قەیرانی ئاگرکەوتنەوە لە کوردستانی ڕۆژهەڵات/وتووێژ لەگەڵ سەلاح کۆنەپۆشی

0
1210

کاک سەلاح ئازیز زۆر سپاس بۆ ئەو دعوەتی ماڵپەری ژینگەوانتان قەبۆڵ کرد یەکێ لە قیرانەکانی ئەمرۆژانە وڵاتەکەمان قیرانی ئاگرتێبەردانی دارستانەکانە لە خۆرهەڵاتی کوردستان کە بە پێویستمان زانی لەگەڵ جەنابت ئەم بابەتە شڕۆڤە بکەین کە هیوادارم بتوانین کەلێنێک لە ژینگە زامداری وەڵاتەکەمان پرکاتەوە.

سپاس بۆ ئێوەیش،من لە خزمەتدام و بە پێی تەوانایی و شارەزایی خۆم ئامادەم بۆ وڵامدانەوەی پرسیارەکانتان

بەو پرسیارە دەست پێدەکەم: ئاگر چیە؟

selah koneposhiکۆنەپۆشی: ئەم پرسیاره خۆی وتووێژێک هەڵدەگرێ گەر بمانەوێ باس لە داهێنانی ئاگر و شێوازی ئاگر کەوتنەوە و مادەکان بکەین. لێکۆڵەرە ئامریکایی و کاناداییەکان لە لێکۆلینەوەیەکدا بەو ئاکامە گەیشتن کە مرۆڤ نیو ملیۆن ساڵ پێش ئێستا ئاگریان داهێناوە و بە کاریان بردووە. لە زەمەنی ئەواندا فەلسەفەی ئاگر تەنیا بۆ خۆ گەرم کردنەوە لە کاتی سەرمادا و خواردن لێنان و برژانی گۆشتی ئاژڵان بووە. بۆ نموونە لە ئافریقای باشوور ئەو لێکۆڵینەوەیە خۆڵەمێشی هندێ ئاژەڵی دەرخست کە تێکڵاوییەک بوو لە خۆڵەمێشی دار و بەرگەکان،کە دەرکەوت لەو زەمەنەدا ئاگر بە کار هاتووە و گۆشتی ئاژەڵان برژێندراوە. ئەوەی کە ئاگر چۆن درووست دەبێت،ئەبێ بڵێم سێ گۆشە یان سێ هۆی سەرەکی هەیە. یەکەم، مادە سووتێنەرەکان،دووهەم هەوا(ئۆکسیژن)، سێهەم،تینی لە ڕادەبەدەر یان چەخماخە(جرقە).

دیاره گەر بمەوێ پێناسەی ماتریاڵەکانیش بکەم،دابەش دەبێت بۆ دوو بەشی سەرەکی(سووتێنەرەکان و ناسووتێنەران)ئەمانەیش دابەش دەبن بۆ بەشی بچووک و باسێکی زۆر هەڵدەگرێ. بە گشتی ئاگرکەوتنەوە ڕووداوێکە هەر ئان و ساتێک ئەگری ئەوەی هەیە ڕوو بدا،مەبەست لە ئەو کانگایانەیه کە کرێکاران ئیشی تێدا دەکان،یان گڕکانەکان،هەوره تریشڤە و تا دەگاتە ئاگر کەوتنەوە دەستکردەکان. بە کورتی ئاگر دژکردەوەیەکی کیمیاییە کە لە تێکەڵییەک لە گازەکان درووست دەبێت لە تەک گەرما و گڕی زۆردا،ئاگر تێکەڵییەکی بە تین و داخە لە گازەکان،گڕەکەیشی ئاکامی دژکردەوەیەکی کیمیاییە.

پرسیار: پەیوەندی چ ئاڵوگۆڕهایەکی جیهانی ڕێخۆشکەری ئاگر تێبەربوون له ژینگەن؟ و پەیوەندیان لەگەڵ دۆخی ژینگەی ئێمەدا چییه؟

کۆنەپۆشی: درووستبوونی شار و پیشەسازی مەترسیدارترین هۆکارن بۆ ژینگە و ئاگر تێبەر بوون،لە شارادا ئۆتۆمبیل و ترۆمبیل و کارخانەکان دەلالەتن بۆ پیس بوونی هەوا و دواتر کاریگەر نەرێنی بۆ سەر ژینگە،پیشەسازی یان

سەعید باغی
سەعید باغی

بڵێم تکنۆلۆژی گەرچی کۆمەڵێک مەکینەی باشی هێنا کایەوە بۆ بیر کەندن و زەوی کێڵان و ڕێک و پێک کردنی پارکەکان و دارستانەکان و کۆمەڵێک کەرەستەی باشی خستە خزمەت جوتیارەکانەوە،بەڵام وایشی کرد دروستبوونی تینتی و ئەتۆم و بۆمب و کیمیایی مەترسی بن بۆ سەر ژینگە و سووتانی لێڕەوارەکان،گەر لە ئاکامی شەڕەکانی عالەمی و ناوچەیی ورد ببینەوە دەبینین جگە لە ڕشتنی بە لێشاوی خوێنی بەشەر،ئەوا ئاژەڵان و ژینگە و سروشتیش بوونەتە قوربانی.

بۆ نموونە پەیوەندی نێوان ڕێژیمی بەعس و سویس و ئۆتریش،فرۆشتنی چەکی کیمیایی ئەو دوو وڵاتە بە ڕژیمی بەعس بووە هۆی ئەوەی جگە لە کوشتنی مرۆڤەکان بۆ تێکدانی سەدان گوند و شار بە کاریان بێنێت. دوای چەندین ساڵ بە سەر کیمیایی باران کردنی شاری هەڵبجە لە لایەن ملهۆڕییەتی فاشیزمی بەعسەوە،تا ئێستایش هندێ لە سرووشتی ئەو شارە و دەوروبەری شینایی تێدا سەوز نابێ. هەر ئەو جۆرە پەیوەندییانە بکوژی ژینکە ئێمە بوون.

پرسیار:دەست تێوەردانی ژینگه لە ڕوانگەی چ تێزێکی سەرەکیەوە سەرچاوە دەگرێ؟

کۆنەپۆشی: ژینگەی وا هەیە ناڕێک و پێکە،پیسە،لە بنەڕەتدا دیمەنێکی سەرنج ڕاکێشی نیە،گەر دەست بدەیتە باش کردن و ڕێک کردنی لق و پۆپی و بیڕازینیتەوە،ئاوا ئەو جۆرە خزمەتکردنە لە ڕوانگەی تێزێکی ئێخلاقی و پەروەردەیی ئەرێنییەوە سەر چاوە دەگرێ،بەڵام بە پێچەوانەوە،هەر جۆرە دەستێوەردانێکی خراپ و نەگەتیڤ لە ژینگەدا،سەرچاوەکەی چ نیە جگە لە دەرونێکی ناحەز و عەقڵێکی نەخۆش و پیلانێکی پەن.

پرسیار: جیاوازی ئاگری ناوچەی ئێمە و ئاگری ئێستای دارستانەکانی ئامریکا چیه؟

کۆنەپۆشی: بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵنێری باشگای هەواڵنێرانی سنە کە باباپیری سەرۆکی سەرچاوە سرووشتیەکانی کوردستان ئاماژەی پێداوە،دەڵێت ڕووبەری دارستانەکانی کوردستان ۳۷۳ هەزار هێکتارە و ساڵی پار تەنیا لە ٦٨۰ هێکتاریدا ۱٦۷ ئاگر کەوتووەتەوە و سووتاوە. ئاگری دارستانەکانی ئامریکا زۆرتر بە هۆی ڕووداوە سرووشتیەکانەوەیە و ئاگر تێبەر بوون لە دارستانەکانی ئێمە ئەنقەست و دەستکردە،

جیاوازییەتر ئەوەیە وەختێ لە ئەورووپا یان ئامریکا ئاگر لە دارستانێ بەر بێت خەڵک و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەت بە هانایەوە دەچن و دەیکوژێننەوە،بەڵام لای ئێمە حکومەتەکە هۆکاری سەرەکی دارستانەکانە و کاتێ خەڵکیش دەیانهەوێ بە هانای کوژانەوەیەوە بچن ڕێگرییان لێ دەکات.

پرسیار:ڕۆلی سەرەکی ڕێکخراوەی مەدەنی چیه؟ واته دەقی کاریەکەی چییه؟

کۆنەپۆشی: بڵاو کردنەوەی زانیاری لە سەر قازانجەکانی ژینگە و دارستان و سرووشتە، بردنە سەرەوەی ئاستی تێگەیشتنی خەڵک چ لە ڕێگای چالاکی کردەیی و چ بڵاو کردنەوەی بڵاڤۆک و قسە کردن و پێکهێنانی کۆڕ و کۆبوونەوە.

باشتر وایە ڕێکخراوە مەدەنی و ژینگەییەکان یاسایەک دابنێن بە ناوی پاداش و سزا، کێ حزمەتی ژێنگەی کرد و پارێزەری دارستان بوو پاداشی بکەن و بە پێچەوانەوە کێها ژینگە تێکدەر و ئاژەڵ کوژ بوو سزا و سەرکۆنەی بکەن.

پرسیار:هاوکات یە دەنگ نەبوونی ئەو رێکخراونانە چوون دەبینن؟

کۆنەپۆشی: ئێمە نابێ لە بیرمان بچێ لە هەر شوێنێکی کوردستان کەسێ بیهەوێ خزمەتی ژینگە بکا،کۆماری ئیسلامی ئازاری ئەدا،کەسێک دارستان پارێز بێت دەیگرن،بە گشتی هەر جۆرە خزمەتکردنێک بە سرووشتی کوردستان لە ڕوانگەی ڕێژیمەوە تاوانە، کەوابوو کاتێ ڕێکخراوێکی مەدەنی یان ژینگەیی درووست دەبێت،لە پیلانی یەکەم دا ڕێژیم دەیهەوێ بیانکاتە گوێ بە فەرمانی خۆی،دواتر گەر نەبوون و ملیان نەدا،هەوڵ ئەدا کەسی تێکدەر و سیخۆر بنێرێتە ناو ئەو ڕێکراوانەوە ئاژاوە درووست بکات و پەیوەندی ناو خۆی ئەو ڕێکخراوە و پەیوەندی تەک ڕێکخراوەکانی تردا بەرەو لاری و لێژایی و داخران ببات. بۆیە ئەرکی ئەو ڕێکخراوانە ئەوەیە لەو پەیوەندییەدا وریایانە مامەڵە بکەن.

پرسیار:دەستە شاراوەکانی پشت ئاگرکەوتنەوەکان کێن؟ کێ پاڵپشتی ئەو کەسانە دەکات؟ بۆ ئەو کەسانە ناگیردرێن لەلایەن حکومەتەوە؟

کۆنەپۆشی: حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران خۆی بکەری ئاگر بەردان لە دارستانەکان و بکوژی ژینگەی ئێمەیە،لە ڕێگای سووتانی سروشتەوە دەیهەوێ بڵێ،وەک چۆن دەتوانم ئاگر بەردەمە دارستان و جوانیەکان بشەوتێنم،ئاوەهایش دەتوانم شارەکان خاپوور بکەم، وەک چۆن لە دەستم دێ گیانداران بۆردومان بکەم ،ئاوەهایش لە دەستم دێ مرۆڤەکان بۆردومان بکەم، هەرچەند لە ئێستا و ڕابردوویشدا بکوژی ملیۆنان ئینسانی بێ تاوان بووە،بەڵام دەیهەوێ بڵێ بەهێزترم لە جاران و بە ئەزموونی جاران و هێزی ئێستامەوە دەتوانم قاقڕان درووست بکەم، کۆماری ئیسلامی ئەوانەی وا ژینگە دەسووتێنن نەک هەر سزایان نەدات،بەڵکو پاداشتیشیان ئەکات.

ئەو پاسەوانانەی کە دایان دەنێ تا وەختێ ئاگر بەر بوو ڕێگری بکەن لە خەڵک بۆ کووژانەوەیان،سەرنج بدەن چ دەرونێکی نەخۆش و ڕۆحێکی وشکیان هەیە، دارستان و جوانیەکان و گیانداران دەسووتێن و ئەوان لە بەرانبەر بڕە پارەیەکی کەمدا ڕێگریدەکەن لە فریا کەوتنیان.

پرسیار: ئایا تۆپباران کردن و مانووری نیزامی دەکرێ وەک ئاگرکەوتنەوە ناوی بەرین ؟

کۆنەپۆشی: دەکرێ وەک ئاگر کەوتنەوە و تێکدان و هەڕەشە ناوی ببەین، هەر جۆره تۆپ باران کردن و مانۆڕێکی نیزامی هەڕەشەیە لە بوونی خۆمان و ژینگەمان، چ لە حاڵەتی تۆپ باران کردن و چ لە مانۆڕی نیزامی لە کوردستاندا کۆماری ئیسلامی نەک زەرەرمەند نابێ،بەڵکو دوو مەبەستی سەرەکی هەیە، یەکەم: تێکدانی ژینگە و دەوروبەرمانە و دووهەم: دروست کردنی ترس و تۆقاندن و دواتریش هەڕەشە لە بوونمان.

پرسیار: دارستانەکانی کوردستان تا کەی دەبێ بە تاوانی ئەمنییەتی بوونی ناوچەکە ئاگریان تێبەردرێت؟

کۆنەپۆشی: بێ گومان تا ئەو کاتەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سەر کاردا بێ، هاوکات لە گەڵ تێدا چوون و نەمان و ڕووخانی کۆماری ئیسلامی ئێران، بووژانەوەیەکی گشتگیر و نۆژەنکردنەوەیەکی هەم لایەنە لە ژینگە و سرووشتماندا دێتە ئاراوە.

پرسیار: زیاتر لە بیست رۆژ پێش لە ناوچە کرماشان چەند حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە روویدا،لەو پیوندیەدا هەواڵنێرانی ماڵپەری ژینگەوان لە زاری خەڵکی ئەو ناوچەوە کە بە دەنگ رەنگ لە ژینگەواندا پارێزراوە رایانگەیاند کە ئەو ئاگرتێبەردانە کاری هێزەکانی ئتلاعاتی ئێران بووە و بۆ ئەوەی کە  کێشە بخاتە نێو خەڵک و عەشیرەتەکانی ئەو ناوچە کە پێکهاتوون لە یارسان ئەلحەق…رای بەرێزتان لەو بارەوە چییە؟

کۆنەپۆشی: دیسان قازانجمەند کۆماری ئیسلامی ئێرانە،هەم دارستانەکانمان تێک ئەدات و هەمیش دەماندا بە گژی یەکدا، پێشتریش بۆ درووست کردنی ئاژاوە و مراندنی هەستی ناسیۆناڵیستی و سەر قاڵ کردنی خەڵکی ناوچەی کرماشان،کێشەی سۆننە و شێعەی زەق دەکردەوە و هەر دوو لای بە گژ یەکتردا دەهات.

تا ڕادەیەکی وەها ئەو حەساسیەتەی درووست کردبوو کە هندێک بێنە سەر ئەو باوەڕە سوننە بوون یان شێعە بوون لە کورد بوون شانازی ترە،بەڵام بە خۆشییەوە بەرپرچی ئەو سیاسەتە ڕیاکارانەی ڕێژیم درایەوە.

پرسیار: زیاتر لە ۲۲۰حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە لە ماوەی ٥۰رۆژی رابردوو لە ناوچە کوردنشینەکان روویداوە،کە لە زۆربەی هەواڵە ناخۆیەکان کە لەلایەن حکومەت یان ئەنجۆمەنەکانەوە بڵاو دەبێتەوە ئاماژە بەو دەکەن کە ئاگردانی دارستانەکان کەمتر خەمی خەڵکی مەدەنییە و زۆر بە کەمی یان هەر نایکەن کە دەستی ناوندە حکومەتیەکانی لە پشتە هۆکاری ئەمە بۆ چی دەگەرێنەووە؟

کۆنەپۆشی: کۆی ڕاگەیاندنەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران،بریتین له دەزگایەک بۆ چەواشە،دەلاقەیەکن بۆ ساز کردنی ناهومێدی و بێزاری و درۆ،بۆ ناشتنی تووی دوو بەرەکی،بۆ بە لاڕێدا بردنی ڕای گشتی، بەڵام بە خۆشییەوە ڕای گشتی ئێستا ئەو ڕێژیمە دەناسن و دەزانن بایی چەندە، ئەگینا لەو ماوەیەدا خەڵکی کوردستان و ئەنجوومەنەکان بە پەرۆشەوە بە هانای دارستانەکانەوە چوون و فریای زۆر شوێن کەوتن و زۆر ئاژەڵیشیان ڕزگار کرد،تەنانەت زۆرێک لە چالاکڤانان بە هۆی گڕی زۆری ئاگرەوە تووشی سووتان و برینداری بوون، چالاکانە ڕەفتاریان کرد،بەڵام چاوڕوانی دەکەین لەوەیش چالاکانەتر بجووڵێنەوە.

پرسیار: پەیوەندی خەساری کۆمەڵایەتی و خەساری ژینکەیی چۆنه و چۆن پێک دێ؟

کۆنەپۆشی: ژینگە خۆی شوێنێکە بۆ درووستبوونی پەیوەندی کۆمەڵایەتی،بۆ نموونە شوێنە گشت و گوزارییەکان،سەیرانگاکان،هەمیشه تیایاندا کۆمەڵێ خەڵکی زۆر کۆ دەبێتەوە و پەیوەندی قسە و باس و ناسین و ئاشنایەتی پێک دێت، بەڵام کە ئەو شوێنانەت نەپاراست ئیتر کەسی ڕووی تێ ناکات و پەیوەندییەکە دەپچڕێ، پیس بوونی ژینگە و تێکدانی نەک ئەبێتە هۆی تێکچوون و خەسارێکی گەورە لە سرووشت و دەوروبەرمان،بەڵکو دبێتە هۆی خەسارێکی گەورە لە لایەنی کۆمەلایەتی و بڵاو بوونەووەی دەیان و سەدان نەخۆشی، هەتا لایەنی ئابووری و کەشت و کاڵیشمان خەسارێکی گەورەی لێ دەکەوێ و بەر فەوتان دەچێ.

پرسیار : ئەرکی منی کورد یان هەر تاکێکی کۆمەڵگا لە بەرانبەر پاراستنی دارستانەکان چییە؟

کۆنەپۆشی: ئەرکی ئێمە و هەر تاکێکی کورد ئەوەیە کە لە بەرانبەر سیاسەتە گەندەڵکارەکانی ڕێژیمی جەماران بۆ سەر ژینگەی کوردستان،پرچەکردارمان هەبێت،تێبگەین لە ئامانجی دواڕۆژی ئەو سیاسەتە جەووتانە، بۆ نموونە پیسی ژینگەمان دەبێتە،هۆی تێکچوونی باری تەندرووستی و بڵاو بوونەوەی نەخۆشی، سووتانی دارستانەکان و نەخشاندنی سرووشتمان بە ڕەنگی ڕەش و زووخاڵ،دەبێتە هۆی تێکچوونی باری دەروونی و تووڕە بوون و زوو هەڵجوونمان،ئەوانەی لە ژینگەیەکی سەر سەوز و پاک و خاوێندا دەژین هەمیشه سەر حاڵ و شاد و ئامادە، بە پێچەانەیشەوە ژینگەی پیس و سرووشتی سووتاو،زەفەر دەبەن بە سلامەتی و لە سەرخۆیی و هێمنی و بە ورەیی ئینسانەکان.

پرسیار:قۆناغی سەرەکی و کۆتایی پێشی گرتنی ئاگر چیه؟

کۆنەپۆشی: محکوم کردن و خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دژی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەمبەر بۆردومان و ئاگر تێبەردانی دارستانەکانمان و تێکدانی ژینگەماندا،هەنگاوێکی باشە، بردنە سەرەوەی ئاستی زانیاریمان لە سەر سرووشت و ژینگە و پاراستنیان، قسە کردن و تێگەیاندنی ئەوانە وا بێ زانیارین و ناشارەزان، هاوکاریکردنی ئەنجومەنە مەدەنی و ژینگەییەکان و هاندانی زیاتریان، سەر کۆنە و لقاو دانی ئەوانەی ژینگە ناپارێزن و دارستان دەسووتێنن،دەستخۆشی لە ژینگە پارێزان و ئاگر کوژێنرەکان، هەست بە بەرپرسیارییەتی کردن و …هتد ئەم خاڵانە و زۆر خاڵی تر دەتوانن پێشگیری بکەن لە ئاگر و سووتانی دارستانەکانما.

کاک سەلاح کۆنەپۆشی وێرای ماندوو نەبوون لەلایەن ماڵپەری ژینگەوانەوە زۆر سپاسی ئێوەی بەرێز دەکەین،سپاس بۆ بشداریتان.

کۆنەپۆشی: لە کۆتاییدا سپاس بۆ ئێوە کاک سەعیدی هێژا و سەرکەوتن بۆ چالاکڤانانی و ئەنجومەنە مەدەنییەکان.