کۆماری ئیسلامی دەنگۆی بوونی داعش لە کوردستان بڵاو دەکاتەوە/لێدوان

0
781

کۆماری ئیسلامی بە مەبەستی میلیتاریزەکردنی زیاتری کوردستان بە بیانووی شەڕ لەگەڵ تیرۆریزم و داعش، گرتە ڤیدیۆیەکی بڵاو کردۆتەوە کە تێیدا وا دەردەکەوێ دوو کەسی داعش ویستوویانە بێنە ناو خاکی ئێران و لەناو براون.

ڕۆژی کورد: بەپێی ڤیدیۆیەکی ٢ خولەکی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو بۆتەوە، کۆماری ئیسلامی باس لە هێرشی داعش بۆ ئێران لە سنوورەکانی شاری سنەوە دەکات.

لە گرتە ڤیدیۆیەکدا کە لە لایەن سپای تیرۆریستیی پاسدارانی ڕژیم بڵاو بۆتەوە وا نیشان دەدرێ کە چەند کەسێکی سەر بە ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش کە بە نیاز بوون لە سنوورەکانی شاری سنەوە بێنە ناو خاکی کوردستانی ئێران، لە لایەن سپای پاسدارانەوە کوژراون.

لەو ڤیدیۆیەدا کەلاکی دوو کەس نیشان دەدرێ و دەگوترێ لە لایەن جاش و پاسدارەکانی ئیتلاعات سنە و تیپی ٢٨٤ی سنەوە کوژراون.

لەو گرتە ڤیدیۆییەدا باس لە پشتێنی خۆکوژی دەکرێت و دەگوترێ ئەو کەسانە پشتێنی خۆکوژییان بەخۆیانەوە بەستووە و ویستوویانە لە ناو ئێران خۆبتەقێننەوە.

تاهیر حەسەنی وەند، کارناسی سیاسی لەمبارەوە پێشتر لە وتووێژ لەگەڵ ڕۆژی کورد هۆشداریی کەڵکاژۆوەرگرتنی کۆماری ئیسلامی لەو گرووپە توندئاژۆیانەی دابوو و لایوابوو کە کۆماری ئیسلامی بە ئانقەست برەو بە بوونی ئەو گرووپ و تاقمانە لە کوردستاندا دەدات و لە ئەگەری دەست پێکردنەوەی چالاکیی چەکداری لە کوردستانی خۆرهەڵات هەم خۆتەقاندنەوە بەم گرووپانە دەکات و هەمیش دەیانکاتە بیانووی زیاتری سەرکوتی کوردستان بە ناوی شەڕ و بەربەرەکانی لەگەڵ تیرۆریسم.

عیرفان ڕەهنموون

عیرفان ڕەهنموون چالاکی سیاسی و پسپۆڕی بواری ئیسلامی سیاسی پێشتر لە وتوویژێک لەگەڵ ڕۆژی کورد لەمەڕ پشتیوانیی کۆماری ئیسلامی لە ئیسلامی سەلەفی-جیهادی گوتبووی: “کۆماری ئیسلامی زۆر ئاگایانە بوار بۆ چالاکیی سەلەفییەتی جیهادی (قاعدە و داعش) خۆش دەکات. ئەم سیاسەتە تەنیا لە بەرامبەر بزاڤی نیشتیمانیی کورددا نیە -هەرچەند ئامانجی سەرەکییەتی- بەڵکو بەهۆی شانە بە ناو نهێنییەکانی قاعدەو داعشەوە، دژایەتیی ئیسلامی میانەڕەو (مەکتەبی قورئان و ئیخوان) و پێڕەوانی تەریقەتەکانی نەقشبەندی و قادری دەکات. واتە ڕژیمی ئێران، بە ئەنقەست بواری گەشەسەندنی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی قاعدە وداعش دەڕەخسینێ و ئاگایەنە ژەهری توندڕەوی لە ڕۆژهەلاتی کوردستان دا دەچێنێ. بەپێی ئەو هەواڵ و زانیارییانەی کە لە ڕۆژهەلاتەوە دەگەن ، مەلاکانی سەر بە قاعدە و داعش، پێوەندییەکی چڕوپڕیان لەتەک دەزگا سیخوڕییەکانی ئێراندا هەیە و بەرپرسانی دەزگا هەواڵگرییەکانی ئامریکا و ئەوروپا، زۆر زانیارییان لەسەر هاوکاریی سوپای پاسداران و ئتلاعاتی ئێران لەگەڵ قاعدە لە ئەفغانستان بڵاوکردۆتەوە و تەنانەت هەندێ لە ژن و منداڵکانی ”بنلادن” بۆ ماوەیەکی درێژ لە ئێران ژیاون.”

ڕەهنموون، دوای بینینی ئەو گرتە ڤیدیۆیە لەمبارەوە بۆ ڕۆژی کورد دوا و گوتی: “بە سەرنجدانێکی ورد لەم گرتە ڤیدیۆیە دەردەکەوێ کە ئەم گرتە ڤیدیۆیە هی سەرەتای بەهارە نەک هی ئێستا کە نزیک بە مانگێک لە هاوین تێپەڕ بووە، دەشکرێ ئەو دوو کەسە لە عێراق کوژرابن و هێنرابن بۆ ئەو ناوچەیە”.

ڕەهنموون لە درێژەدا ئاوڕ لە هۆکار و ئامانجەکانی ئەو شانۆیەی ڕژیم دەداتەوە و دەڵێ: “ئەم جۆرە هەنگاوانە دوو ئامانجیان هەیە: یەکەم: هەبوونی بیانوو بۆ میلیتاریزەکردنی زیاتر  کوردستان و هێنانی هێز بۆ کوردستان بە بیانووی هەبوونی داعش و شەڕ لەگەڵ تیرۆریزم. دوو: ئێران دەیهەوێ بەو جۆرە شانۆیانە ئەو گومانە لەسەر خۆی بڕەوێنێتەوە کە لە ئاستی جیهاندا لەسەر ئیران هەیە کە چما لەگەڵ ئەوەی کە داعش لە هەموو جیهان کردەوەی تیرۆریستی دەکا بەڵام لە ئێران هیچ چالاکی و تەقینەوەیەکی نیە.؟. هەر بەو نیازەش ئێران ماوەیەک بەر لە ئێستا چەند کەسی سڤیلی بەلووچی بە لێدان و ئەشکەنجە ناچار بە دان پێدانان بەوە کرد کە بڵێن ئەندامی داعشن و ئێستاش لە کوردستان ئەو شانۆی وەڕێخستووە”.

بۆ بینینی ئەو گرتە ڤیدیۆیە لێرە کرتە بکە

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت