وتووێژی ژینگەوان لەگەڵ حسێن کامکار ئەندامی دەستەی بەرێوبەری گرووپی ژینگەپارێزی زایەڵە

0
1783

خوێنەری هێژا، بابەتی بەردەستت وتووێژی ماڵپەری ژینگەوان، لەگەڵ حسێن کامکار، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی گرووپی ژینگەپارێزی زایەڵە لە ژووری گەشە لە تێلێگرام لەسەر مژاردی “کار وچلاکییەکانی گرووپی زایەڵە، پرسی ژینگە“ ئەنجامی داوە.

دەقی وتووێژەکە بەم چەشنەیە:

photo_2016-10-١٢٢٢٢٢٢٢٢٢٢٢05_13-01-02
حسێن کامکار

کاک حسین گیان زۆر سپاس بۆ ئەوەی دەعوتی ئێمەت قەبۆڵ کرد هیوادارم کە باسێکی دەوڵەەندمان هەبێت.

کامکار، بژی سپاس، هیوادارم

ژینگەوان، دەکرێ سەرەتا باسی پێهکاتەی گرووپی زایەڵەمان بۆ بکەن، کە چۆنە و ئامانج لە دامەزرانی چییە، کەی و لەسەر دەستی کێ دامەزراوە و کورتەیەک لەسەر کار و چالاکییەکانتان باس بکە؟

کامکار، زایەڵە ڕێکەوتی ڕێکەوتی 22\12\1394 لە شاری مەهاباد دامەزرا کە شەش کەس بووین ، بەڕێەوەبەری گرووپ من بووم، کە سەرەتا بەم چالاکیانەی خۆارەوە دەستمان پێ کرد

1,هەلمەتی خاوێن کردنەوی ناو شار لە فەلەکی ساعەت – فەلەکەی شارەداری،، بۆ پشتیوانی و ڕێز گرتن لە کارگەرانی شارەوانی 2- رۆژی سێزدە بەدەر چالاکی بڵاو کردنەوەی دەلقی پلاستیکی و بروشور و شکڵات بەسەر گەشتیاران دا 3-هەڵمەتی خاوێن کردنەوی تڵاوی کانی بەرازان دەگەڵ گرووپە ژینگە پارێزەکانی تری مەهاباد 4- چالاکی لە رۆژی جیهانی زەوی پاک ڕێزنامەیەک بۆ زەوی و هەروەها سوێند خواردن بە زەوی بۆ پاراستنی و چاندنی نەمام بە دەستی دایکان و تۆ پڕژاندن 5- ڕێكخستنی چالاکی بۆ سەردانی گرووپە ژینگە پارێزەکانی کوردستان بۆ سەردانی بنەماڵەی شەهید ئەرسەلانی پیرۆتی و هەر وەها دەست خۆشی لە کاک سامان غەزال و کاک سەلامی عیسا زادە 5- چالاکی هاوبەش دەگەڵ گرووپی ژینگە پارێزی وڵاتی بۆکان ،، تۆ پڕژاندن و ئاڵوگۆڕی کتێب 6- رۆژی جیهانی گووڵ وگیا پێشكەش کردنی چەندین گووڵدان و سەر دانی خانەی بە ساڵا چووان. 7- بەهاوکاری کانوونی پەروەرشی مندالان بەشداری منداڵان بو نەقاشی حەوت میتری بۆ پشتگیری لە ژینگە و سرووشت و هەروەها دیاری بۆ هەر منداڵێک گووڵدانێکی سرووشتی و کتێبی چیرۆک 8- بەشداری لە مەراسمی حەوتی پووشپەڕ لە سالرۆژی کیمیابارانی سەردەشت9- بەهاوکاری کانونی پەروەرشی منداڵان کارگایەک ساز کرا بۆ نا بۆ دەلقی پلاستیکی 10- چالاکی بۆ رۆژی جیهانی دەڵقی پلاستیکی بۆ یەکەمین جار لە ناوچەکە،، سەردانی دەرمان خانەکانی شاری مەهاباد بۆ نا کووتن بۆ دەڵقی پلاستیکی بۆ دەست پێک لە دەرمان خانەی دوکتر وەتمانی و لەتیفی کیسەی کاغەزی پێشکەش کرا لە جیات دەلقی پلاستیکی

ژینگەوان، سەرچاوە دارایەکانی زایەڵە چۆن لەلایەن چ کەس یان کەسانێک دابین دەکرێت، ئایا لەلایەن حکومەتەوە یارمەتی دەدرێن؟

کامکار، تەنیا لە لایەن ئەندامان گرووپ، و هیچ لایەن حکوومی یارمەتی نەداوین

ژینگەوان، گرووپی زایەڵە چەند ئەندامی هەیە؟ ئەندامانی گرووپی زایەڵە لە چ توێژ و چینێکی کۆمەڵگا پێکهاتوون؟ ئاستی بەشداری ژنان لە زایەڵە چەندەیە؟

کامکار، وەلاهی ئێستا ئەندامی ڕەسمی و فەعال پێنج کەسین،، دوای ئەوەیکە ئەو کودەتایە کرا ئەندامانی ئێمە هێندێک کەم بۆوە،، ئاستی بەشداری بە داخەوە کەمە.

ژینگەوان، گرووپی زایەڵە لەبواری پەروەردەیەوە تا چەند کاری کردووە لەو بوارەدا سەردانی قۆتابخانەکانتان کردووە؟ هەولی ئەوەتان دا رو لەشار و کوندەکانی دەوروبەری مەهاباد بکەن؟

کامکار، لە بواری پەروەردەوە کارمان کردۆ و سەر دانی کانونی مندالانمان کردۆ و کارگاە مان بۆ داناون بەلام مەجەویزی قوتابخانەکان نیان نەداوینتێ، هەولمان داوە و ئەندامی ئیفتخاری زۆرمان لە گووندەکان دا هەیە.

ژینگەوان، رێکخراوە ژینگەپارێزیەکان تاچەندە ڕۆڵیان بینیوە لە بەرهەمهێنانی کلتووری ژینگەپارێزی لە کوردستاندا؟

کامکار، بە ڕای من زۆر ڕۆڵی بەرچاویان هەبۆ ئەو کولتورە مێژوویە کە پەیوەندی پتەو و بەجێ هەبۆ دیسان خەریکە دەهەژێتەوە و گرووپە ژینگە پارێزەکان حەولی خۆیان بۆ داوە و بە ڕای من توانیویانە ئەو کلتورە جێ بخەن.

ژینگەوان، دیاردەی ئاگرکەوتنەوە و سووتانی دارستانەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات و بناری زاگرۆس یەکێک لە قەیرانە ژینگەییەکانە، ئێوە وەک زایەڵە سەبارەت بە ئەم قەیرانە چیی کردووە؟

کامکار، چوون لەلای شاری مەهاباد دارستانێکی ئەتۆی نیە و ئاگر کەوتنەکان زۆر بە کەمی دەردەکەون ، بەلام هەردەم پشتیوانی خۆمان بۆ شارەکانی تری ڕۆژهەلات ڕاگەیاندۆ و داخۆیانیمان لەسەر داوە،، هەر لەو مانگی پێشوو کەلە نیزیک گەڕەکی پشتەپی شاری مەهاباد ئاگر کەوتبۆ شاخەکانی دەورووبەر ئەندامانی زایەڵە توانیان ئەو ئاگرە کۆنترۆل بکەن.

ژینگەوان، پیوندیتان لەگەڵ ئەنجۆمەنە یان گرووپە ژینگەپارێزیەکان چۆنە؟ لەگەڵ گرووپ یان ئەنجۆمەنە ژینگەپارێزیەکانی شاری مەهاباد چی؟ هەوڵی ئەوەتان داوە کاری هاوبەشتان هەبێت؟

کامکار، پەیوەندیمان دەگەڵ هەموو گرووپە ژینگە پارێزەکانی رۆژهەلات زۆر باش و پتەوە ، دەگەڵ شاری مەهابادیش باشە و تەعاموولی باشمان هەیە. دەگەڵ گرووپی ژینگە پارێزی وڵات – بۆکان چالاکی هاوبەشمان هەبۆ ،، هەر دەم هەولی ئاشتەوایی و داوای چالاکی هاوبەشمان هەبۆ ئێستاش داواکارین.

ژینگەوان، ئاستی هاوکاریی دەوڵەت و بنکە حوکمییەکانی ئێران، سەبارەت بە چارەسەرکردنی قەیرانی ژینگەیەکان لەو ناوچەیە چەندە؟

کامکار، بەداخەوە زۆر کەمە،، خەریکە خۆ دەخافڵێنن و هیچ کێشەیەک چارەسەر ناکرێ بەلکوو پیەوەشی زیاد دەکا،، نمونەی زۆر بەرچاو هەیە کە یەکێک لەوانە گۆمی ورمیە و بەنداوەکان و ویشک کردنی چۆمەکان و…. زۆری تر ،،هەلبەت سیستمی مۆدڕنیتەی کاپیتالیسمی چاوڕوانی لەوی زیاتری لێ ناکرێ،، حکوومەت هیچ بەرژەوەندی ژینگەی لە بەر چاو نیە، زۆر دڵ رەقانە و نەفامانە مامەڵە دەگەل ژینگە بە تایبەت ژینگەی ڕۆژهەلاتی کوردستان دەکا.

ژینگەوان، ئەو ساڵیش قۆتابخانەکان کرانەوە و هیچ باسێک لە وانەیەکی ژینگەیی یان کتێبێک لەو بارەوە نەکرا، راتان لەم بارەوە چییە؟

کامکار، دیسان ئەوە دەڵێمەوە حکوومەت خەریکە ژینگە پارێزەکان فریو دەخافڵێنێ و وەعدەی درۆ و پووچ دەدا بە کۆمەڵگا،، تەنیا لە بواری قسەدا هاوکاری دەکا و لە کردەوە دا هیچ کارێک ئەنجام نادە،، ئەوە زۆرترین کاریگەری لە سەر خەسارەکانی ژینگە دەدا،، کاتێک منالەکانمان پەروەردەی پێوستیان لە سەر ژینگە و سرووشت بە گشتی و بە تایبەتی ناوچەکانی خۆیان نەبێ ناتوانن بی پارێزن و بەلکو نە زانانە دژی دەوەستنەوە.

ژینگەوان، باسی گۆلی ورمێ و بەنداوەکانتان کرد چەند ساڵە باسی چارەسەر کردنی ئەو دۆخەی گۆلی ورمێ دەکرێت کە چی تا ئێستا هیچ دیار نییە هەر شۆعارێکی خالییە، هۆکارەکان بۆ چی دەگەرێنەوە؟

کامکار، هۆکارەکانی ئەوەیە کە بە ساز کردنی ئەو هەموو بەنداوە لە سەر ئەو چۆمانەی کە بەرەو گۆلی ورمێ بەڕێەوە بوون،، بە ڕای من تازە گۆلی ورمێ ناژیتەوە تا ئەو بەنداوانە بمێنن،، خەریکن بە ناردنی ئاوە کانی شارەکانی کورد نشین خەریکن زیندووی بکەنەوە کە ئەوە بەتەواوی هەڵەیە و خەسار لە ژینگەی شارەکانی تریش دەدا، هەڵەیکی گەورەیان کرد و خەریکن بە هەڵەیکی گەورەتر ئەو هەڵەی پێشوو قەرەبوو بکەنەوە کە ئەویش سەر ناگرێ

ژینگەوان، لەم ماوە لە ناوچەی بانە دەستیان کردووە بە دروست کردنی بەنداوێک لە نزیک گۆندی وەیسک لە مەرحەڵەیی یەکم زیاتر لە ٦۰۰ دارە بەروویان هەڵکێشاوە تا ئێستا کەس دەنگی لێوە نەهاتووە، بۆچی ژینگەپارێزان لە ئاست ئەم ژینۆسایدە بێدەنگن؟

کامکار، بەداخەوە ژینگە پارێزەکان تەعاموول و تێکەڵاویان دەگەڵ ئیدارە حکوومی کان لێ تێک چۆ، لە راستیش دا گرووپێکی ژینگە پارێزیش ناتوانێ بەرامبەری ئەو خەسارە ڕاوەستێ پێویستە کۆمەڵگاش لە هەمبەر ئەو کارە قێزەونە پشتیوانی ژینگەپارێزان بکەن و لە ئاستێکی مەزن بەرامبەریان بوەستنەوە،، ئیمزاکردنی چەند کەسێک ناتوانێ پێش بەو کارەساتە بگرێ بەلکو ئیعترازەکان دەبی بێنە خانە پراکتیکەوە.

ژینگەوان، دەکرێت بەوردی باسێک لە زیانەکانی بەنداوەکان بکەن؟

کامکار، زیانەکانی بەنداو هۆکاری ئەوی دەبێ کە دارستانەکان ویشک بن و ئەو ئاژەلانەی کە لەو ژینگەی ناوچەیە دەژین تووشی لەناو چوون بن و زەوی و زارێکی زۆر ژێر ئاو دەکەون و زۆر لە گووندەکان چۆل دەکرێن بە هۆی ساز کردنی بەنداو و ئاسەوەرای مێژوویەکان ژێر ئاو دەکەون و بەگشتی خەسارێکی مەزن و زۆر لەوە زیاتریان هەیە کە من باسم کرد

ژینگەوان، ئاستی بێدەنگی خەڵک لە بەرانبەر ئەم کاولکاریانە چۆن دەبینن؟ بۆچی ئەنجۆمەن و رێکخراوە ژینگەیەکان لەو بارەوە هاودەنگ نیین؟  ئەو بێدەنگییە خۆی رێگە خۆشکەر نییە بۆ کاولکاری زیاتر؟

کامکار، ئاستی بێندەنگی خەلک لە ئاستێکی مەزن داهەیە و ئەویش ئەویە کە خەلک بە باشی لەبواری ژینگەوە پەروەردە نەبوونە و ئاستی حکوومەتیش دا جۆرێک ترسی لە خۆڕاییان هەیە، بەدڵنیایەوە هاودەنگ نەبوونی گرووپە ژینگە پارێزەکان زۆر کاریگەر بۆ و خەساری هەبۆ ،، راستە ڕێگە خۆشکەر بۆ و هیوادارم بە زۆترین کات ئەو هاودەنگیە ساز ببیە و پشتیوانی یەکتری بکەن کە پیشتیوانی لە ژینگەی کوردستان بکەن، ئاگادارن لە ناوچە کوردنشینەکان چەند بەنداو هەیە؟ بۆچی زۆربەی ئاوی بەنداوەکان بۆ ناوچەکانتری ئێران به کار دێت و کوردیش هەر بەشی دەبێتە ویشک بوون؟

کامکار، بەداخەوە بە رەقەم دەقیق نازانم ،،بەڵام ڕێژەیان زۆرە و هەر خەریکی ساز کردنیشن، ئەوە وەک چۆن حکوومەت زوولم لە نەژاد و زمان مان دەکا و ئێمە بێ دەنگین خەریکە ژینگە کەشمان دەسووتێنێ لە بین دەبا و ئاوەکەشمان ڕاکێشی شارەکانی تر دەکا من چاوەڕوانی ئەوەم دەکردو زۆرم پێ سەیر نیە.

ژینگەوان، لە ماوەی کەمتر لە شەش مانگ زیاتر لە ٦۰۰ حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان روویداوە، ئەوەی ئەمساڵ بۆ کۆژانەوەی ئاگرەکان کرا بە باوەری من تەنیا خەڵک کردی بەس، پێت وایە هۆکاری بەشداری نەکردنی ناوندەکانی حکومەت لە کۆژانەوەی ئاگرەکان چییە؟

کامکار، حکوومەت هیچ بودجەیک و کات و دلسۆزی بۆ ناوچە کوردنشینەکان نیە و زۆر کەمتەر خەمە ،، بە باوڕی من حکوومەت بۆی گرینگ نیە کە ژینگەی کوردستان چی بەسەر دێ ،، لێەرەوە دەست خۆشی لەو گرووپە ژینگە پارێزانە و ئەو کەسانە دەکەم کە لە هەمبەر ئاگرکەوتنانە بە روحێکی فەدایی و ژینگە پارێزانەوە بەرخۆدانیان کرد و کوژاندویانەتەوە دەستیان ماچ دەکەم

ژینگەوان، ڕۆلی سەرەکی ڕێکخراوە مەدەنیەکان چیه؟ تا چەندە لە بەرێوە بردنی چالاکیێەکانیان سەرکەوتوو بووەن؟

کامکار، بەڕای من ڕۆڵی سەرەکی ئەوەیە کە ڕێکخراوەکان کۆمەڵانی خەلک و بە تایبەت گەنجان پەروەردە بکا و ڕاکێشی گرووپە ژینگە پارێزەکانیان بکەن و زۆر چاوەڕوانی حکومەت نەبن کە کارێکیان بۆ بکە و پشت بە هێزی جەوهەری گەلی خۆیان بگرن و باوەڕیان بە گەل هەبێ تا دەسەڵات.

ژینگەوان، لە ماوەی رابردوودا بە هۆی چالاکی ژینگەپارێزی چەندین کەس کە لەلایەن ناوندەکانی حکومەتەوە دەستبەسەر کراون؟ چەندین تۆمەتی جۆرواجۆریان لێدراوە، راتان لەم بارەوە چییە؟ بۆچی هەموو شتێک لە کوردستان بە چاوی ئەمنیەتی چاوی لێدەکرێت؟

کامکار، حکومەت هەر کەس یا گروپێک کە بیهەوێ خزمەت بە گەل و نیشتمان بکە و پارێزگاری لێ بکە بە تۆمەتی جواراوجۆر بەڕەو ڕوو دەبێتەوە، ئەو ئەمنیەت بوونە لە نیزیک 40 ساڵ لەمەوبەرەوە هەیە و وابزانم تا ماوەیکی هەر دەمێنێ،، ئەوە بیانوویە و هەموومان دەزانین.

ژینگەوان، لەمەڕ پەروەردە و بار هێنان لە کاتێکدا کە لە قۆتابخانەکان منداڵان فێر ناکرێن، ئەرکی تاک لەو بارەوە چی دەبێت؟ بە تایبەت دایک باوک؟

کامکار، بە دڵنیایەوە دایک و بابەکان ڕۆڵێکی بەرچاو دەتوانن بگێڕن،، من دەڵێم داییک و بابێکی ئازاد دەتوانێ منداڵێکی ئازاد بە ئافرێنێ ، بۆیە ئەوە پرسیارە ئەرێ داییک و بابەکانمان بیرێکی ئازادیان هەیە و دەتوانن منداڵێکی ئازاد تەحویلی کۆمەڵگا بدەن؟ گەر بتوانین ئاستی پەروەردە بوونێکی بە ئەخلاق بگوێزینەوە ناو باوە ڕێکانی داییک و بابەکان ئەوکات دەتوانین بڵێن کاریگەری دەبێ

ژینگەوان، کاریگەرییە ئەرێنی و نەڕێنیەکانی تەکنۆلۆژی لەسەر ژینگە چین؟ ئەو کاریگەریە نەرێنیانە چین کە لە ناوچەکانی کوردستان ژینگەیان بەرە رووی قەیران کردووە؟

کامکار، بە دڵنیایەوە تەکنۆلۆژی کاریگەری ئەرێنی زۆر و نەرێنی زۆری هەیە،، بۆ نمونە ماشێن و دەزگای کارخانەکان و هەم کاریگەری ئەرێنی بۆ پێش خستنی مرۆڤ و لەلایکی ترەوە پیس کردنی هەوای بەدواوە هەیە، بە دڵنیایی ڕێژەی زۆر بوونی ماشێن پیس بوونی هەوا و کودە شیمیایەکانی کە بۆ زەوی بەکار دێ دەبێتە هۆی پیس بوونی ئاو و یا ئەو دەزگایانەی کە بۆ هەل قەندنی چالی عەمیق ساز کراون بۆتە هۆی زۆر بوونی لێدانی چاڵی ئاو بە ڕێژەیکی زۆر و …. زۆر شتی تر، هەر وەها پێترۆشیمی کە نیزیک شارەکان.

ژینگەوان، لە ماوەی ساڵانی رابردوودا ئەوەی کاولکاری بێت لە کوردستان کرا، بۆچی پارلەمانتارانی کورد تا ئێستا هیچ باسێک لە دۆخی ناڵەباری ژینگە کوردستان بە تایبەت بەنداوەکان ئاگرکەوتنەوەکان لە پارلەماندا باس ناکەن؟ ڕۆڵی نۆێنەرانی کورد چۆن دەبینن؟

کامکار، بەداخەوە بێ دەنگ بوون بۆتە بە ڕەسمێک لە ناو نوێنەرەکانی کورد بە تایبەت لە بواری ژینگەوە،، ئەوەش هەر دەگەڕێتەوە سەر ئەوەی کە نوێنەرەکان ترسیان هەیە و لەوەی دەترسێن کە کورسێکانی خۆیان لە دەست بدەن و لە راستیش دا گەر وەدەنگیش بێن لە هەمبەر ئەو کارەساتانە دا هیچ کارێکیان بۆ ناکەن،، لەلایکی ترەوە وەزعی ئابوری ناوچەکە ئەوەندە زۆرە و ئەوەندە پڕۆژی ناتەواو ماون کە نوێنەرەکان هەر سەرقالی ئەو بابەتانەنن و ناگەنە باسی کێشەکانی ژینگە پارێزی.

ژینگەوان، تا کەی دەبێ دارستان و ژینگەی ئێمە بە هۆی مانۆرە نیزامیەکانەوە بسووتێ؟

کامکار، هەتا کەیەکی وابزانم کەس نازانێ هەتا ئەو کاتەی کە لەسەر سنوورەکان کێشە هەبێ،،، زۆر جاریش هیچ ئالۆزێک نیە و بەڵام بێ هیچ هۆکارێک مانۆر ئەنجام دەدرێ،، ئەوە کارێکە وابزانم کەس ناتوانێ پێشی پێ بگرە

ژینگەوان، کار و پلانی داهاتووی گرووپی زایەڵە چییە؟

کامکار، زایەڵە گروپێکی ژینگە پارێزی خەلکییە کە حەول دەدات بە پی توانا تیشک بخاتە سەر کێشەکانی ژینگەی وڵات و تێدەکۆشێت بۆ چارەسەری، ئێمە بە پی زەرورەت کار پلانی خۆمان دادەڕێژین، لە پاییز دا هێندێک کار و چالاکیمان بەدەستە کەهیوادارین بە جوانترین شێەوە ئەنجامی بدەین.

ژینگەوان، لە کۆتاییدا زۆر سپاسی جەنابت دەکەم بۆ بەشداریتان لەم وتووێژە، سپاس بۆ ماندوو بوونتان لە کۆتاییدا گەر شتێک هەیە کە نەگۆترابێت بفەرموون.

کامکار، زۆر سپاس بۆ ئێەوە کە ئەو دەرفەتەتان بۆ دەرخستم، هیوادارم هەموو گرووپە ژینگە پارێزەکان پەروەردە و ئەخلاق بە بنەما بگەرن و پشتی خەلک و جەماوەر بن و دەگەل گرووپەکانی دیکە پشتیوانی یەکتر بن و نەچنە ژێر چەپۆکی دەسەلات و دڵنیام کە هەموو گرووپە ژینگە پارێزەکان پشتیوانی خەلک و ژینگە پارێزی راستەقینەن، بە ڕای من ژن ڕۆلێکی بەر چاوی هەیە لە ژینگە پارێزی بۆیە ئازاد بوونی ژن ڕزگاری ژینگەش بە دوای خۆی دا دەهێنێ.

ژینگە پارێزان نشتیمان پەر وەرانی ڕاستەقینەن