سمیناری: “زرێبار، هەلەکان و مەترسییەکان”، لە زانکۆی پەیام‌نووری مەریوان، بەڕێوەچوو

0
838

بەپێی هەواڵی ماڵپەری ژینگەوان، ڕۆژی دووشەممە، ۱٥ی سەرماوەز، لە زانکۆی پەیام‌نووری مەریوان، سمینارێک لەژێر ناوی: “زرێبار، هەلەکان و مەترسییەکان”، بە جەخت‌کردنەوە لەسەر دروست‌کردنی پاڵاوگە لە تەنیشت زرێباردا، بەڕێوەچوو.

ئەم سمینارە کە لە لایەن ژینگەپارێزانی بنکەی ژینگەی زانکۆی پەیام‌نووری مەریوان، ڕێکخرابوو، بە پێشکەش کردنی چەندین بەرنامە، میوانداریی کۆمەڵێکی زۆری خوێندکاران و میوانانی دەرەوەی زانکۆی کرد. ئەم سمینارە بە یەک خولەک بێدەنگی و ڕاوەستان بۆ ڕێزلێنان لە کۆڵبەرانی شەهید، دەستی‌پێکرد.

گوتاربێژانی ئەم سمینارە، دوکتۆر سەلاحەدین مورادی و سەیوان ئەمینی، لەسەر زەریاچە ئاوشیرینەکانی جیهان، بەتایبەت زرێبار، زانیاریێکی ئەوتۆیان پێشکەش کرد و هۆکارەکانی لەنێوچوونی تاڵاوگەکانیان شی‌کردەوە و پەیوەندیان دایە زرێبار، کە لە هەنووکەدا مەترسیی لەنێوچوونی هەیە.

هەروەها بە سەرنج‌دان بە ڕێژەی زۆری بیرە ئاوەکانی دەوروبەری زرێبار و ڕژانی فازڵاوەکان لە نێو زرێبار و… جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە زرێبار لە ئێستادا لە مەترسیدایە و ئەگەر بەرگری لە پاڵاوگەی نەوتیش نەکرێت، زرێبار تەمەنێکی بۆ نامێنێتەوە و ژینگەی ناوچەکە بە لایێکی خراپدا تووشی گۆڕان دەبێت و سروشتی مەریوان زەبری قورسی بەردەکەوێت. هەروەها گوتیان کە مەریوان دژی پێشکەوتن نییە، بەڵام دژی لەنێوچوونی زرێبارە و بە گیان و دڵ دەیپارێزن.

لە درێژایی سمینارەکەدا، گوتارێک لە لایەن نوێنەری بنکەی ژینگەی زانکۆی ناوبراوەوە، خوێنرایەوە و هەروەها کلیپێک لەسەر زرێبار نمایش کرا. هەروەها لە لایەن گرووپی شانۆی یەنگیجەوە، شانۆیێک لەسەر شەرمەزارکردنی ڕاوکردن و پاراستنی ژینگەی زرێبار، پێشکەش کرا. لەم شانۆیێدا ڕەخنەی توند لە بەرپرسان و ئیدارە حکومەتییەکان گیرا کە ئەرکی پاراستنی سروشتیان لە ئەستۆیە، بەڵام بێدەنگن و بچووکترین چالاکیی ژینگەپارێزییان نییە. هەروەها ئەم شانۆیە پێشکەشی کیژۆڵەکانی گوندی شیناوێ کرا کە چوار ساڵ پێش ئێستا لە کارەساتێکی دڵتەزێندا، ڕووخساری جوانیان لەدەست دا.

لە کۆتایی سمینارەکەدا، ئەندامانی بنکەی ژینگە بە مەبەستی ئاگادارکردنەوەی خوێندکاران لە بارودۆخی ژینگەی کوردستان و هەروەها بۆ پەرەپێدانی فەرهەنگی ڕۆژنامەخوێنی، دەستیان دایە بڵاوکردنەوەی مانگنامەی “چیا”، بەڵام لە لایەن حەراسەت و بەرپرسی زانکۆوە، دەست‌بەسەر ڕۆژنامەکان گیرا و بەرگیرییان کرد لە بڵاوکردنەوەی؛ هەروەها حەراسەت و بەرپرسی نوێی زانکۆ، هەڕەشەی توندی کردووە لە ئەندامانی بنکەی ژینگە و ڕایگەیاندووە کە ئەندامەکان بانگهێشتی ئیتلاعات دەکەن و دەیانخەنە ژێر گوشارەوە. بەڵام خوێندکاران ڕایانگەیاندووە کە ئەگەر شتی وەها ڕووبدات، بە توندی وەڵام دەدەنەوە و بێدەنگ نابن.

photo_2016-12-05_13-11-38

photo_2016-12-05_13-11-47

photo_2016-12-05_13-11-51

photo_2016-12-05_13-12-01