پەرەستگای زەردەشتیەكان لە ھەولێر دەكرێتەوە..

0
1011

ڕۆژی کورد: بەشێك لە ڕووناكبیران و نوسەران و لایەنگرانی ئایینی زەردەشتی، بۆ دانانی پلانێكی تایبەت بۆ شێوازی كردنەوەی پەرەستگایەكی تایبەت بە ئایینەكەیان و پەرەپێدانی زیاتر ئەم ئایینە لە ناو خەلكی كوردستان، لە دەوری یەك كۆ بوونەوە.

لەو کۆبوونەوەیەدا کە ڕۆژی شەممە 6ی خاکەلێوەی 1395ی هەتاوی پێکهات، ئامانجی سەرەكی خۆیان گەڕاندنەوەی تاكەكانی كورد بۆ ئایینی باوباپیرانیان ناوبرد. لەو كۆبوونەوەدا باس لە ئایینی زەردەشتی كرا و دیوە شاراوەكانی خرایە ڕوو كە ئاینێكی كۆنی كوردییە و بەشێكی زۆر لە ئایینەكان سودیان لێوەرگرتووە و ھەموو لەسەر ئەوە كۆك بوون كە ھەوڵ بدەن ئایینەكە گشتگیر بكەن چونكا بەو دروشمانەی لەناو ئایینەكەیاندا ھاتووە زیاتر تاكی كورد بەرەو یەكسانی و تەبایی دەبات.

نووسەرانی بەشدار بووی كۆبووونەوەكە ھاوڕا بوون كە دەبێ زۆر بە ئارامی بۆ ئەم پرسە ھەنگاو بنرێت و ئاماژەیان بەوە كرد ئامانجیان ئەوە نیە لە لق و پۆپی ھیچ ئایینێكی دیكە بدەن و دژی شەڕ و ناخۆشین و لە ڕوانگەی ئەوانەوە كوردستان وڵاتی پێكەوە ژیانە و بەشێكی زۆر لە ئایینەكان لە ھەرێمەیە و دەبێ دروشمی یەكەمیان ڕێز گرتن و تەبایی بێ.

جەلیل عەباسی، ڕێكخەری كۆبوونەوەكە ئاماژەی بە ڕێكخراوی یەسنا كرد. ئەو كە خۆی شارەزای ئایینی زەردەشتییە، تایبەت بە رۆژی كورد ڕایگەیاند: “ئەوە ئامانج و ئاواتی سەرەكیی لایەنگرانی زەردەشتیە لە ھەولێر و ئێستا خەریكە ئەو دارە لق و پۆپ دەگرێ ناوبراو هەروەها وتیشی: “لە فەلسەفەی زەردەشتدا مرۆڤ بوون گرینگە و عەقڵگەرایی بەرجەستە بوەتەوە و چەندین سەدەیە كە كورد خاوەنی سەرەكیی ئەو فەلسەفەیە و لێی دابڕاوە و تەواو بۆی بێگانەیە و ئەمڕۆ تاكی كورد گەیشتوەتە ئەو بڕوایە كە دەبێ بە دوای ناسنامەی خۆیدا بگەڕێ و خودی ونبووی بدۆزێتەوە و ئێمە دەمانھەوێ ئەو ڕێگایە ئاسانتر بكەین بۆ ئەوەی تاكی كورد بگاتەوە بە شوناسی یەكەمی خۆی”

ئاوات حسامەدین نوێنەری زەردەشتیەكانی كوردستان لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینیی حكومەتی ھەرێمی كوردستان لە كۆبوونەوەكەدا ئامادە بوو باسی لە پشتگیری تەواوی حكومەت كرد بۆ پەرەپێدانی زیاتری ئەم ئایینە. ئەو ھەوەرھا باسی ئەوەی كرد کە ئامانجی حكومەت، پێكەو ژیان و تەبایی ئایینەكانە لە كوردستان و بێگومان جیا لەوە زەردەشتی و كورد بوون نابێ لە یەكتیر جیا بێتەوە و مەرج نیە ھەموو كەس زەردەشتی بێ، ئەوەی مرۆڤی چاك بێ و كورد و نەتەوەپەرەست بێ ئێمە پێشوازی لێدەكەین.

لەم بارودۆخەی ئێستا تا ڕادەیەك ئیسلامی سیاسی باڵ كشاندووە بە سەر باشوری كوردستان و پرسی سەرھەڵدانی داعش وایكردووە بەشێك لە گەنجانی كورد بە ڕێنمایی كەسانی شارەزا لەم ئایینە بگەڕێنەوە سەر ئایینی كۆنی خۆیان واتا ئایینی زەردەشتی.

ھەر چەند زۆر كەس ھەیە لە كوردستان كە بڕوای بە ئایین نەماوە بە تایبەت ئیسلام و ھەر ئەمەش وایكردووە خەڵكانێكی زۆر خۆیان بە دوور بگرن و بە دزییەوە بگەڕێنەوە. سەبارەت بەم بابەتە و ڕێگاپێدانی حكومەتی ھەرێمی كوردستان، بەتایبەت كە ھەرچەند ئایینی زەردەشتی بە پێی سەرچاوە مێژوویەكان ھی كوردانە بەڵام ئیستا دەبێتە كەمینە لە كورستان، ئەمیر عوسمان مەولود سەرپەرشتیاری پێكەوە ژیانی ئایینی لە وەزارەتی ئەوقاف بە ئاشكرایی ڕایگەیاند لە مانگی 5 ساڵی 2015 بە شێوەیەكی ڕەسمی لە لایەن یەكێتی زانایان و وەزارەتی ئەوقاف داننراوە بە بوونی ئەم ئایینە لە كوردستان و پشتگیریی تەواویشیان دەكەن بۆ كردنەوەی كیان یان خود پەرەستگایەكی تایبەت بە زەردەشتیكان لە ھەولێر و پەرەپێدانی چالاكیە ھزری و كۆمەلایەتیەكانیان.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت