تاڵاوی “کانی بەرازان”ی مهاباد خاوێن کرایەوە

0
1187

ئەنجوومەنی ژینگەپارێزی و ژمارەیەکی بەرچاو لە هاووڵاتیان و لایەنگرانی ژینگەپارێزیی شاری مهاباد، بە هاوکاری لەگەڵ یەکتر هەڵمەتێكی خاوێنكردنەوەی “تاڵاوی بەرازان”یان بەڕێوە برد.

کامران حوسێنی بەرپرسی ناوەندی ژینگەپارێزیی مهاباد گوتوویەتی: “لەم چالاکییەدا زیاتر لە ٧٠ کەس لە لایەنگرانی ژینگە پارێزی بەشدارییان کردووە و زیاتر لە یەک تۆن زبڵ و پاشماوە لە دەورووبەری تاڵاوەکە کۆ کراوەتەوە.
کامران حوسێنی ئاماژەی بەوەش داوە کە لە رۆژانی پشووی نەورۆزی ئەمساڵدا بە تایبەت لە رۆژی سرووشتدا، زیاتر لە هەشت هەزار گەشتیار سەردانی ئەم تاڵاوەیان کردووە کە بە داخەوە زبڵ و خاشاکێکی لە دەوروبەری تاڵاوەکە کۆ ببووەوە.
بە گوتەی کامران حوسێنی، ئەم تاڵاوە یەکێک لە گەورەترین تاڵاوەکانی باشووری دەریاچەی “ورمێ”یە و وەک نرخترین ژینگەی جۆرەکانی پەلەوەر لە باکووری رۆژئاوای ئێران لە قەڵەم دەدرێ و یەک لەو ناوچە گەشتیارییانەیە کە ساڵانە خەڵکانێکی زۆڕ لە کوردستان و ناوچەکانی تری ئێرانەوە رووی تێدەکەن.بووژانەوەی ئەم تاڵاوە و بوونی زۆریی جۆری باڵندە لە ناو تاڵاوەکەدا، دەتوانێ سرنجی خەڵکێکی کە حەزیان لە ژینگە و پەلەوەرە، را بکێشێ.
تاڵاوی نێودەوڵەتیی “بەرازان”، بە پانتایی زیاتر لە ٩٢٧ هیکتار لە ٣٠ کیلومەتریی باکووری مهاباد هەڵکەوتووەو کەوتووەتە قەراغ باشووری پارکی میللی گۆلی “ورمێ” و کەوتووەتە نێوان گۆندەکانی “خۆرخۆرە” و “قەرەداخ”. بەهۆی ئاوی هەمیشەییەوە، بووەتە جێگای ژیانی هەموو جۆری پەلەوەرێکی موهاجیر و ناوخۆیی.
لە ناوچەی “کانی بەرازان” تا ئێستا ٤٥ جۆری گژوگیا لە ٣٥ رەگەز و ١٧ بنەماڵەی گیایی تۆمار کراوە کە ئەم گژوگیایە ٢١ کۆمەڵگەی گیایی پێک دێنن.