ڕۆڵی مار لەژینگە و سوودەکانی لەدنیای پزیشکیدا!

0
1961
محەممەد چاوشین
محەممەد چاوشین

ئامادەکردنی : محەمەد چاوشین

لەسەرەتادا پێویستە باش درک بەو ڕاستییە بکەین کە مار ھەرگیز بەدوای مرۆڤەکاندا ناگەڕێت بۆئەوەی بیان گەزێت و پێوەیان بدات.

 مارەکان بەتایبەت مارە ژەھردارەکان، زۆر ترسنۆک و خۆپارێزن و ھەمیشە لەشوێنی ژیانی مرۆڤەکان دوور دەکەونەوە.

مارە مەترسیدار و ژەھردارەکان، ھەمیشە لەوشوێنانە دەژین کە ھاتووچۆی مرۆڤەکانی بەسەردانییە.

مارەکان لەناو سرووشت و ژینگەدا ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن، نەبوونی مار لە سرووشتدا، بەواتای پچڕانی زنجیرەی ژیان و لەناوچوونی بەشێکی گرنگی سرووشت دێت.

مارە ژەھردارەکان توانای ڕۆیشتنی خێرایان نییە، ھەروەکوو چۆن مارە بێ ژەھرەکان خاوەنی خێراییەکی زۆرترن.

                    مار چ کاتێک پێوەدەدات؟

ھەربۆیە ئەگەر مارى ژەھر دار نەى توانی لەکاتی خۆیدا لەدەست دوژمن ڕابکات، سەرەتا خۆی دەشارێتەوە،پاشان ئەگەر ھەستی بەمەترسی کرد دوژمن ئاگادار دەکاتەوە،قۆناغی سێ ھەم، تۆزێک ھەوڵی ھەڕەشە و ترساندنی دوژمن دەدات بۆئەوەی ڕێگایەک بۆ دەربازبوون بدۆزێتەوە.

خۆئەگەر سەرکەوتوو نەبوو، لەقۆناغی چوارەمدا ھەڵسوکەوتی ھێرش بردن نشیان دەدا و سەری خۆی بۆلای دوژمن درێژ دەکات و دەمی لێک دەکاتەوە.

بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بڕیاری کۆتایی نییە بۆ پێوەدان.

دیسان ئەگەر سەرکەوتوو نەبوو لەوەی دژمن لەخۆی دور بخاتەوە و ھیچ ڕێگاچارەیەکی لەبەردەمدا نەما، ئەوکات ھەوڵی گەستن و بەکارھێنانی ژەھرەکەی دەدات کە بەشێوەیەکی باو  مارەکان سەرەتا گەستنێکی ئاسایی و کەمێک ژەھر بەکار دەھێنن بۆئەوەی دیسان دوژمنەکەیان ئاگادار بکەنەوە.

 بەڵام کە ھیچ چارەی نەما، بە ھەردوو ددانە ژەھردارەکانی گاز دەگرێت و ھەموو ژەھری ناو کیسە ژەھرەکە بەکار دەھێنێت بۆئەوەی ڕێگایەك لەبەردەم دوژمنەکەیدا نەھێڵێتەوە.

بەسەرنج دانێکی ورد لە ھەڵسوکەوت و جۆری ھێرش بردنی مارەکان، ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە کە ئەگەری پێوەدانی مار زۆر دەگمەنە.

ئەو بیرکردنەوەیەی کە پێی وایە مارەکان مەترسیدارن و دەبێ لەناو ببرێن، دەرەنجامی نەزانی و دواکەوتوویی خەڵکە، دەرەنجامی بێ ئاگایی بوونی خەڵکە لەھەمبەر سوودە زۆر و زەوەندەکانی مار لەناو سرووشتدا.

زۆرشت لەژیانی ئینسانەکاندا، ھەم سوودی ھەیە و ھەمیش زیان.

بۆنموونە:

ئاو سەرچاوەی ژیانە، بەڵام ئەگەر لەکاتی مەلەکردندا وریا نەبین و بەپارێزەوە مامەڵە لەگەڵ گۆم و ڕووبارەکاندا نەکەین، بۆی ھەیە لەئاودا بخنکێین.

بەڵام مرۆڤەکان ھیچ کات ئامادە نین بیر لە وشککردنی ڕووبارەکان بکەنەوە لەبەرئەوەی مرۆڤەکان دەخنکێنێت.

ئۆتۆمبێل زۆرجار دەبێتە ھۆی مەرگی مرۆڤەکان، بەڵام ناکرێ بەو بیانووە ئۆتۆمبێل لەژیانی ئینسانەکان بێنینەدەرەوە ، چونکە بەشێکی سەرەکی پێداویستییەکانی مرۆڤەکانی ئەم سەردەمەیە.

ئەگەر بخوازین ئاماری مار پێوەدان یاخود ئاماری کوژرانی مرۆڤەکان بەھۆی ڕووداوەکانی ھاتووچۆ یان خنکان لەناو ڕووبارەکاندا بەراورد بکەین، بێگوومان ئاماری ساڵانەی کوژرانی ھاووڵاتیان بە خنکان یان ڕووداوەکانی ھاتووچۆ زۆر لەپێش مارپێوەدانەوەیە.

بەمانایەکی تر،ھەروەکوو چۆن بایەخ و سوودی “ئاو و ئاگر” زیاتر لە بوونی مەترسییەکانیانە، سوودی ماریش زیاتر لە مەترسییەکانیانە.

                    مار دوژمنی مرۆڤ نییە!

مار ھیچ کات دوژمنی مرۆڤەکان نییە، بەڵکوو ئەوە مرۆڤە کە دوژمنی مارەکانن.

زۆربەی ھەرەزۆری ئەو مارانەی کە ژەھرەکانیان مەترسیدارە و بۆ مرۆڤەکان زەرەری ھەیە، نایانەوێ وابە ئاسانی ژەھرەکانیان لەدژی دوژمنەکانیان بەکار بێنن.

چونکە ژەھری مار، پڕیەتی لە پڕۆتین کە مار ھەمیشە پێوبستی پێیەتی.

مار ھەمیشە ئەوکاتانە ژەھرەکەی بەکار دێنێت کە بزانێ مەترسی لەسەر ژیانی درووست دەبێت.

زۆرجار مار، تەنھا گاز دەگرێت و نایەوێ ژەھرەکەی بەکار بێنێت.

ھێندێک جاریش لەگەڵ گازگرتنەکە، ژەھرێکی کەم بەکار دێنێت و پارێزگاری لە مانەوەی ژەھرەکەی دا دەکات.

چونکە کەم بوونەوەی ژەھر لەجەستەی ماردا، بەواتای نەمانی پڕۆتین دێت لەجەستەی ئەو مارەدا.

کەواتە، ئەوەندەی مرۆڤەکان دوژمنی مارەکانن، نیوو ھێندە مارەکان دوژمنی مرۆڤەکان نین.

یان ئەوەندەی مرۆڤەکان مەترسییان لەسەر ژیانی مارەکان درووست کردووە، نیوو ھێندە مارەکان مەترسییان لەسەر مرۆڤەکان درووست نەکردووە.

مرۆڤ دەتوانێ دەستکاری شێوە و پێکھاتەی سرووشت بکات ، بەڵام گیان لەبەرەکان توانای ئەو کارەیان نییە.

کەواتە، مرۆڤ دوژمنی خۆیەتی و ناتوانێ ڕێزی ژینگەی دەوروبەری خۆی بگرێت.

ئەوە مرۆڤەكانن کە  لە مانا و مەفھوومی بوونی زیندەوەرەکانی ناو ژینگە تێ ناگەن.

              مار بەخێوکردن لە فەڕەنسا

ژەھری مارە ژەھردارەکان، سودێکی زۆری لە زانستی پزیشکی و درووست کردنی دژە ژەھرەکاندا ھەیە.

لە باشوری ڕۆژھەڵاتی فەڕەنسا، زیاتر لە ٧٠ جۆر لە مارە ژەھردارەکان لە ناوەندێکی پێشکەوتوودا  بەخێو دەکرێن و بۆ بەرھەم ھێنانی ژەھر کەڵکیان لێ وەردەگرن.

“ھارۆڵد دو پومیرز” بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای”لاتوکسان”لەوبارەوە دەڵێت: مانگی یەکجار ژەھری مارەکان وەردەگرین و لەتاقیگە تایبەتییەکانی فەڕەنسادا بۆ لێکۆڵینەوەی پزیشکی سوودی لێ وەردەگرین.

ناوبراو دەڵێت: ئەو بڕە ژەھرەی وەری دەگرین، بڕێکی زۆر زۆر کەمە، بۆیە خواستێکی زۆریشی لەسەرە و نرخەکەی گرانە.

نرخی یەک گڕام لەژەھری ئەو مارانە بڕی ٥٠٠ بۆ ٤٠٠٠ دۆلارە.

ژەھری مار دوای ئەوەی لەتاقیگەکاندا بەوردی کاری لەسەر دەکرێت و بەشەکانی لێک جودا دەکرێتەوە، کاریگەری زۆر و ئەرێنی لەسەر نەخۆشییەکانی میشک، دڵ، گورچیلە و خوێنبەرەکان ھەیە، لەوبارەیەشەوە تاقیکردنەوەکان سەرکەوتنیان بەدەست ھێناوە.

زاناکان لەسەر ئەو باوەڕەن کە نھێنییەکی زۆر و نەزانراو لە ژەھری مارە ژەھردارەکاندا ھەیە و ھێشتا زانستی پزیشکی پەی پێ نەبردووە، بۆیە لێکۆڵینەوەی بەردەوام لەسەر ئەو ژەھرە، لەداھاتوودا گۆڕانکارییەکی گەورە و درەوشاوە بۆ زانستی پزیشکی و ژیانی مرۆڤایەتی بەدیاری دێنێت.

                                     مار لە ئێران

کارکردن لەسەر  ژەھری مار لە بواری پیشە سازی دەرماندا، لەئێرانی دراوسێی ھەرێمی کوردستان بایەخێکی زۆری پێدراوە.

ئێستا لە ئێراندا دەیان ناوەندی پزیشکی بۆ لێکۆڵینەوە لە ژەھری مار پێکھێنراون و ساڵانەش بڕێکی زۆر دەرمان بەرھەم دێنن کە لەو ڕێگایەوە، سوودێکی زۆریان بۆ داھاتی نیشتیمانی ئەو وڵاتە ھەیە.

بۆنموونە:

“دامەزراوەی لێکۆڵینەوەی پزیشکی ڕازی” لەئێران، وێڕای  بەخێوکردنی جۆرەھا مار و ھەروەھا بەرھەم ھێنانی چەند جۆرێکی دەرمانی دژە سەڕەتان و دژە ژەھر، توانیوویەتی خزمەتێکی گەورە بەبواری پزیشکی و سەرچاوەی داھاتی نیشتیمانی ئەو وڵاتە بکات.

لەو دامەزراوە پزیشکیەدا، ساڵانە نزیکەی ١٠ ھەزار دەرزی لەژەھری مار بەرھەم دەھێنرێت کە ھەر دەرزییەک ١٠(سی سی)یە،ھەر ١٠(سی سی) دژە ژەھریش نرخەکەی  ٥٢ دۆلارە.

بەواتایەکی تر، ھەر ١٠ سی سی دژە ژەھری ماری درووست کراوی ئێران، نزیکەی نرخی ٧٠ لیتر نەوتی ئێران بایەخی ھەیە.

بە لێکدانەوەیەکی سادەتر، یەک گڕام  دژە ژەھری مار بەقەدەر نرخی ٦٨٠ بەرمیل نەوتی نێردراوی ئێران بۆ بازاڕەکانی جیھانی ئەرزشی ھەیە.

                          مار و شەڕاب!

شەڕابی مار، جۆرە شەڕابێکە کە لەوڵاتانی باشوری ڕۆژھەڵاتی ئاسیا وەکوو (ڤێتنام، تایلەند، لائوس و کامبۆدیا، ھەردوو کۆریای باشور و باکور، ژاپۆن) ڕەواجی ھەیە.

لەوڵاتانی باشوری ڕۆژھەڵاتی ئاسیادا، بۆ درووست کردنی ئەو جۆرە شەڕابە، مارێکی “کوبڕا” یان ژمارەیەک دوپشکە بەزیندوویی دەخەنە ناو بتڵێکی شوشەوە، پاشان شەڕابەکەی تێ دەکەن، دواتر بۆماوەی چەند مانگێک لەشوێنی تایبەتدا ھەڵی دەگرن تائەوکاتەی ئامادە دەبێت بۆ بەکارھێنان و خواردنەوە.

ژەھری مارەکە  لەناو شەڕابەکەدا حەل دەبێت و ھیچ کاریگەرییەکی خراپی بۆسەر بەکارھێنەرەکە نابێت، بەپێچەوانەوە بۆ تەندرووستی ئینسانەکانیش زۆرباشە بەتایبەت بۆئەوانەی بەدەست نەخۆشییەکانی دڵەوە دەناڵێنن.

وەک باس دەکرێ، سەرەتا چینییەکان ماریان بۆ شەڕاب درووست کردن بەکارھێناوە، بەڵام لەئێستادا، باشترین جۆری شەڕابی مار لە ڤێتنام و تایلەند دەست دەکەوێت.

بۆ نەخۆشییەکانی :کۆئەندامی دەمار، نەخۆشییەکانی دڵ، سەڕەتان(بەتایبەت سەڕەتانی سینگ)، گوشاری خوێن و تەنانەت بۆ جەڵتەی مێشکیش سودێکی ئیجگار زۆری ھەیە.

پزیشکەکان باسی ئەوەش دەکەن کە شەڕابی مار مەیلی سێکسی زیاد دەکات.

لەبواری کشتووکاڵیشدا دەورێکی گرنگ دەگێڕێت.بۆنموونە ، یەکێک لە خۆراکەکانی مار “مشک”ە، مار دەورێکی گرنگی ھەیە لە ھاوسەنگ ڕاگرتنی ژمارەی مشکەکان کە ئەگەر مار نەدەبوو بێگوومان کشتووکاڵیش بەو بەربڵاوییەی ئێستا نەدەبوو.

ترسناکترین مارەکانی جیھان و چەند زانیارییەک :

ماری(Bushmaster – بوش مەستر)

یەکێکە لەترسناکترین مارەکانی جیھان. درێژی ئەو مارە ٣ بۆ ٤ مەتر دەبێت. شوێنی سەرەکی ئەومارە ، ئەمریکای باشورە.بەپێی لێکۆڵینەوەیەک کە ئەنجام دراوە، لەکاتی پێوەداندا ٤٠٠ میلی گڕام ژەھر دەخاتە جەستەی نێچیرەکەیەوە.بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکان، ژەھری ئەومارە لەیەک کاتدا دەتوانێ یەک مرۆڤ و ١٦٥٠ مشک بەسەریەکەوە بکوژێت.

ماری موکتی

ماری موکتی، یەکێکە لەمترسیدارتینی مارەکانی جیھان، بەڵام بچوکە و ھێندێک جار درێژیەکەی دەگاتە ٧٥ سانتی مەتر و ژینگەی ئەومارەش ، ئەفریقا و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستە.ڕۆیشتنەکەی شێوەی(s)ی ئینگلیزییە.لێکۆڵینەوەکان باسی ئەوە دەکەن کە پێوەدانی ئەو مارە، دەتانێ دوو مرۆڤ و ٣٣٠٠ مشک لەناوبەرێت.

ماری مامبای ڕەش

یەکێکە لەھەرە مەترسیدارترینی مارەکانی جیھان.بەھەرکەسێکەوە بدات ٩٩% دەربازبوونی نییە.بەیەک جار پێوەدان دەتوانێ ٤ مرۆڤ و ٦٦٤٠ مشک بکوژێت.

درێژەیەکەی دەگاتە ٤ بۆ ٤ونیوو مەتر. بەخێراترین ماری دنیا ناسراوە و لە کاتژمێرێکدا ٢٣ کیلۆمەتر دەبڕێت.ماری مامبای ڕەش، پێستی دەرەوەی سپی یە و ناو زاریشی ڕەشە.

ماری”بەور”ی یان  “پڵنگی”

بەھۆی ڕەنگەکگەیەوە کە زەرد و خۆڵەمێشییە، ناوی “بەوری”یان پڵنگی بەسەردابڕاوە.ئەوجۆرە مارە لە باشوری ئوسترالیا دەژیت.یەکێکە لەمەترسیدارترینی مارەکانی جیھان.درێژەیەکەی دەگاتە دوو مەتر.

ماری ناوبراو بەیەک جار پێوەدان، دەتوانێ ١١٢ میلی گڕام ژەھر بەکار بێنێت و بەوھۆیەشەوە دەتوانێ ٨ کەس و ١٣٣٣٣ مشک لەناوببات.ئەمەش ژمارەیەکی سەرسوڕھێنەرە.

ماری(Common Krait)

مارێکی مەترسیدارە و ١٢ جۆریشی ھەیە.بەیەک جار پێوەدان دەتوانێ ١١ کەس و ١٨٧٥٠ مشک لەناو ببات.بەیەک جار ٣٠ میلی گڕام ژەھر بەکار دەھێنێت.

ماری (Inland Taipan)

ئەوجۆرە مارە لەھەرە مەترسیدارەکانە. بەیەک جارپێوەدان دەتوانێ ٤٤ کەس و ٧٧ ھەزار مشک لەناو ببات.بەیەک جار دەتوانێ ٧٧ میلی گڕام ژەھر بخاتە ناو جەستەی نێچیرەکەیەوە. ژینگەی ئەو مارە ئۆسترالیایە و درێژیەکەشی دەگاتە ٢.٥ مەتر.

                           چەند زانیارییەکی گرنگ :

1- مارە ژەھردارەکان بەشێوەیەکی باو خاوەنی کلکێکی کورتیلەن، لەبەرئەوە توانای زۆریان نییە بەدوای نێچیرەکەیاندا بڕۆن.

٢- مارە ژەھرەکان بەشێوەیەکی باو شەوانە دێنەدەرەوە.

٣- مارە ژەھردارەکان سەریان شێوەی سێگۆشەییە و ئەمەش نیشانەیەکی بەھێزی ژەھراوی بوونی ئەو مارانەیە.

٤- بەچکەماری ژەھردارەکان، لەسەرەتای لەدایک بوونیانەوە توانای پێوەدانیان ھەیە.

٥-مارە بێ ژەھرەکان، خاوەنی جوڵە و خێرایی زۆرترن لە مارە ژەھردارەکان.

٦- مارە گەورە و زەبەلاحەکان ژەھریان نییە.بۆیە خۆیان لەدەوری نێچیرەکەیان دەئاڵێنن تاکوو دەمرێت، باشان نێچیەکەیان دەخۆن.

٧- مارەکان یەک ڕۆژ خۆراک دەخۆن و ١٥ ڕۆژیش خەریکی ھەزمکردنی خۆراکەیان دەبن.

٨- زیاتر لە ٧٠% مارپێوەدانەکان،  لەخوار  ئەژنۆوەیە.

٩- ژەھری مارەکان دەکرێنە دووبەش:

ھێندێک لە ژەھری مارەکان، خوێن دەخاتە حاڵەتی”مەین”و لەھاتووچۆی دەخات.

ھێندێکیشان کۆئەندامی دەمار لەکار دەخات.

ھەرمارێک، ژەھرێکی تایبەت بەخۆی ھەیە کە لەپێکھاتە کیمیاییەکەیدا لەگەڵ باقی دیکەی ژەھری مارەکان جیاوازی ھەیە.

لەبەرئەوەیە کە کەسی مارپێوەدراو، پێویستە لەسەربنەمای ژەھری ئەومارەی کە پێوەی داوە، دژە ژەھری بۆ بەکاربھێنرێت.

١٠- تائێستا نزیکەی ٣٠٠0 جۆر مار لەسەر زەوی دۆزراوەتەوە، لەو ژمارەیەش نزیکەی ٤٠٠ جۆریان ماری ژەھردارن، لەو ڕێژەیەش تەنھا ٥٠جۆریان دەکرێ بۆ مرۆڤەکان جێگای مەترسی بن.

١١- ھەموو مارە ژەھردارەکانیش ھەمیشە جێگای مەترسی نین.

 بۆنموونە ئەگەر مارێکی ژەھردار پێشتر ژەھرەکەی لەدژی نێچیرێک بەکارھێنابێ و دواتر بە مرۆڤێکیشەوە بدات، ئەوا زۆر جێگای مەترسی نییە. چونکە ھەندێک جار مارپێوەدان، پەیوەندییەکی زۆری بە ڕێژەی بەکارھاتووی ژەھرەوە ھەیە لەلایەن مارەکەوە.

١٢- مارەکان توانای ڕۆیشتنی خێرایان نییە، تائێستا ئەوەی کە بۆ خێراترین مار تۆمار کراوە نزیکە ١٣ کیلۆمەترە لەیەک کاتژمێردا.

١٣- زۆرترین تەمەن کە بۆ مارەکان تۆمار کراوە تایبەتە بە جۆری ئانا کوندا (Anaconda) و ماری کوبڕای ڕەش کە کەمتر لە ٣٠ ساڵە.

١٤- زۆربەی مارەکان خاوەنی ٢٠٠ ددانن، بەڵام ناتواننن بۆ خواردن و جوین کەڵکیان لێ وەربگرن.چونکە ددانی مارەکانبەرەو دواوە نوشتانەوە. تەنھا بۆ گازگرتن دەتوانێ کەڵک لەددانەکانیان وەربگرن. مارەکان نیچیرەکانیان قوت دەدەن  و ناتوانن بیجوون.

mar1 mar2 mar3 mar5 mar6 mar7 mar8

سەرچاوەكان :

http://www.delgarm.com/entertainment/interesting-news1/26246-%D8%B3%D9%85%D9%8A-%D8%AA%D8%B1%D9%8A%D9%86-%D9%88-%D8%AE%D8%B7%D8%B1%D9%86%D8%A7%DA%A9-%D8%AA%D8%B1%D9%8A%D9%86-%D9%85%D8%A7%D8%B1%D9%87%D8%A7%D9%8A-%D8%AF%D9%86%D9%8A%D8%A7

——————

http://namnak.com/22481-%D9%82%DB%8C%D9%85%D8%AA-%D8%B2%D9%87%D8%B1%D9%85%D8%A7%D8%B1.html

—————

http://www.ettelaat.com/etiran/?p=69594

—————-

http://www.1doost.com/posts/12345/%20%D9%87%D9%85%D9%87%20%DA%86%DB%8C%D8%B2%20%D8%AF%D8%B1%20%D9%85%D9%88%D8%B1%D8%AF%20%D9%85%D8%A7%D8%B1%D9%87%D8%A7.htm

———————

http://shadabdez.blog.ir/1394/11/01/%D8%A2%D8%B4%D9%86%D8%A7%DB%8C%DB%8C-%DA%A9%D9%88%D9%87%D9%86%D9%88%D8%B1%D8%AF%D8%A7%D9%86-%D8%A8%D8%A7-%D9%88%DB%8C%DA%98%DA%AF%DB%8C-%D9%85%D8%A7%D8%B1%D9%87%D8%A7