بەپێی هەواڵی ژینگەوان، ڕۆژی سێشەممە، ۲۳ی سەرماوەز، لە هۆڵی گشتیی مامۆستا “قانع”ی زانکۆ پەیامنووری مەریوان، فیلمی “بێکەس”، بە دەرهێنەریی “کارزان قادر”، نمایشکرا.
هەواڵنێری ژینگەوان/مریوان: ئەنجومەنە زانستییەکانی زانکۆی پەیامنووری مەریوان، لە درێژەی چالاکییە بەربڵاوەکەیاندا، ئەمجاریش بە شێوازێکی تایبەت درکەوتن و بە نمایشکردنی فیلمی “بێکەس”، بەرهەمی فیلمسازی باشووری کوردستان، لە هۆڵی گشتیی ئەم زانکۆیەدا، پارەی فرۆشی بلیتەکانیان تەرخان داوە بە کڕینی دەمامک و شیر، بۆ سپوورەکانی (پاکبان) مەریوان و شارۆچکەکانی دەوروبەری.
خوێندکارانی زانکۆی ناوبراو ڕایانگەیاندووە کە بۆ هاودەردی و پاڵپشتی لە سپوورەکانی مەریوان و وەک ناڕەزایەتییێک بە بارودۆخی نەگونجاوی ئەو زەحمەتکێشانە، کە بەردەوام لە لایەن شارەوانی و فەرمانگە پەیوەندیدارەکانەوە دەچەوسێنەوە، داهاتی فیلمی بێکەس تەرخان دەکەن بۆ کڕینی پێداویستییەکانی ئەو خاوێنکەرەوانەی ژینگە.
شایانی باسە کە سپوورەکانی مەریوان، زۆرتر لە شەش مانگە کە پارەیان پێ نەدراوە و پێویستییەکانیان پشتگوێ خراوە. بۆ نموونە بەبۆنەی ئەو تۆزەی کە دەڕواتە قوڕگیان، لە ماوەیێکی کورتدا دەبێتەهۆی نەخۆشبوونیان، بۆیە پێویستە لانیکەم حەوتەیێک جارێک شیر بخۆنەوە. هەروەها دەبێ هەموو شەوێک دەمامکەکانیان بگۆڕیێت، بەڵام ئەمە لە حاڵێکدایە کە حەوتەیێک جارێکیش دەمامکی نوێیان بۆ دابین ناکەن و تا ئێستایش شیریان بۆ نەکڕاوە.
هەروەها ئەم چالاکانە ڕایانگەیاندووە کە ئەم چالاکییە، بەردەوام دەبێت و داوایان لە شارەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کردووە کە بە چالاکییێکی هاوشێوە، بەشدار ببن لەم خزمەتەدا و تاکوو بەدیهاتنی خواستەکانیان، وەک ناڕەزایەتییێک، بەردەوام بن. هەروەها داوایان لە خوێندکاران کردووە کە پاڵپشتیان بن و لە داهاتوویشدا هەر بەمجۆرە لەگەڵیان بن و بە بەشداریی بەرچاو، هۆڵەکان بڕازێننەوە؛ تاکوو باشتر و بەهێزتر بتوانن خزمەتی کۆمەڵگاکەیان بکەن و پاڵپشتی چینی زەحمەتکێش بن.