ژینگه وان : به پێی لێکۆڵینەوەکان كه له سه‌ر بار‌و دۆخی گۆلی زرێبار ئەجام دراون، ده‌رکەوتووە کە رۆژ له دوای رۆژ ئاوی ئه‌م گۆله روو له كه‌مبوونه دەکات و ئه‌گه‌ری وشكبوونی یەکجاریی ئه‌م گۆله له چه‌ند ساڵی داهاتوودا چاوڕوان دەکرێ. بەهۆی کەمتەرخەمیی بەرپرسانی ژینگە و حکوومەت و هەروەها تێكه‌ڵبوونی زێراب و فازڵاوی هێندێك گه‌ڕكەکانی ده‌ورووبه‌ری شاری مه‌ریوان بەو گۆلاوه، ئەگەری وشکبوونی ئەو گۆلاوە بەردەوام بەهێزتر دەبێت بە شێوەیەک ساڵ لە دوای ساڵ ئەو گۆلە بچووکتر دەبێتەوە. ئەوە لە کاتێک دایە کە ساڵانە بە هەزاران گەشتیاری ئێرانی و بیانی روو لەو گۆلە و سەیرانگاکانی دەورووبەری دەکەن و سەرەڕای ئەوەیکە داهاتێکی بەرچاوی بۆ حکوومەت هەیە، بەڵام هەتا ئێستا لە بوونی خزمەتگوزاری بێبەرییە. وشكبوونی ئه‌م گۆله ده‌بێته هۆی تێكچوونی باری كه‌ش و هه‌وای ناوچه‌كه و هه‌روه‌ها كاریگه‌ری زۆر خراپی له سه‌ر ژیانی بوونه‌وه‌رانی ئه‌و ناوچه‌یه دەبیت و تەنانەت له باری ته‌ندرووستییه‌وه كاریگه‌ریی زۆر خراپی له سه‌ر دانیشتووانی ئەو دەڤەرە دەبێت. زرێبار یان زرێوار لە درێژایی جوگرافیایی ٤٦ دەرەجە و ٦ دەققە و پانایی جوگرافیایی ٣٥ دەرەجە و ٣١ دەقە و بەرزایی ١٢٥٠ مەتر لە ئاستی زەریـا ئازادەکان و لە پارێزگای سنەی کوردستانی رۆژهەڵات و لـە سێ کیلۆمێتریی رۆژئاوای شاری مەریواندا ھەڵکەوتووە. ئاڕاستەی ھەڵکەوتنەکەشی باشووری-باکوورییە. درێژایی ناونجیی زرێبار ٦/٥ کیلۆمەترە. پانتاییەکەی ١٥ کیلۆمەتری چوارگۆشەیە. زۆرترین قووڵاییەکەی ٦ مەترە. نزیکەی ٣٠ ملـیۆن مەتری شەش‌گۆشە ئـاوی تێدایە. ڕادەی ناونجیی بارینی ساڵانە لـە زرێباردا ٧٨٦ میلیمەترە. سەرچاوەی ئاوی زرێبار بریتییە لە کانییەکانی بنی زرێبار و بارین. لە بڕێک لە زستانە سەردەکاندا زرێبار بە تەواوی دەڕچێت. شوێنی کانییەکان نەختێک دره‌نگتر دەڕچن. به وته‌ی كارناسانی ژینگه پارێزی بینا کردنی به‌نداوی خاکی له به‌شی باشووریی گۆلی زرێبار، هاتنی به‌ڵخ (رسوبات) و لم و خیزی نێو ئاو و پاشه‌ڕۆی ئاژه‌ڵانی ٩ گوندی ئه‌و ناوچه‌یه بۆ نێو گۆلی زرێبار، له‌و کێشه‌گه‌له‌ن که ژینگه‌ی ئه‌و شاره، به‌تایبه‌ت گۆلی زرێبار ده‌خاته مه‌ترسییه‌وه.
ئه‌و کارناسانه ده‌ڵێن، چه‌ندین کێشه‌ی دیکه که به‌رۆکی گۆلی زرێباری گرتۆته‌وه ده‌توانین به ته‌فروتوونا بوونی دارستانه‌کانی ده‌وروبه‌ری زرێبار و هه‌ڵکه‌ندی چاڵ به مه‌به‌ستی جۆراوجۆر و راوی له‌راده به‌ده‌ر، پاپۆڕوانی، نه‌بوونی چاودێری و کونترۆڵی به‌رپرسان، نه‌بوونی ئاگایی له پرسه‌کانی ژینگه‌پارێزی له نێوان توێژه جۆراوجۆره‌کانی کۆمه‌ڵگا و به‌رپرسانی رێژیم و راوی له‌راده‌به‌ری باڵنده‌کان و ئاژه‌ڵه مه‌مکداره‌کان، ئاماژه بکه‌ین.
ناوبراو شاره‌وانی و باقی به‌رپرسانی رێژیم له شاری مه‌ریوان له ره‌وتی له‌نێوچوونی گۆلی زرێبار به به‌رپرسیار ده‌زانێت و ده‌ڵێت: له درێژه‌ی چه‌ند ساڵی رابردوودا ماڵیات له شوێنه پارێزراوه‌کانی گۆلی زرێبار وه‌رگیراوه، به‌ڵام ئه‌و ماڵیاته خه‌رجی خاوێن کردنه‌وه، پاراستن و … هتدی گۆلی زرێبار نه‌کراوه.