کەبوودوەند گەڕێندرایەوە زیندانی ئێڤین

0
673

ڕۆژی کورد: محەمەد سدیق کەبوودوەند کە پاش چەندین حەوتوو مانگرتن لە خواردن مەرەخەسیی پێ درابوو، پاش تەواوبوونی ماوەی مەرەخەسییەکەی دەگەڕێندرێتەوە بۆ زیندان.

لە کاتێکدا ژمارەیەک لە ڕاگەیاندنە نافەرمییەکان هەواڵی ئازادکرانی یەکجارەکی کەبوودوەندیان بڵاو کردۆتەوە، بەڵام سەرچاوەکانی نزیک لە بنەماڵەی ئەو چالاکە کوردە، هەواڵی ئازادیی یەکجارەکی ناوبراویان ڕەت کردەوە.

بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە، دادستانی و بەرپرسی زیندانی ئێڤین دژایەتییان لەگەڵ درێژکردنەوەی ماوەی مەرەخەسیی کەبوودوەند دەربڕیوەو و ناوبراو تەنیا لەسەر پێداگریی کەسوکاری نەگەڕاوەتەوە بۆ زیندان.

ئەو سەرچاوەیە گوتیشی، کە کەبوودوەند بەپێی بڕیاراتی دەزگای دادوەری دەبێ بە زووترین کات خۆی بە زیندانی ئێڤینی تاران بناسێنێتەوە، بەڵا دۆخی نالەباری جەستەییەکەی بوەتە هۆکاری نەگەڕانەوەی کاتیی ناوبراو بۆ زیندان. بەڵام لە هەمان کاتدا هەندێک سەرچاوە ئاماژەیان پێدا کە ئەمڕۆ ئێوارە، کەبوودوەند گەڕێندراوەتەوە بۆ زیندان بەڵام تا ئێستاش پشت ڕاست نەکراوەتەوە.

محەمەد سدیق کەبوودوەند، ڕێکەوتی ١٩ی بانەمەڕ بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە دۆسیەسازییەکانی ئیتلاعات و دادگایی کردنەوە، سەرلەنوێ مانگرتنی ڕاگەیاند و پاش ٣٤ ڕۆژ مانگرتن لە ڕێکەوتی ٢٣ی جۆزەرداندا بۆ ماوەی ٤ ڕۆژ مەرەخەسیی پێدرا.

کەبوودوەند لە ماوەی مانەوەی ١٠ ساڵەی لە زینداندا تووشی کۆمەڵیک ئازار و نەخۆشی بووەو لە کاتێکدا پیویستیی زۆری بە چارەسەری و چاوەدێریی پزیشکی هەیە، بەڵام هەتا ئێستا لە زینداندا ماوەتەوە.

لەماوەی ٣٤ ڕۆژەی مانگرتنی کەبودوەندا ژمارەیەک ڕێکخراوی جیهانیی وەکوو ئەنجومەنی جیهانیی قەڵەم، لێبوردنی نێونەتەوەیی وێڕای مەحکووم کردنی هەڵسوکەوتی ڕەژیم لەگەڵ ئەو چالاکە کوردەدا، خوازیاری ئازادیی ناوبراویش بوون.

مانگێک پێش مانگرتنی کەبوودوەند، جان کێربی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفڕانسیکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندبوو کە محەمەد سدیق کەبوودوەند ماوەی ١٠ سالی لە زینداندا تێەڕاندووەو هەنووکە پیویستە بێ ئەملا و ئەولا ئازاد بکرێ.

کبودوەند ساڵی ٨٦ بە تۆمەتی لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر کراو و دواتر بە تۆمەتی دامەزراندنی ڕێکخراوی بەرگری لە مافی مرۆڤی کوردستان و بڵاو کردنەوەی وتار لە گۆڤاری “پیام مردم”دا بە ١١ ساڵ زیندانی کران حوکم درا و دادگای پێداچوونەوە ١٠ ساڵ و ٦ مانگ لەو حوکمەی بۆ پشتڕاست کردەوە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت