جیاییخوازی لە ئەنگەوە بۆ ئەکت و کردەوەیەکی مەشرووع

0
796

shaho-huseniشاهۆ حوسێنی

جیاییخوازی یان خواستی بەشکردن لەفەلسەفەی سیاسی‌دا بە کردوەیەک دەگوترێ کە پێکهاتەیەک، بەشێک، چینێک، حیزبێک یان ئۆرگانێک خوازیاری لادان لە فۆرم و قەوارەیەکی پێشتر پێکهاتوویە، شرۆڤەی جیاییخوازی گوزارش لەوەدەکات کە دەرکەوتەیەک بەناوی جیایی تەواوکەر و درێژەی رەوتی ئاوێتەکردن و تێکەڵ کردنە، بە واتایەکی تر جیاییخوازی ئاکام و نەتیجەی مەشرووع و چاوەروان کراوی رەوتی تێکەڵ کردن و ئاوێتەکردنە، نەک دژکردەوە.

گومان لەوەدا نییە کە ئاوێتە و تێکەڵ کردن لەگەڵ جیاییخوازی و دابەشکردن دوانەی دژ بەیەک نین واتە لەبەرامبەری یەکتر و دژ بەیەکتر راناوەستن، بەڵکو بە زەروورەت و بەحەتم جیاییخوازی و خواستی دابەشبوون و دابەشکردن ئاکام و نەتیجەی ئاوێتە کردن و تێکەڵ کردنە، شرۆڤەی ئانتۆلۆژی جیایی وەک دەرکەوتەیەکی تاک و تەنیا بەبێ ئانتۆلۆژی ئاوێتەکردن و تێکەلکردن نە زانستییە و نە درووست، بە هۆی ئەوە کە هەر جۆرە باس کردنێک لە جیاییخوازی و حەول بۆ بەشکردن و بەشخوازی لە زات و هەناوی خۆیدا و وەک پێشەنگدان دانپێدانانێکە بە تیکەڵکردن و ئاوێتەبوون، واتە کە باس لە جیاییخوازی و دابەشکردن دەکرێ، بە روونی ئیعتراف دەکرێ بە رەوتی تێکەڵکردن، چون هەتا تێکەڵکردن و ئاوێتەبوونێک وەک ئەکت و کردەوە بوونی نەبێ جیایی و جیاییخوازیش وەک ئەکت و کردوە هیچ مانایەک نادات، واتە دەبێ تێکەڵبوون و ئاوێتەبوونێک بووبێ هەتا جیایی و دابەشکردنێک بێتە ئاراوە.

ئێپیستمۆلۆژی جیاییخوازی و ناسیاوی پەیداکردن بە جیاییخوازی وەک دەرکەوتەیەک بەبێ ناسیاوی پەیدا کردن بە ئاوێتەبوون و تێکەڵ بوون ئەساسەن موومکین نییە، واتە جیایی خوازی وەک سەیروورەت لە درێژەی رەوتی ئاوێتەبوون و تێکەلبوون دێتە ئاراوە و چما تێکەڵبوون و ئاوێتەبوونێک نەبێ، جیاییخوازی و دابەشبوونیش وەک دەرکەوتەیەک بوون و مانا پەیدا ناکات.

تێکەڵبوون و ئاوێتەکردن لە ئاستی سیاسی‌دا ئەساسەن بە دوو شێوە مومکین و مسۆگەر دەبێ، یان بە شێوەی بریاری و بە ئیختیار یان بە شیوەی کەڵک وەرگرتن لە زۆر، بۆ وینە بۆ ئاوێتەبوونی ئیختیاری و بە شێوەی بریاری دەتوانین ئاماژە بە بریاری سکۆتەلەند و ئینگلستان بکەین لە سەرەتای سەدەی هەژدەهەم کە بوو بەهۆی سەرهەڵدانی بریتانیای گەورە، یان دەتوانین ئاماژە بە ساز بوونی سوئیس بکەین لە سەدەی سێزدەهەم کە بە هۆی بریاری سێ دەسەڵاتی لۆکاڵی دەسەڵاتێکی کۆنفێدراڵیان ساز کرد. بۆ ئاوێتە بوونی بە زۆری و بەکەڵک وەرگرتن لە دەسەڵاتیش دەتوانین ئاوێتەبوون و تێکەڵکردنی بە زۆری کورد بکەین لە چوار پارچەی ئێران، تورکیا، عێراق و سووریا.

ئەوەی گرینگە ئەوەیە کە ئاوێتە بوون و تێکەلکردن چ بە ئیرادە و ئیختیار بێت بە هۆی بریار، چ بە زۆرە ملی بێ بە هۆی دەسەڵات، جیا بوونەوە و جیاییخوازی لە هەناوی خۆێدا لەگەڵە وەک ئەکتێکی مەشرووع، واتە ئەگەر ئاوێتەبوون بەرهەمی بریاریک بێ بە ئیختیار و ئیرادە، لە هەناوی خۆێدا هەڵگری شەرعییەتی جیایی و جیاییخوازێ، هەروەک لە بریتانیا دیتمان رێفراندۆم کرا بۆ جیا بوونەوەی سکۆتەلەند و ئەوە لە سووئیسش مسۆگەرە وەک رێکارێکی یاسایی، هەروەها ئەگەر ئاوێتەبوون بە زۆر و بە کەلک وەرگرتن لە دەسەڵاتیش بێ بە هۆی ئەوەکە ئەو ئاوێتەبوونە بە ئیختیار و ئیرادەی لایەنی تێکەڵ کراو نەبوە، نامەشرووعە و بە هۆی نامەشرووعبوونی لە هەناو و زاتی خوێدا شەرعییەتی جیاییخوازی و جیا‌بوونەوەی لەگەڵ دایە، کە وابێ جیاییخوازی و خواستی جیابوونەوە نەک ئەنگێک، گوناهێک و خەتایەک نێ کە ویست و خواستێکی مەشرووع و خاوەن شەرعییەتی عەقڵی و یاساییە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت