ئامار/ 147ـــەمین حاڵەتی ئاگرتێبەردانی دارستانەکانی کوردستان لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا تۆمار کرا

0
913

بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی ژینگەوان و بە پشت بەستن بەو ئامارەی لەلایەن ئەو ماڵپەڕەوە تۆمار کراوە، لە ماوەی نزیک بە یەک مانگ و نیودا، 176 حاڵەتی ئاگرتێبەردانی ژینگەی کوردستان ڕووی داوە.

پێشتر لەلایەن ماڵپەڕی ژینگەوانەوە ڕاپۆرتی 136 حاڵەتی بڵاو کراوەتەوە.

لە درێژەی ئەو شەپۆلەدا، ڕێکەوتی 12ی پووشپەڕ ئاگر لە ژینگەی گوندی بلوجەی سەر بە کامیاران بەر دراو و زیاتر لە 25 هێکتار لە ژینگەی کوردستان بوو بە خۆڵەمێش.

لە حاڵەتێکی دیکەدا، ڕیکەوتی 14ی پووشپەڕ کە ڕۆژێکی پڕخەسار بوو بۆ ژینگەی نیشتمان، گوندی بەرقەڵای مەریوان کرایە ئامانجی ئاگری ڕژیم و خەسارێکی بەرچاو بە ژینگەی کوردستان گەییشت.

هەر لە درێژەی ئەو ئاگرکەوتنەوانەدا و لە هەمان ڕۆژ واتە 14ی پووشپەڕدا، 141ـــەمین حاڵەتی ئاگرتێبەردانی دارستان و لێڕەوارەکانی کوردستان لە شاری پاوە ڕووی دا.

سلێمان بەگی بانە لە ئاگری ڕق و کینەی حکوومەت بێبەری نەبوو و لەو پێوەندییەدا لە ڕێکەوتی چواردەی پووشپەڕدا کرایە ئامانج و سلێمان بەگ بۆ کۆخی شێخەل ئاگری تێبەردرا و سووتانی چوار هێکتار لە دارستان و ژینگەی نیشتمانی لێ کەوتەوە.

هەروەها، بەپێی ڕاپۆرتی گەییشتوو بە ماڵپەڕی ژینگەوان، لە شاری مەریوان پشتەوەی پارکی کۆڵان ئاگری تێبەردراوە و خەسار بە ژینگەی کوردستان گەییشتووە.

ڕێکەوتی 14ی پووشپەڕ، ڕۆژێکی ڕەش بوو بۆ ژینگەی کوردستان و لە درێژەی جینۆسایدی سەوزی ڕژیمدا، کێوی ئاویەر لە سنە گڕی تێبەردرایەوە.

هەروەها ۱٤٥مین حاڵەتی ئاگرکەوتنەوەکان لە شەهابادی کرماشان لە رێکەوتی ۱٤ی پووشپەڕ رووی دا و بەشێک لە ژینگەی نیشتمان بوو بە خۆڵەمێش و لەناوچوو.

هەر لەو پێوەندییەدا و لە هەمان ڕۆژدا، 147مین حاڵەتی ئاگرکەوتنەوەکانی کوردستان لە شاری مەریوان لە قەڵای ئیمام ڕووی دا.