ڕۆژی کورد: چەند ڕۆژی دیكە گروپی موسیقای ژیوار دەگاتە شاری سنە و كۆنسێرت ساز دەكات، كۆنسێرتی ئەمجارەی ژیوار لە ڕابردوو زۆر جیاوازتر دەبێ.
ژیوار شێخولئیسلامی تایبەت بە ڕۆژی كورد ڕایگەیاند : “لە كۆنسێرتی ئەمجارەی گروپی ژیوار ھەر دوو خانمە گۆرانیبێژی ئۆپێرایی شەھلا میلانی و نەسرین ناسحی بەشدار دەبن لە گەڵیان و بۆ یەكەمین جارە لەم گروپە و لە ناو شاری سنە ئۆپێرا پێشكەش دەكەن ، ھەروەھا ئاماژەی بەوەش كرد كە ئەم دوو خانمە 8 ساڵ لەمەو بەر، سروودێكی كوردیان لە وڵاتی ئەرمەنستان لە گەڵ ئۆركێسترایەك پێشكەش كردووە.
ژیوار سەبارەت بە كۆنسێرتەكە و ئامادەكارییەكانی گوتی: “ماوەی چەند مانگە خۆمان بۆ ئەم كارە ئامادە كردووە و ئێستا ئامادەین بۆ پێشكەشكردنی بەرھەمەكانمان و شوێنەكەش دیاریكراوە و ھیواشی خواست خەڵكی كوردستان پێشوازی لە گروپەكەی بكات.
ژیوار هەوەها لە لێدوانیخۆی بۆ ڕٶژی کورد، ڕەخنەی لە وەزارەتی ئیرشاد گرت کە بە بە گوێرەی پێویست ھاوكاریان نەبون و بە تایبەت ڕێگرییان بۆ ھەڵواسینی پۆستێری تایبەت بە كۆنسێرتەكانیان لە ناو شار دا لێكراوە و ئەمەش تەنیا لەبەر ئەوە بووە كە گروپەكەیان ھەموو ژنن و نابێ وێنەی ژن لە سەر شەقامەكان ھەڵبواسرێ وتەنیا لە دونیای مەجازی و تۆڕە كۆمەلایەتیەكان پۆستێرەكان بڵاو كراونەتەوە ..
دەربارەی كێشەكانی بەردەم موسیقی، ژیوار نەیشاردەوە کە وەكوو ھەموو گروپەكانی دیكەی موزیك كێشەیان زۆرە، بەڵام بە حوكمی ژن بوونی گروپەكە كێشەكانیان زیاترن .
ناوبراو هەروەها گوتیشی تا كوو ئێستاش كە نزیكەی 60 كۆنسیرتیان ئەنجامداوە تەنیا ژنان دەتوانن ئامادە بن و پیاوان مافی ئەوەیان نیە، ھەر چەند لە زۆربەی بڕگەكان تەكبێژی ناكرێ و كارەكە تەواو گروپییە.
یەكێكی تر لە كێشەكانی گروپی ژیوار، نەبوونی سپۆنسەرە و ئاماژەی بەوە كرد تەنیا لە ڕێگای داھاتی كۆنسێرتەكەیان لەسەر درێژەدانی كارەكەیان بەردەوامن و بۆ ئەوەی ھەموو خەڵك بتوانن بەشدار بن بە نرخێكی زۆر كەم كۆنسێرت ساز دەكەن .
ژیوار لەو لێدوانە تایبەتەی خۆی بۆ ڕٶژی کورد گلەییشی لە خەڵكی كوردستان كرد کە ئەوەندەی خەمخۆری موسیقای فارسی و بە تایبەت موسیقای پاپن و پێشوازییان لێدەكەن ئەوەندە گرینگی بە ئاوازی كلاسیك و رەسەن نادەن و تا ڕادەیەكیش لەبیر چۆتەوە.
ژیوار شێخولئیسلامی خەلكی شاری سنەی ڕۆژھەلاتە و نزیكەی 20 ساڵە لە بواری موزیك و گۆرانی ڕەسەنی كوردی كاردەكات بەڵام تا كوو ئێستا نەیتوانیوە ئەلبۆمی تایبەت بە خۆی بڵاو بكاتەوە و وەك خۆێ دەڵێ یەكەمین ژن بووە لەم بارودۆخەی ئێستا ڕچەكانی شكاندووە و گروپێكی تەواو ژنانەی موزیكی دروست كردووە و سەرەڕای ھەموو ڕێگرییەكان بەڵام ھێشتاش بەردەوامن و كار بۆ ئاوازە ڕەسەنەكان و ە تایبەتی ناساندنی كلتوری كوردی بە موزیك و ھەڵپەركێی كوردی لە ئێران و جیھاندا دەكەن .
لە ڕۆژانی گەرمی گەلاوێژی ئەمساڵدا، ژیوار ئۆپێرا دەباتە سنە و ئەم گەشتەیان لە بەشێكی زۆری شارەكانی كوردستان بەردەوام دەبێ و پاشان لە چەند پارێزگای دیكەی ئێرانیش كۆنسێرت پێشكەش دەكەن…