“کەمپەینی چوارشەممەسووری 95 نا بۆ تەرەقە و سووتاندنی تەگەر” راگەیاندنێکی بڵاو کردوە

0
998

بەپێی هەواڵی ماڵپەری ژینگەوان، “کەمپەینی چوارشەممەسووری 95 نا بۆ تەرەقە و سووتاندنی تەگەر” سەبارەت بە بەرێوە چوونی چوارشەممە سووری زیانەکانی سووتاندنی تەگەر و تەرقەکان بۆ خەڵکی کوردستان راگەیاندنێکی بڵاو کردوە.

ئەم راگەیەندراوە بەم چەشنەی خوارەوەیە:

ڕاگەیەندراوی “کەمپەینی چوارشەممەسووری 95 نا بۆ تەرەقە و سووتاندنی تەگەر”

هاووڵاتیانی بەڕێزی ناوچەی پیرانشار:

لەدوای زستانێکی سارد و سڕ و زاڵبوونی رووناکی بە سەر تاریکی و سەرکەوتنی وەرزی بەهار بە سەر بەستەڵەکدا، ئەوا دەچینە پێشوازی نەورۆزی کۆنی کوردەواری بە هەموو داب و نەریتە جوان و رازاوەکانیەوە.
هەر داب و نەریت و بۆنەیەکی نەورۆز هێمایەکە بۆ پێشوازی لە ژیانەوە و نوێ بوونەوە کە هەر دەم چرای ڕێگای کۆمەڵگا بوونە بەرەو ڕێڕەوی پاکی و کردەوەی شیاو و باش لە هەمبەر سروشت و مرۆڤەکان.
بەداخەوە لە ساڵانی ڕابردوودا بە هاتنە ئارای ئامراز و کەرەستە و نەریتی نەشیاوی نوێ، گۆڕانکاری زۆر لە شێوازی بەڕێوەچوونی ئەو بۆنە مێژووییانە هاتۆتە دی کە زۆربەیان لە دژایەتی ئاشکرا دان لەگەڵ ناوەرۆک و فەلسەفەی ئەو بۆنە و داب و نەریتە رەسەنانەدا. چاکردنی بۆمبی دەستی، کڕین و تەقاندنەوەی جۆرە جیاوازەکانی تەرەقە، سووتاندنی تەگەر، پێدادانی هێلکە بە خەڵك و ماشێنەکان و چەندین ئاکاری نالەباری تر لەو نەریتە نەشیاو و نامۆیانەن کە فەلسەفە و ناوەڕۆکی چوارشەممەسووریان خستۆتە پەراوێز کە ئاکامی زۆر دڵتەزێن و قەرەبوونەکراوەی لێ دەکەوێتەوە،لەوانە: گیان لە دەستدان و برینداربوونی خەڵک، ئاورگرتنی ماڵ و دووکان، پیسبوونی لە ڕادەبەدەری ژینگە و ناو شار و گوندەکان، بە فیڕۆچوونی بەرچاوی پارە وێڕای تێچووی خاوێن کردنەوەی شەقام و کۆڵانەکان و تیمار کردنی زام و برینی بریندارەکان….
هەر بۆیە بە مەبەستی بەربەرەکانی لەگەڵ ئەو نەریتە نالەبارانە و گەڕانەوە بۆ پاراستنی ڕەسەنایەتی بۆنەی مێژوویی چوارشەممەسووری، “کۆمەڵی ژینگەپارێزانی پیرانشار” بە هاوکاری و تێگڕا لەگەڵ کاناڵەکانی “پیرانشار ڕووداو” و “پیرانشار میدیا” و “دەنگی پیرانشار” کەمپەینێک لە ژێر ناوی ” چوارشەممەسووری 95 نا بۆ تەرەقە و سووتاندنی تەگەر”،ڕێک دەخات.
بنەمای کاری کەمپەین لەسەر هەوڵدان بۆ گۆڕینی نەریتە نەشیاوەکانە بۆ جێگرکردنی بەڕێوەچوونی بۆنەکان لە چوارچێوەی رەسەنی خۆیدا.
شێوازەکانی کاری کەمپەین:
-کەڵک وەرگرتن لە کاناڵەکانی تێلێگرامی:
ژینگەپارێزانی پیرانشار
پیرانشار ڕووداو
پیرانشار میدیا
دەنگی پیرانشار
بە مەبەستی گەیاندنی بەرنامەکانی کەمپەین، ئاڵوگۆڕی بیروڕا، بڵاوکردنەوەی وێنە، نووسراوە و دەنگی هاووڵاتیان.
-بڵاوکردنەوەی بانگەواز، نووسراوە و برۆشۆر لە ناو هاووڵاتیان بەتایبەت منداڵان و گەنجان بە مەبەستی فەرهەنگسازی.

دەستەی بەڕێوەبەرانی “کەمپەینی چوارشەممەسووری 95 نا بۆ تەرەقە و سووتاندنی تەگەر”
پیرانشار 1395/12/11