کچێکی ٥ ساڵان بە هۆی خەتەنەکران لەگەڵ مەترسیی مەرگ ڕووبەڕوویە

0
619

ڕۆژی کورد: بە هەواڵی هەواڵنێری ڕۆژی کورد لە شاری مهاباد، کچێکی تەمەن ٥ ساڵانەی مهابادی بە هۆی خەتەنەکرانەوە تووشی خوێنڕێژییەکی لەڕادەبەدەر بووە و بەو هۆیەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەی باژێری ئورمیە کراو و لەگەڵ مەترسیی مەرگ بەرەوڕوویە.

“پەریسا ڕەمەزانی”، تەمەن پێنج ساڵان و  کچی ڕەحمان، دانیشتووی گەڕەکی “باغی شایەگان”ـی شاری مهاباد، ڕۆژی هەینی ١ی پووشپەڕ و لە ئەنجامی خەتەنە کردندا تووشی خوێنڕێژییەکی زۆر بووە و ئەمڕۆ ڕەوانەی نەخۆشخانەی باژێڕی ئورمیە کراوە و دەگوترێ لە دۆخێکی یەکجار نالەبار دایە.

کەسێکی ئاگادار لەمبارەوە و نزیک لە بنەماڵەی ڕەحمان ڕەمەزانی بە ڕٶژی کوردی گوت: “ڕەحمان چەند ساڵێکە بۆتە ئیسلامییەکی تووندئاژۆ و لەگەڵ چەند کەسێکی تر لە تووندئاژۆکانی ئەو ناوچە سەردانی مزگەوت و کۆڕ و کۆبوونەوەی جیاوازی ئیسلامی دەکات و لە مزگەوتی بەلال حەبەشی و ئیمام شافعی کۆ دەبنەوە”

سەرچاوەکەی ڕۆژی کورد هەروەها ڕایگەیاند: “دوای ئەوەی دۆخی پەریسا بە هۆی خەتەنەوە ئاوا ئاڵۆز بوو هەندێک کەس لە خزمو ناسیاوەکانی ڕەحمان سەرکۆنەیان کرد کەچی ڕەحمان دەڵێ تەنانەت ەگەر کچەکەشم بمرێ من پەژیوان نیم، خەتەنە سووننەتی پێغەمبەرە و ئەنجامدانی ئەرکێکی ئیسلامیە”.

لە ماوەی ١٥ ساڵی ڕابردوودا خەتەنەکردنی ئافرەتان لە کوردستانی ڕۆژهەلآت بە گشتی کەم بۆتەوەو بە دەگمەن هەڵدەکەوێ نموونەی لەم شێوەیە بێتە ئاراوە بەڵام سەرهەڵدانەوەی بیری ئیسلامی سەلەفی-جیهادی، وایکردووە لە ناو ئەو کەسانە و لە شوێن و گەڕەکەکانی قەراغ شارەکان بوونی هەبێ.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت