له مێژووی نه‌ته‌وه‌كه‌ماندا تۆمار كراوه كه پێویستی به توێژینه‌وه‌ی ورده تاكوو ئه‌زموونه تاڵه‌كان ئه‌زموون نه‌كرێته‌وه. بۆیه پێموایه ده‌بێ هه‌ر تاكێكك كورد ئاوڕی لێ بداته‌وه.
پاش سه‌ركه‌وتنی راپه‌ڕینی له‌ناكاوی ساڵی ١٩٩١ له باشووری وڵات، به‌ده‌ستهێنانی ده‌رفه‌تێكی دیكه و هاوشێوه له‌گه‌ڵ ئه‌زموونه‌كه‌ی ١٩٧٩ی رۆژهه‌ڵات و به كۆمه‌ڵێك جیاوازیی ئه‌رێنییه‌وه، به‌داخه‌وه هیچ جۆره ستراتژییه‌ك بۆ به‌نه‌ته‌وه‌یی كردنی هزری تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگا به شێوه‌ی بنه‌ڕه‌تی دیاری نه‌كرا. هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی وه‌ك خۆی و ته‌نانه‌ت به‌ره‌و لاواز بوون رۆیشت، له‌كاتێكدا كه ده‌بوایه ئه‌و هه‌سته بۆ شعووری نه‌ته‌وویی بگۆڕدرابا. ئه‌زموونی هه‌رێمی كوردستانی باشوور وه‌ك خاڵێكی وه‌رچه‌رخان بۆ هه‌موو كوردستان ده‌هاته ئه‌ژمار به‌ڵام بێ پلانی و كه‌وتنه په‌راوێزی پرسی نه‌ته‌وه‌یی و له‌بیر كردنی گرێدراویی داهاتووی هه‌موو پارچه‌كانی كوردستان پێكه‌وه، كاریگه‌ریی نه‌رێنی له‌سه‌ر هێز و وزه‌ی به‌شكانی دیكه به‌تایبه‌ت رۆژهه‌ڵات دانا.
ئه‌و بێ پلانییه هێنده كاریگه‌ریی داناوه كه ئێستا به‌شێكی به‌رچاو له حیزب و رێكخراوه سیاسییه‌كانی گرتووه‌ته‌وه و ته‌نانه‌ت به ئاشكرا به‌رپه‌رچی داوای ره‌وای خه‌ڵك و كه‌سایه‌تییه‌كان له هه‌مبه‌ر پرسی راگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی نه‌ته‌وه ده‌درێته‌وه. له راستیدا سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌و به‌ستێنه له‌بارانه‌ی بۆ كورد له ئێستادا ئاماده‌یه، جۆرێك له بیرۆكه‌ی له‌باربردنی هه‌وڵه‌كان بۆ گه‌یشتن به‌م ئاواته له‌مێژینه‌ی كورده له گۆڕێدایه، هه‌ڵبه‌ت له هه‌ركام له به‌شه‌كانی كوردستان له ئاستێك و به شێوه‌یه‌كی جیاواز له یه‌كتر.
له رۆژاوا به‌داخه‌وه هیچ جۆره به‌رچاوڕوونییه‌ك له‌گۆڕێدا نییه و سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو قاره‌مانه‌تی و خۆڕاگرییه، مه‌ترسی بۆ پاراستنی ده‌سكه‌وته‌كان له پاش ئه‌سه‌د زۆره و ترسی جارێكی دیكه‌ی ئه‌زموون كردنه‌وه‌ی رابردوو له گۆڕێ‌دا ده‌مێنێ، هه‌رچه‌ند له‌وانه‌یه شێوازه‌كه‌ی بگۆڕدرێ و به‌شێكی به‌رچاویشی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و هاوپه‌یمانییه‌ی یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل كه لقی پ ك ك یه له رۆژاوا له‌گه‌ڵ ئێران و سووریا و ئه‌مه‌ش راسته‌وخۆ مه‌له كردنه به پێچه‌وانه‌ی ره‌وتی ئاوه‌كه و ده‌كه‌وێته خانه‌ی دژبه‌رانی هاوپه‌یمانیی دژبه‌رانی رێژیمی به‌شار ئه‌سه‌د و ئێران و رووسیا كه له‌ڕاستیدا له‌به‌رچاو نه‌گرتنی ده‌سه‌ڵاتی پاش ئاڵوگۆڕه‌كانی سووریایه و كورد له ئاوا دۆخێك‌دا دیسان ده‌بێ قوربانی بدات. هه‌موو ئه‌مانه له كاتێكدایه كه هیچكام له حیزب و رێكخراوه‌كانی دیكه‌ی ئه‌و به‌شه‌ی كوردستان مافی به‌شداری و بوون له ده‌سەڵاتیان پێ نە‌دراوه و پاوانخوازی بووه‌ته رێگر له به‌رامبه‌ر دامه‌زرانی سیستمێكی دێموكراتیكدا.
له باشوور دابه‌شبوونێكی مانادار له حیزبه خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌كاندا ده‌بینرێ و كاریگه‌ریی دوژمنان له‌سه‌ر ئه‌و حیزبانه به ئاشكرا ره‌نگی داوه‌ته‌وه و به‌تایبه‌ت رێژیمی ئێران ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر كولتوری ئه‌م به‌شه‌ی كوردستانیش كاریگه‌ریی داناوه. به‌شێك له حیزبه‌كان راسته‌وخۆ سیاسه‌ته‌كانی ئه‌م رێژیمه پێڕه‌و ده‌كه‌ن و به ئاشكرا دژایه‌تیی چاكسازی و به‌ره‌وپێشچوونی پلانه سیاسی و ئابوورییه داڕێژراوه‌كان ده‌كه‌ن و ئه‌مه تا ئاستێك چووه‌ته پێش كه دژایه‌تیی هه‌وڵه‌كان بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان ده‌كه‌ن و هه‌وڵ ده‌ده‌ن خه‌ڵك له داخرانی سنووره‌كان و قه‌یرانی ئابووری بتۆقێنن و هاوكات سیمبۆله نه‌ته‌وه‌ییه‌كان كه‌مڕه‌نگ بكه‌نه‌وه و ئه‌مه تا ئاستێك چووه‌ته پێش كه رێژیمی ئیسلامیی ئێران وه‌ك پارێزگایه‌كی خۆی مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستاندا ده‌كات نموونه‌ش بۆ ئه‌مه دانانی ناوه‌ندیی رۆشنبیری له كه‌ركووك و گرتنی ساڵانه‌ی رێوڕه‌سمی یادی مردنی خومه‌ینی و پیرۆز كردی شۆڕشی ئیسلامی له شاره‌كانی هه‌رێم و زۆر كرده‌وه‌ی سه‌پێندراوی دیكه.
له رۆژهه‌ڵاتیش به‌شێكی به‌رچاو له حیزبه‌كان تووشی جۆرێك له سه‌رلێشێواوی بوون و هه‌ڵوێستیان روون نییه و دیسان هه‌ر چاوه‌ڕوانیی كوشه‌نده‌ی پێوه دیاره. له شانۆی هه‌ڵبژاردندا هیچ هه‌ڵوێستێك ناگرن و پێده‌چێ له ئاكامی هه‌ڵبژاردنه‌كان بترسن و پێیان وابێ له ئه‌گه‌ری به‌شداریی خه‌ڵكدا ئه‌وان به شكست خواردوو بێنه ئه‌ژمار كه ته‌نیا خودی ئه‌م ترسه ده‌توانێ نازناوی شۆڕشگێڕبوون خه‌وشدار بكات و له پێشه‌نگه‌وه بۆ پاشه‌نگ دابه‌زێ. له هه‌مانكاتدا دروشمی رووخانی رێژیم ته‌نیا له ئاستی دروشم‌دا بمێنێته‌وه و چاوه‌ڕێی هه‌ڵسوكه‌وت و بڕیاری خه‌ڵك بن له نێوخۆ. سه‌ره‌ڕای ئه‌مانه، ده‌بینین كه هه‌ر هه‌مان هزری به‌شێك له حیزبه‌كانی باشوور بۆ به كه‌م زانین و بێ متمانه‌یی به كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك له رۆژهه‌ڵاتیش ره‌نگ ده‌داته‌وه و تۆوی بێ هیوایی له نێو به‌شێك له پێشه‌نگه‌كانی كۆمه‌ڵگا و له ئاستی سه‌ره‌وه‌ی ئه‌م پێشه‌نگانه‌دا چه‌كه‌ره ده‌كات و ئه‌م تۆویشه له رێگای ئاخه‌وتنه‌كانه‌وه له كۆمه‌ڵگا ده‌وه‌شێنن. له‌م نێوه‌دا ده‌توانین ئاماژه به چه‌ند خاڵی دیكه‌ش بكه‌ین; له نێو زۆربه‌ی هه‌ره زۆری سه‌ركرده سیاسییه‌كانی رۆژهه‌ڵاتدا جۆرێك له شه‌رمی سیاسی ده‌بینرێ كه به‌داخه‌وه ده‌ربڕینه‌كان له‌لای كه‌سانی دیكه به پێی نه‌ته‌وه‌كه‌یان و ئاستی ده‌سه‌ڵات و شێوازی بیری سیاسیی ئه‌و كه‌سانه گۆڕانی به‌سه‌ردا دێ و ئه‌م كه‌سایه‌تییه رۆژهه‌ڵاتییانه ناچار ده‌كات شێوازی ئاخه‌وتنه‌كه‌یان بگۆڕن. بۆ نموونه، له‌لای فارسێكی ئێرانیی به رواڵه‌ت ئازادیخواز جۆرێك و لای كوردی هه‌ركام له پارچه‌كان جۆرێكی دیكه‌یه.
نزیك به هه‌موو سه‌ركرده‌كانی ئێستای حیزبه‌كان تا راده‌یه‌كی زۆر له هه‌نگاونانی نوێ به‌ره‌و گۆڕینی بارودۆخی خه‌بات له‌و به‌شه‌ی كوردستان ده‌ترسن و ترسی ئه‌وه‌ی كه هه‌ڵه بكه‌ن و تاكتیكه‌كه‌یان شكست بێنێ، بووه‌ته هۆی له په‌راوێز كه‌وتن دووركه‌وتنه‌وه له هاوكێشه ناوچه‌ییه‌كان و به ئاشكراش بینیومانه كه پێڕه‌و كردنی ئه‌م سیاسه‌ته، چ دۆخێك و چ هه‌لومه‌رجێكی خوڵقاندووه.
به كورتی، ئه‌وه‌ی دوژمن، واتا رێژیمی ئیسلامی چاوه‌ڕێی كردووه و هه‌وڵی بۆ داوه به هۆی كه‌سانی نێوخۆیی كورده‌وه پێڕه‌و كراوه و هێز و وزه‌ی كوردی ئه‌و به‌شه‌ی كوردستان تا راده‌یه‌كی زۆر به خه‌سار چووه و به‌داخه‌وه بێ هیوا بوون و بێ هیوا كردنی خه‌ڵكیشی به دوای خۆیدا هێناوه.
له باكووری كوردستان كه پارتی كرێكارانی كوردستان ئاڵاهه‌ڵگریه‌تی، به هۆی كۆمه‌ڵێك هه‌ڵه‌ی ستراتیژیكی ئه‌م پارته‌وه هێشتا به‌رچاوروونییه‌كی ئه‌وتۆ به‌دی ناكرێ و ته‌نانه‌ت دروشمی ستراتژیكی ئه‌م پارته لێڵه و تا ئێستاش روونیان نه‌كردووه‌ته‌وه كه ئامانجی سه‌ره‌كی چییه و سه‌ره‌ڕای بوونی دروشمی سه‌ربه‌خۆیی له رابردوودا، هه‌نووكه‌ش بۆ به‌شێكی زۆر له كۆمه‌ڵگای كوردی ناڕوونه كه ئێستا خوازیاری چن؟. به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه روونه خه‌بات به هه‌موو كه‌م و كووڕییه‌كانیه‌وه له‌و به‌شه‌دا به‌رده‌وامه و هاوكات ده‌توانین هه‌ڵوێستی سه‌یروسه‌مه‌ری ئه‌و پارته‌ش له هه‌مبه‌ر پارچه‌كانی دیكه و حیزب و رێكخراوه‌كانیان ببینین و له هه‌مانكاتدا پێوه‌ندیی ئه‌م پارته له‌گه‌ڵ رێژیمه داگیركه‌ره‌كانی ئێران، عێراق و رێژیمی به‌شار ئه‌سه‌د كه شێوازی ئه‌م پێوه‌ندییانه پرسیارخوڵقێنه، ببینین و ئه‌و پرساره‌یان ئاراسته بكه‌ین كه گه‌لۆ، ئه‌م پێوه‌ندییانه له‌گه‌ڵ دروشمه‌كانی رابردووتان بۆ سه‌ربه‌خۆیی هه‌موو كوردستان ته‌بایه؟ ئه‌گه‌ر وایه دڵنیایی بده‌نه كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان.
له كۆتاییدا پێمخۆشه دڵه‌ڕاوكێی خۆم له‌هه‌مبه‌ر ئه‌و هزره‌ی كه له به‌شێك له حیزب و رێكخراوه‌كانی چوارپارچه‌ی كوردستاندا ده‌بیندرێ ده‌رببڕم كه به‌داخه‌وه هه‌وڵدانه بۆ بێ هیوا كردنی كۆمه‌ڵگای كوردی و سه‌لماندنی بێ توانایی كورد و به‌هێزیی دوژمنان و وره به‌خشین به نه‌یارانی كورد.