گۆلی “ورمێ” سوور هەڵگەڕا

0
1013

ئاوی گۆلی “ورمێ” لە رەنگی هەمیشەییەوە گۆڕا بۆ سوور و هەر چەند بە رواڵەت دیمەنێکی جوان‌و سروشتی بەخشییە گۆلەکە، بەڵام هەڵگری پەیامێکی خەفەتبارە.
لە چەند ساڵی رابردوودا ئاوی گۆلی ورمێ بەهۆی گوێنەدانی کاربەدەستانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران‌و پلانە سەقەتەکانیان لە بواری ئاو و ئاودێرییەوە، گورزێکی کوشندە بەر گۆلی ورمێ کەوتووەو گەورەترین گۆلی خوێی جیهان لە وشکبوون‌و لەناوچوون نزیک بووەوە، بەڵام زستان‌و بەتایبەتی بەهاری ئەمساڵ بەهۆی بارینی بەفرو بارانێکی زۆر بۆ جارێکی دیکە گۆلەکە گیانێکی هاتەوەبەرو دەستی بە ژیانەوە کرد.
لە چەند رۆژی رابردوودا رەنگی ئاوی گۆلەکە بەرەو سووری چوو کە کارناسان‌ هۆکارەکەی بۆ شینبوونی جۆرێک رووەک بەناوی “دۆنالیلا سالینا” دەگێڕنەوە کە لەکاتێکدا کە ئاوی شیرن کەمتر دەگاتە گۆلەکەو رادەی ئۆکسیژێن لە ئاوی گۆلەکە کەم دەبێتەوە و ئەم رووەکە شین دەبێ‌، بەڵام بەهۆی چوونەسەری پلەکانی گەرمی‌و چوونەسەری رادەی سوێریی ئاوەکە بۆ ٤٠٠ گرەم خوێ بۆ هەر لیترێک بەرە بەرە رووەکەکە لەناو دەچێ.
لە ئێستادا دوو جۆر رووەک لە گۆلی ورمێ شین بوون کە ناوەکانیان بریتییە لە “دۆنالیلا‌ سالیناو دۆنالیا پریدیس”. ئەم دوو رووەکە بە خواردنی سەرەکیی گیانلەبەرێک دادەنرێ بەناوی “ئارتیما” کە بە بوونەوەرێکی پێست رەق دەناسرێ‌و لە ئاوە سوێرەکاندا دەژی، یەکێک لەو حەوت جۆرە بوونەوەرەیە کە یەک سوورەیە (تک سلولی)و لە ساڵەکانی ١٣٧١-١٣٧٧ توانراوە لە فرۆشتنی ئەو گیانلەبەرە ١٠ ملیۆن دۆڵار دەسکەوت بۆ فرۆشیارانی دابین بکا.