ڕەخساندنی هەلی کار یان لەنێوبردنی زرێبار

0
1515
نا بۆ تێكدانی زرێبار ، نه‌ به‌ تخریب زریبار
سەعید باغی
سەعید باغی

لە ماوەی یەک‌ دوو مانگی ڕابردوودا کە هەواڵی دروست‌کردنی پاڵاوگەی نەوت لە لایەن فەرمانداریی مەریوانەوە بڵاو کرایەوە، دواییش لە لایەن پارێزگاری سنەوە لە میدیا و ڕۆژنامەکاندا پشتڕاست کرایەوە کە گوایا بەرپرسان دوای ساڵانێکی دوورودرێژ بیری ڕەخساندنی هەلی کار بۆ خەڵکی مەریوان و ئەو ناوچە کەوتوون، پارێزگاری سنە لە قسەکانی خۆیدا کە سەرەتا لەسەر دروست‌کردنی پاڵاوگە لەگەڵ چەند ماڵپەری سەر بە ناوەندە پێوەندییدارەکانی حکوومەت باسی لەوە کرد کە ئەوان نەک هەر دەیان‌هەوێت کێشەی بێکاری لەو شارە چارەسەر بکەن بەڵکوو باسی کەمتر کردنەوەی هاتوچۆی تانکرەکانی هەرێمی کوردستانیان کرد، کە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا هۆکاری گیان‌لەدەستدانی دەیان هاووڵاتیی خەڵکی کوردستان بوون.

پرسیاری سەرەکی کە لێرەدا دێتە ئاراوە ئەوەیە کە بۆچی لە ماوەی ئەم سی و چەند ساڵەی حکوومەتدارییاندا هیچ هەوڵێک بۆ ڕەخساندنی هەلی کار لە مەریوان نەدراوە؟ ئەوەی ئاگاداری دۆخی هەنووکەیی مەریوان بێت بەتایبەت چالاکانی مەدەنیی شاری مەریوان و خەڵکی ئەو شارە لەوە تێگەیشتوون کە ئەم پیلانەی ڕژیم، پیلانێکە بۆ لەنێوبردنی گۆلی زرێبار و هیچی تر! کە ئەگەر وەهای دانین کە حکوومەت بیری لە لاوانی بێکاری مەریوان کردووەتەوە، بۆچی ڕاست لە پەنای گۆلی زرێبار؟!

زرێبارێک کە یەکێک لە گەورەترین گۆلاوی خۆڕسک و کانیاوی ئاوی شیرینە لە جیهاندا و سەرچاوەی ئاوەکەی کە لە هەڵقوڵینی کانیگەلێک لەژێر ئەم گۆلەدا دابین دەبێت و جگە لەوەی کە ئاوی هیچ ڕووبارێک لەم گۆلەدا پەنگ ناخوات و نامێنێتەوە بە پێچەوانەیشەوە ڕووبارێکیش لێیەوە سەرچاوە دەگرێت، کە لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا ڕۆژبەڕۆژ بەرەو وشک‌بوون چووە، تا دەڕوات لە ڕۆژەکانی کۆتایی خۆی نزیک دەبێتەوە، کە هۆکارە سەرەکییەکان دەگەڕێتەوە بۆ زێرئاوی شاری مەریوان و گوندەکانی دەوروبەری ئەم گۆلە کە دەڕژێنە ناو گۆلی زرێبار و هەروەها بەستنی بەنداوە لەسەر ئاوەکانی ناوچەی مەریوان کە سەرچاوەی کانییەکانی ژێر گۆلی مەریوانن، کە هەر هەموو ئەمانە لەلایەن ناوندەکانی حکومەتەوە بە تایبەت پاشەروو گوندەکانی دەرووبەری زرێبار بە فەرمی ئەنجام دراوە.

سەرەڕای ئەمانە بەکارهێنانی ئاوی زرێبار بۆ کشتوکاڵ کە ئاوی زۆریان پێویستە و سەرچاوەی ئاوی ئەم کشتوکاڵانە لە زرێبار دابین دەبێت، پاقژ نەکردنەوەی زەلی دەوروبەری زریبار کە ڕۆژبەڕۆژ زیاتر پەرەدەسێنێت، ئەمانە و دەیان بەڵای تر کە یەک لە دوای یەک ڕوو لە زرێبار دەکەن. ئەوەی ڕۆژێک لەگەڵ چالاکانی ژینگەپارێزیی کوردستان هاوکاری کردبێت، ڕۆژێک لە ئەنجومەنە ژینگەپارێزیەکاندا بەشدار بووبێت، لە دۆخی نالەباری زرێبار تێگەیشتووە و دەزانێت کە ئەو گۆلە لە یەکێک لە قۆناغە هەستیارەکانی خۆیدایە و هەر ئان و سات مەترسیی بە دەردی گۆلی ورمێ چوونی هەیە.

لە ڕاستیدا بەڕێوەچوونی دەیان سمینار و کۆڕ و کۆبوونەوە هەروەها بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی چەندین هەزار کەسیی “ڕۆژێکم بۆ زرێبار” لە لایەن ئەنجومەنی سەوزی چیاوە لەم دوو ساڵەی داوییدا وا دیارە تا ئێستا بەرپرسانی حکومەتی وەخەبەر نەهێناوەتەوە و ڕۆژبەڕۆژ ئەگەری دروست‌بوونی پاڵاوگەی نەوت لەو شوێنە زیاتر دەبێت کە ئەمە بە تەواوی ئێکۆسیستەمی ئەو ناوچەیە تێک‌دەدات؛ مەترسییەکی ئێجگار زۆر بەتایبەت بۆ پەلەوەرەکانی ئەو ناوچە کە ڕێژەیەکی کەمیشیان نییە دروست‌دەکات؛ جگە لەوەیش پاشماوەی ئەم پاڵاوگە ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی چەمێک کە بە چەمی گەورە (یان قزڵچە سوو) ناسراوە، بەرەو زرێبار دەگەڕێتەوە. لە دوای ئەوانەیش مەترسیی زیاتر بۆ دارستانەکانی ئەو ناوچە لە بەرنبەر ئاگرکەوتنەوەکاندا زیاتر دەکات.