کاوە بەهرامی: “خەڵکی مەریوان ئەو بێ‌رێزییەی رژیم قەبووڵ ناکەن”

0
3117

هادی عارفی

رۆژی کورد: رۆژی شەممە رێکەوتی ٦ی سەرماوەز، ژمارەیەک لە لێپرسراوانی نیزامی و ئیداریی رژیمی ئێران لە شاری مەریوان، لە یەکێک لە گۆرەپانەکانی ئەو شارە، پەردەیان لەسەر پەیکەری جاشێک لادا.

بە پێی راپۆرتی ماڵپەڕی سوپای بەیتولمەقەدەسی رژیم، پەردەلادان لەسەر پەیکەری ئەو جاشە، بەبۆنەی هەفتەی “بەسیج(جاش)”ـەوە بووە.

ناوەندی رۆژی کورد، بۆ تاوتوێ کردنی پرسی دانانی پەیکەری ئەو جاشە و هەروەها هۆکارەکانی زەق کردنەوەی جاشەکان لەلایەن رژیمەوە، دیمانەیەکی لەگەڵ کاوە بەهرامی، ئەندامی سەرکردایەتیی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران پێکهێناوە، کە تیایدا داوایەک ئاراستەی خەڵکی مەریوان دەکات.

کاوە بەهرامی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران بە رۆژی کوردی راگەیاند: رژیمی ئێران لە دوای شۆڕشی ١٣٥٧ـەوە سیاسەتی کورد بە کورد کوشتنی لە کوردستاندا گرتە بەر و بەداخەوە بەهۆی ئەو هەژارییەی کە بەسەر خەڵکی‌دا سەپاند، لەو سیاسەتدا سەرکەوتوو بوو.

ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێمۆرات دەشڵێت: لە ئێستادا رژیم دەیهەوێ ئەو پەیامە بە جاشەکان بدات، کە ئەگەر لەگەڵ رژیم بن، رێزیان لێ دەگیرێ، ئەوە لە کاتێکدایە، که‌لە ماوەی ٢٠ سالی رابردوودا کە خەباتی پێشمەرگانە بەو شێوەیە لە ئارادا نەبوو، رژیم هیچ بایەخێکی پێ نەدان.

کاوە بەهرامی رایدەگەیەنێ: “دانانی ئەو پەیکەرە، سووکایەتی کردنی راستەوخۆیە بە شعوور و تێگەیشتنی خەڵکی کوردستان بە گشتی و مەریوان بەتایبەتی، چونکە ئەوە نە پەیکەری شاعیرە، نە پەیکەری کەسێکی شۆڕشگێڕە و نە ئەدیبە و نە نووسەرە، بەڵکوو هێمای کەسێکی خەیانەتکار بە نەتەوەکەی خۆیەتی”.

بەهرامی دەشڵێت: لە کاتێکدا رژیم لە مەهاباد  گۆڕ و کێلی شاعیرانی کورد لە ناو دەبا، لە شارێکی دیکەی کوردستان، هێمای کەسێکی خەیانتکار بە نیشتمان، لە پیش چاوی خەڵک زەق دەکاتەوە، ئەوە بێگومان ئاماژە بەو راستییە کە ڕژیم دەیهەوێ هەموو سەروەرییەکانی خەڵکی کوردستان لە ناو ببات.

12346467_965336176892859_3978327532653537535_nئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی حیزبی دێمۆکرات راشیگەیاند: “داوا لە خەڵکی شۆرگێڕی شاری مەریوان دەکەم بە گژ ئەو دیاردە ناحەزەدا بچنەوە و هەتا ئەو شوێنەی ئیمکانی هەیە، چ بە خۆپیشاندان و چ بە لابردنی راستەوخۆ، ئەو دیاردە نەشیاوە لە شاری مەریوان لا ببەن و ئەو بێڕێزییە قەبووڵ نەکەن”.

کاوە بەهرامی لەو باوەڕدایە، کە بایەخ پێدان و زەق کردنەوەی سەرلەنوێی جاشەکان لەلایەن رژیمەوە، راستەوخۆ بۆ ئەو بزاوتە شؤڕشگێڕییە نوێیەی خەڵکی کوردستان و پێشمەرگەکان دەگەرێتەوە، و دەشڵێت: بۆیە جارێکی دیکەش داوا لە بەکرێگیراوانی رژیم دەکەین، واز لە چەکی خەیانەت بێنن و بگەرینەوە سەنگەری خەڵک و پێشمەرگە.

لە دوای شەڕەکانی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و چەکدارانی رژیم، سپای پاسداران گەڵالەیەکی لەژێر ناوی “نەهێشتنی هەژاری (محرومیت زدایی) دەست پێکردووە، کاوە بەهرامی لەو پەیونەدییەدا دەڵیت: “بەپێی هیچ پێوانەیەک دابەش کردنی قەڵەم و دەفتەر و کراس و کەوش نابن بە پێوەری دابین کردنی مافی نەتەوەیەک کە نزیک بە ٤ دەیەی بە هەموو شێوەیەک لەلایەن رژیمەوە دەچەوسێندرێنەوە و مافیان لێ زەوت دەکرێ”.

هەروەها ئەوەشی خستەروو: هەر ئەو پاسدارانەی کە دەچن لە قوتابخانەکان دەفتەر و قەڵەم بە ئەو چەند منداڵەدا دابەش دەکەن، هەر پاسدارانەن کە رۆژانە لە سنوورەکانی کوردستان باوک و برای قوتابیان دەکوژن، تەنانەت ئەگەر ئەوانیشیان دەست نەکەوێ کەرەسەی هاتوچۆ کردنیان دەکوژن و لە ناو دەبەن.

ئەو ئەندامەی رێبەرایەتیی حیزبی دیمۆکرات ئەوەشی خستەروو، کە حیزبی دێمۆکرات بە سەرنجدان بە هەلومەرجی نوێ ناوچەیی کە هاتۆتە پێشەوە، لەو حەرەکەتەی کە بە راسان ناوبانگی دەرکردووەو دەناسرێ، بە شێوەیەکی سازماندراوتر لە پێشوو بەردەوام دەبێ و بێگومان هەتا سەرکەوتن درێژەی دەبێ.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت