کۆنفرانسی هەواڵنێریی ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی لە ھەولێر لەمەڕ تۆپبارانی ئێران

0
608

ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی لە ھەولێر، لە پرێس كۆنفرانسێكدا، ھیرشەكانی ئێرانیان بۆ سەر سنوورەکانی هەرێمی کوردستانی باشوور، مەحکووم کرد.

بەپێی هەواڵی هەواڵنێری ناوەندی ڕۆژی کورد لە کوردستانی باشوور، لەو پرێس كۆنفرانسە كە ئەمڕۆ شەممە 23ی گەلاوێژی ١٣٩٥ی هەتاوی، بە ئامادە بوونی بەشێك لە ڕێكخراوەكانی كۆمەلگای مەدەنی و بە ئامادە بوونی دەزگاكانی ڕاگەیاندن و بە نوێنەرایەتیی 300 ڕێكخراوی كۆمەلگای مەدەنی  لە هوتێل شیراتۆنێ باژێڕی هەولێر بەڕێوەچوو، بە خوێندنەوەی بەیاننامەیەك باسیان لە ڕەوشی ھەنوكەیی كوردستان كرد و بەتایبەت پرسی ڕێفراندۆم و ھەروەھا یەكبوونی لایەنە سیاسیەكانی كوردستانیان خستە بەر باس.

ھەر لەم پرێس كۆنفرانسە، ڕژیمی ئێران و تۆپبارانەكانی بۆ سەر سنوورەکانی هەرێم و كوشتن و ئاوارە كردنی ئەو ھەوارچییانەی لە ناوچە سنورییەكان نیشتەجێن، بە تووندی مەحکووم کرا.

سەبارەت بەوەی ئایا تەنیا لە ڕێگای بەیاننامەوە، ھێرشەكانی ئێران مەحکووم دەكەن و ئایا دەتوانن بەم كارە ڕێگا لە ئێران بگرن؟ عەدنان ئەنوەر بەگ، سەرۆكی ڕێكخراوەكانی كۆمەلگای مەدەنی لە كوردستان، تایبەت بە ڕۆژی كورد ڕایگەیاند: “ئەوان چەندین جار لە ڕێگای نامە ئەم داوایەیان ئاراستەی نوێنەرانی حكومەتی ئێران كردووە و خوازیاری ئەوە بوون كە تۆپبارانەكان ڕابگرن و ڕێزی دراوسێتی بگرن و ھەروەھا ئاماژەی بەوەش كرد كە ھەوڵەكان گەیشتە ئەو ڕادەی خۆپیشاندانیش ئەنجام درا و ئەگەر ئێران وڵام نەداتەوە، بێگومان ھەڵوێستیان زیاتر دەبێ و چالاكیەكان بەرفراونتر دكەنەوە”.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.